خۆ شاسوار وتی: ئه‌وانه‌ جاسووسن!

Kurd24

تا ئەو شوێنەی دیاردەکانی ئەم ھەرێمە پەیوەندییان بە منەوەیە، بەندە ھیچ کەسێکم تیای رانەسپاردووە شۆڕش و خۆپیشاندان و راپەڕین و ئینقیلابم بۆ بکات، تا ئەگەر کردی و تووشھات، وەزیفە بێت لە سەرم شەڕە قۆچی بۆ بکەم و بەگژ ئەم و ئەودا بچمەوە بۆی. خۆم ئەو شتەی کە بە گرنگ و باشی دەزانم، دەیڵێم و دەیکەم و چاوەڕێی وتار و کەمپەین و خۆپیشاندان و رووخان و سوتانی کەس ناکەم.

من ئەسڵەن نەک ھەر لە ھەولێر، تەنانەت لە سلێمانیش کە لەگەڵ حیزبە فەرمانڕەواکەیدا تا سەر ئێسک ناکۆکم، دژ بە خۆپیشاندان و کەمپەین و ھەرا و ھۆسەی تەقەلوبی ئەم و ئەوم بۆ رووخاندنی نیزام و پێم وانییە بەو ناڕەزاییە مزەوەرانە، ھیچ شتێکی خراپی ئەم وڵاتە چاک بکرێتەوە، بەڵکو پێم وایە چاکێکیش ھەبێت خراپی ده‌كات!

گرفتی قەزاوات و دادگەریی لە وڵاتی ئێمە، بزربوونی تۆمەتبار و تاوانبارە. یان باشترە بڵێین: بزرکردنیان نەک خۆبەخۆ بزربوون. لێرە دیار نییە کێ جەریمەی کردووە و کێ قوربانییە! زۆربەی کات شوێنی جەریمەکە ھۆکاری ھەڵا و ڕای گشتی بووە نەک جۆری جەریمەکە! تۆ ئەگەر لە سلێمانی دادگا و دەزگا ئەمنی و حیزبییەکان بە ھەر تۆمەتێک ھەڵتواسن و موجازاتت بکەن، کەس لە سەرت بە جواب نایەت و ئەسڵەن بەر لەعنەتی عمومیشت دەخەن، بەڵام ھەمان شتت لە ھەولێر بەرامبەر بکرێت، دونیا خراپ دەکەن و بێ پرسوجۆ، دەتکەنە ناپلیۆنی زەمانە.

بە گشتی ئەوەی تا ئێستا روونە، تاوانێک یان لادانێک لە شوێنێک پێی دەبیتە تاوانبار و لە شوێنێکی تر دەتکاتە شۆڕشگێڕ. دەقیقەن دەمەوێت بڵێم، شێروان و ئەو تاقمەی کە گیراون، بە نیسبەت منەوە، نە پاڵەوانن و نە شۆڕشگێڕ و نە موفەکیری گەورە و دەگمەن، (ئەڵبەت بەشێک لە خەڵکی ئەوبەری چەم، لێیان بووە بە مارتین لۆسەر) و دەشیانەوێت تۆش ھەر وەک ئەوان لێیان بڕوانیت. ئەمە بۆ من قورسە و قۆڕیشە. بیرم دێت شێروان کۆمێنتی بۆ من نووسی و پێی وتم تۆ پاراستنیت، یەک حەفتە پاش کۆمێنتەکەی، شاسوار دەری کرد و وتی پاراستنە! لە دونیاشدا رقم لەم شەڕە سەگە ھەواڵگریی و لەحیمکردنی بە چالاکیی مەدەنی و رۆژنامەنووسییەوەیە.

ئەوەی بۆ من جێی رەخنە و ناڕەحەتییە، ئەوەیە کە لە سلێمانییەوە، دەستە و تاقمەکان بە ھەموو کەسێکی دەرەوەی خۆیان دەڵێن پاراستن و جاسووس و کۆیلە و خۆفرۆش، کەچی ناشبێت کەس خۆیان بەوشتانە بزانێت (تەنانەت ئەگەر واش بن) ھەر دەبێت ھەموویانت پێ شۆڕشگێڕ بێت. جا ئێستا گەر ئیستناد بکەینە سەر بەیاننامەکەی شاسوار و (شێروان بە پاراستن دابنێین)، چما کەی کێشەی منە دەزگایەکی ھەواڵگری سزای کادرێکی خۆی بدات؟ ئەدی بۆچی ھەڵاتان نەکرد کە شاسوار ئەوانی پێ جاسووس بوو؟! یانی بەس ئێوە بۆتان ھەیە بە خەڵک بڵێن جاسووس؟

بەھەرحاڵ، ھەر ئەوەندەی کە خۆم باوەڕم بە دیموکراسییە، تەنانەت تا ئەندازەی وەڕین و سەڕینیش، لەو گۆشەیەوە بەرگری لە ھەموو کەس دەکەم، بەڵام کە ئیدی ئەوەشی رەتدا و منیش نەزانم لەسەر چییە، بەخوا برا رەدووی ھەڵا و ھۆسەی کەس ناکەوم و لە خراپترین حاڵەتدا بێدەنگ دەبم. چما کە یەکێتییەکان جووتەیان لە من ئەدا، ئەم ئازادیخوازانە لە کوێ بوون؟!

بۆیە ھەرگیز لەگەڵ ئەو دیموکراسییەتە تەقەلوبییە شەرقییە نیم، کە ئاوس کراوە بە جنێودان و سوکایەتی و رووخان و سوتان و دنەدان و مەلەفدارکردن. تا ئەو شوێنەی بیستووشمە، بڕیار وایە ئەو بەڵگانە بخرێنەروو کە ئەو چەند کەسەیان لە سەر دەستگیرکراوە. بۆیە لە ئێستاوە خۆم ئیحراج ناکەم و ئەگەر بەڵگەکانیشم پێ لۆژیک بێت، رەبی بیست ساڵ حوکمیان دەدان و ھەڵا و گارەی دەستەوتاقمەکان بە توورێک وه‌رناگرم، به‌ جه‌هه‌نووم ئێوه‌ هه‌ر شۆڕشگێڕ و منیش خۆفرۆش. تا له‌ گۆشه‌یه‌كه‌وه‌ كورد بوون زه‌روور بێت، ئه‌و شۆڕشه‌ ته‌قه‌لوبییه‌ی كه‌سم ناوێت. سالم وته‌نی:

مه‌هی فارس زه‌بانم گوفت (سالم) شه‌رحی حاڵت گۆ

وتم جانا به‌ڵه‌د نیم ئیستڵاحی ئێوه‌، من كوردم!