تۆپی پێی کوردستانیش ڤاکسینێکی پێویسته‌!!

یاری نیوان برایه‌تی و چه‌مچه‌ماڵ له‌ خولی نایابی كوردستان وه‌رزی 2020 ـ 2021
یاری نیوان برایه‌تی و چه‌مچه‌ماڵ له‌ خولی نایابی كوردستان وه‌رزی 2020 ـ 2021

نووسینی: ئاراس رواندزی

 تووندوتیژی جەماوەر و شەڕ و ئاژاوەگێڕی یاریگاکان، یەکێکە لەو ڤایرۆسە کوشندانەی کە گۆڕەپانەکانی تۆپی پێی کوردستانی تەنیوە و تا ئێستاش هیچ ڤاکسینێک بۆ چارەسەرکردن و کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنیەکانی نەخراوەتە روو.

رووداوەکانی هەفتەی رابردوو سەلماندی کە ناکرێ چیتر لە ئاست ئه‌و دیاردە ترسناکە بێدەنگی بنوێنرێت، چونکە تووندوتیژییەکان رۆژ بە رۆژ بەرەو هەڵکشان دەچن، بە ئەندازەیەک مەترسی لەسەر ژیانی تەواوی  کارەکتەرەکانی نێو کایەکەش دروست کردووە، هێرشکردنە سەر یاریزانان و ناوبژیوانان و میدیاکاران و شەڕی جەماوەری یانەکانیش، وەک دیمەنی دووبارەی فیلم و دراماکانی لێهاتووە و ساڵانە وێنە تراژیدیەکانی دووبارە دەبنه‌وه‌.

نایشارمەوە من لەو پرسەدا فیدراسیۆنەکەی کوردستان کە باڵاترین دەسەڵاتی تۆپی پێن، بە کەمتەرخەمتریرین لایەن دەزانم، چونکە لە ماوەکانی رابردوو هیچ  هەنگاوێکی کاریگەریان بۆ تیماری ئٔەو شێرپەنجە مەترسیدارە نەگرتە بەر، لە کاتێکدا بەهۆی دووبارەبوونەوەی کاری تووندووتیژی و ئاژاوەگێڕی، ساڵانە چەند هەفتەیەک خولەکان دەوەستان و ئێستاش بەهەمان بیانوو ستۆپ بە خولەکە کراوە.

لێرەدا بە پێویستی دەزانم بۆ بەرچاو روونی زیاتری بەرپرسانی وەرزشی، جارێکی دیکە بە چەند خاڵێک هۆکارەکانی سەرهەڵدانی تووندووتیژی و میکانیزمەکانی چارەسەری بخەمە روو.

1ـ پاشگەزبوونەوە لە بڕیاردان

 پێویستە فیدراسیۆنی تۆپی پێ لە بابەتی بڕیاردان رژد و تووند بێ، ناکرێ تۆ بڕیاری سزادانێک دەربکەیت و دوای ماوەیەکی کەم بە بڕیارێکی دیکە لێخۆشبوونی بۆ دەربکەیت، چونکە ئەم شێوازە کارکردنە متمانە ناهێڵێ و دەرفەت بۆ دووبارە بوونەوەی هەڵەو تووندووتیژی زیاتر دەخوڵقێنێ.

2ـ کاریگەری جوڵەی هەرزەکارانە

یانەکان و ئەندامانیان زۆر جار بوونەتە هۆکاری سەرهەڵدانی ئاژاوەگێڕی، بەهۆی ئەوەی لە شوێنی یەدەگەکانەوە جوڵەی هەرزەکارانەو نارەزایەتی زۆر دژی بڕیارەکانی ناوبژیوان ئەنجامدەدەن، ئەمەش بە شێوەیەک لە شێوەکان جەماوەر دەوروژێنێ و کاردانەوەی نەرێنی دروست دەکات کە هەندێک جار دەگاتە ئاستێک کە دۆخەکە لە کۆنتڕۆڵ دەربچێ، بۆیە دەبێ دەستەی کارگێڕی یانەکان لە خۆیانەوە دەستپێبکەن و هۆشداری و وشیاری بە سەرپەرشتیارو دەستەی هونەری و یاریزانەکانیان بدەن، لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی کارێکی لەو چەشنەش، پێویستە سزای کارگێڕی و دارایی بەسەر کەسی سەرپێچیکار بسەپێنن.

3ـ  لاوازی ئاستی رۆشنبیری یاریزانەکان

 شتێکی نکۆڵی لێنەکراوە کە نیوەی یاریزانانی کورد ئاستی رۆشنبیری وەرزشیان لاوازە و لە رووی زانینی یاساکانی تۆپی پێشەوە تا ئەندازەیەک هەگبەیان خاڵیە، بۆیە لە کاتی لێدانی هەر فیکەیەکی داوەر، زۆرترین نارەزایەتی دەردەبڕن و بەشێکیشیان جوڵەی هەرزەکارانە ئەنجامدەدەن، کەوایە پێویستە یانەکان و خودی یاریزانەکانیش لەمبارەوە ئاستی رۆشنبیری و زانستیان بەرز بکەنەوە.

