پێرفۆرمانسی ڤیدیۆیی ئەوە من بووم

نیگار حەسیب قەرەداخی ئازاری کورد دەکاتە شانۆ لە ڤییەنا
دیمەنێک لە شانۆییەکە
دیمەنێک لە شانۆییەکە

K24- هەولێر:

پڕۆژەی نوێی لابۆری شانۆی لالش لە ڤییەنا کە (بیرۆکە، کامێرا، مۆنتاج، نواندن، ئاواز و دەنگ) لەلایەن نیگار حەسیب قەرەداخییەوە ئەنجامدراوە. لەم پرۆژە نوێیەدا، نیگار حەسیب سەرقاڵی تێمای جەنگ و ئاوارەیی و ئەنفال و جینۆساید و تراومایە.

سەرچاوە و مۆتیڤی ئەم پڕۆژەیە، دەگەڕێتەوە بۆ هەموو ئەو سەختی و ناهەمواری و جەنگی بەردەوام و ئەنفال و  جینۆسایدی کورد و ئاوارەیی مرۆڤەکان، بەتایبەتی ئەزموونی هونەرمەند خۆی لە کۆڕەوی نەوەد و یەک، هەموو ئەم ترس و دڵەڕاوکێیە بوونەتە تراوما و شوێنەواری قوڵیان لە سەر جەستە و رۆحی هونەرمەند جێهێشتووە، بەم کارە هونەریە گوزارشت لە هەست و یادوەریی خۆی دەکات.

شانۆکار نیگار حەسیب، دوو ئەلەمێنتی بەکارهێناوە، لم و گڵ. هەروەها تەنها دوو پارچەی جەستەی، پێیەکان و دەستەکانی.

لم، سیمبۆلی بێ ژیانی و لەناوچوون، گڵ، وەکو سیمبۆلی ژیان و بەردەوامی و هەڵسانەوە. پێکانی هەڵدێن و رادەکەن، دەستەکانی هەوڵی سەقامگیریی و رەگ داگرتن دەدەن بە خاک و نیشتمان و ژیان دروستکردنەوە.

وەکو دەنگیش، لەم پڕۆژەیەدا، بە مەبەستەوە راستەوخۆ گەڕاوەتەوە بۆ نەغمەی کوردی و زمانی کوردی، تەنها سێ وشەی بەکارهێناوە، زەنگ و دەنگ و جەنگ، پاشان لورەی ئاگادارکردنەوە و بۆردوومان، کە گوێگر و بینەر رادەچڵەکێنێت و سیمبۆلی جەنگ و کوشتار و وێرانکردنن، پاشان هاوار و قیژەی مرۆڤەکان، بەڵام لە کۆتاییدا دەنگێکی پڕ لە هیوا و بەرەنگاریی زاڵ دەبێت بەسەر ئەم دوو دەنگەدا.

شایانی باسە، سەرجەم پڕۆژە ئۆنڵاینەکانی لابۆری شانۆی لالش، بەردەوام لە کەناڵی تەلەڤزیۆنی ئۆکتۆ لە ڤییەنا پەخش دەکرێن و جێی سەرنج و گرنگی پێدانی بینەرانە.