دانەر عەبدولغەفار: ھیچ دەسەڵاتێك بۆی نییە رێنمایی دەسەڵاتی دادوەری بكات

"دەبێ ئەنجومەنی دادوەری ئەو كەسانە بداتە دادگا كە قسەی نێو دانیشتنی دادگایان بردە دەرەوە"
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر

پارێزەر و پسپۆرێكی یاسایی رایدەگەیەنێت "ھیچ دەسەڵاتێك بۆی نییە رێنمایی دەسەڵاتی دادوەری بكات و دەبێ ئەنجومەنی دادوەری ئەو كەسانە بداتە دادگا كە لەكاتی دادگاییكردنی 5 تۆمەتبار لە دادگای ھەولێر قسەی نێو دانیشتنی دادگایان بردە دەرەوە".

دانەر عەبدولغەفار، پارێزەر و پسپۆری یاسایی لەبارەی پەیامی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان و سەربەخۆبوونی دەسەڵاتی دادوەری رایگەیاند: "پەیامی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، پەیامێكی بێ لایەنانەیە، بۆ ھەموو ئەوانەی قسەیان لەسەر ئەو بابەتە كردووە، كە دەستوەردان لە بڕیاری دادگاكانی ھەرێمی كوردستان نەكەن، چونكە تایاسا سەروەر نەبێت ناتوانین ئەم وڵاتە بخەینە سەرپێ، ھەرچی بكرێت ئەگەر لە چوارچێوەی یاسادا نەبێت، بێگومان سەرناگرێت".

گوتیشی: "دۆسیەی سزادانی چەند تۆمەتبارێك لە دادگای ھەولێر، ھێندە ناشیرین كراوە مرۆڤ شەرم دەكات قسەی لەسەر بكات، خەڵك بەبێ بەڵگە و بە ناشارەزایی قسە بە دادگا و دادوەرەكان دەڵێن، ھیچ دەسەڵاتێك بۆی نییە رێنمایی و پێشنیار بۆ دەسەڵاتی دادوەری بكات تەنھا خۆی نەبێت، چونكە تاكە دەسەڵاتە ھیچ چادوێرییەكی لەسەر نییە و دەسەڵاتی بەسەر ھەموو كەس و دامەزراوەیەكەوە ھەیە".

ئاماژەی بەوەشدا: "ھەموو ئەو لێدوان و نووسیانەی لەبارەی ئەو دۆسیەوە لەلایەن خەڵكەوە دەكرێن، بەپێی یاسای سزادانی عێراقی دەچێتە چوارچێوەی تاوان بەرامبەر بە دەسەڵاتی دادوەری، چونكە ئەوە دەستوەردانە لە كاوروباری دەسەڵاتی دادوەری، جگە لەوەش دادگاییكردنی ئەو تۆمەتبارانە بەشێوەیەكی ئاشكرا بووە، چەندین پارێزەر و پەرلەمانتار و كەسوكاری ئەو تۆمەتبارانە ئامادەیی دانیشتنەكەی دادگا بوون، ھەندێك پەرلەمانتار و خەڵكی دیكەش كاتێك ھاتنە دەرەوە ھەرچی لە دانیشتنی دادگا گوتراوە ئاشكرایان كرد. بەگوێرەی ماددەی 236 لە یاسای سزادانی عێراق، ئەگەر كەسێك لە دادگایی كردنێك بەشداربوو، دوایی كۆیاییھاتنی دانیشتنی دادگا ئەو قسانەی كە كراون ئاشكرا بكات دەبێ سزا بدرێت، بۆیە ئەنجومەنی دادوەری دەبێ ھەموو ئەو كەسانە بداتە دادگا و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ بكرێت، لەو ماوەیەدا ھیچ نەما بە دادگا و دامەزراوەكانی ھەرێمی كوردستانی نەگوترێت، ئەو خەڵكە دەیانەوێت فەوزا دروست بكەن".

دانەر عەبدولغەفار، راشیگەیاند: "ئەوەی گرنگە ئەوەیە دادوەكان و ئەنجومەنی دادوەری لە ھەرێمی كوردستان خۆراگربن و نەكەونە ژێر كاریگەری ھیچ كەس و لایەنێك، ھەروەھا دامودەزگا ئەمنییەكان بەردەوام بن لە ئەركەكەیان كە پاراستنی ھەرێمی كوردستانە".

ئەوەشی خستەڕوو: "ھیچ پێشكەوتنێك بەبێ یاسا دروست نابێت، ھەموو پێشكەوتنێكی وڵات یەكسانە بە سەروەری یاسا، لە رۆژئاوا یاسا بووەتە جۆرێك لە ئەخلاق".

دوێنێ 19/2/2021 مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە تویتێكدا رایگەیاند: "داوا لە هەموو لایەك دەکەم کە رێز لە سیستەمی دادوەریی لە هەرێمی کوردستان بگرن بۆ ئەوەی بتوانێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ و بێ دەستوەردان کارەکانی ئەنجام بدات".