 4ـ هەڵەی ناوبژیوانان و فشاری جەماوەر

هەندێ جار ناوبژیوان هەڵەیەکی زەق دەکات و کاریگەری بەسەر ئەنجامی یارییەکە جێدەهێڵێ، زۆر کاتیش بینیومانە بەهۆی هەڕەشەو فشاری زۆری جەماوەر، ناوبژیوان ناچار بە بڕیاری هەڵە کراوە، لە هەردوو باردا رەنگە بەریەککەوتنی جەماوەرو هێرش و پەلاماردانی لێبکەوێتەوە، کەوایە پێویستە ناوبژیوانانیش لە رێگەی خولی زیاترەوە ئاست و توانستیان بەرزتر بکرێتەوە، تا لە کاتی بوونی هەر چەشنە فشارێکیش بوێرو ناچار بە هەڵە نەبن.

5ـ نەبوونی پۆلیسی مەدەنی تایبەت بە یاریگاکان

ئاشکرایە ژمارەی ئامادەبوونی جەماوەر لە یاریگاکانی کوردستان بەو شێوەیە نیە کە نەتوانرێ لە کاتی پێویست کۆنتڕۆڵ بکرێن، بینیومانە لە یاریەکدا زیاتر لە پەنجا ئاسایش بوونی هەبووە، ژمارەی جەماوەریش لە چەند سەد کەسێک تێنەپەڕیوە، بەڵام لە کاتی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی نەیانتوانیوە بەشێوەیەکی دروست هەوڵی هێورکردنەوە بدەن، بگرە بە پێچەوانەوە بە هۆی ئەوەی تایبەتمەند نین و بۆ ئەو کارە رانەهێنراون، یەکەم بژاردەیان بۆ ئاساییکردنەوە، کلاشینکۆفەکانی سەر شانیان بووە کە بەهۆیەوە دۆخەکەیان پتر ئاڵۆزکردووە، بۆیە لێرەدا ئەوەندەی تایبەتمەندی و ئەقڵ و ئەزموون پێویستە، ئەوەندە ژمارە زۆری ئاسایش پێویست و گرنگ نیە.

6ـ خراپی و ناستانداردی یاریگاکان

 بەداخەوە یاریگاکانی کوردستان بە شێوەیەک بنیاتنراون کە جەماوەر بە ئاسانی دەتوانێ بێتە نێو گۆڕەپان و هەر کارێکی مەبەستی بێ ئەنجامیبدات، تەنها لە هەفتەی دوایی خولەکە لە سێ یاریگا هاندەران بە لێشاو رژانە نێو چیمەنی یاریگاو کاری تووندووتیژیان بەرامبەر (ناوبژیوان، یاریزان، میدیاکار) ئەنجامدا، بۆیە پێویستە لەمەودوا بە بڕیارێک یانەکان ناچار بکرێن کە بەربەست بۆ چواردەوری یاریگا دروست بکەن، جا تەلبەند یاخود هەر شتێکی دیکەی سەرسەمیانە بێ کە رێگری لە هاتنە ناوەوەی جەماوەر بۆ نێو یاریگا بکات، بە پێچەوانەوە لە کاتی هاتنە ناوەوەی هەر هاندەرێک، پێویستە فیدراسیۆنی تۆپی پێ یانەی خاوەن یاریگا سزا بدات.

7ـ رکابەری و ململانێی حزبی

 بەداخەوە لە هەرێمەکەماندا هیچ یانەیەک نییە سەر بە حزبەکانی ئەمبەر و ئەوبەر نەبێ، هۆکارەکانیش روونن و نامەوێ لێرەدا باسیان بکەم، ئینجا بەهۆی پەیوەندی ناتەندروست و رکابەری حزبەکانیش، بەشێک لە یارییەکان لە چوارچێوەی وەرزش دەردەچن، بۆیە دواجار دۆڕاو ناچارە بەشێواندنی دۆخەکە پاساوێک بۆ پەردەپۆشکردنی شکستەکەی بدۆزێتەوە، کەوایە گرنگ و پێویستە یانەکان ئەو بەرگ و ئەقڵە حزبیە بەلاوە بنێن و بە بیرو چاوێکی وەرزشیانە لە رکابەرییەکان بڕوانن.

8ـ شارچێتی و دروستکردنی رق

ئەوەی بەعس و هاوشێوەکانی بە دەیان ساڵ و پارەیەکی ئێجگار زۆرو جۆرەها پیلانگێڕی بۆیان نەکرا، مەخابن خەریکە کەمینەیەک لە ناو کایەی وەرزش نەزانانەو بێبەرامبەر خزمەت بەو ئامانجەی دوژمنان دەکەن، دروستکردنی رق و وروژاندنی هەستی شارچێتی و بەگژیەکدادانی شارەکان، شتێکی نامۆ و تازەی نێو وەرزشی کوردستانە، ناکرێ رێگە بدەین شارو شارۆچکەکان و لاوانمان بە هۆی تۆپی پێوە دژایەتی و رکابەری یەکتر بکەن، چونکە خودی کایەکە هۆکارێکە بۆ لێکنزیکبوونەوەو خۆشویستن و ئاشتی و پێکەوەیی، نەک پێچەوانەکەی، بۆیە پێویستە بەهەر شێوەیەک بێ، بەر بەو دیاردە مەترسیدارە بگرین و رێگە نەدەین زیاتر تەشەنە بکات، بۆ ئەو مەبەستەش گرنگە میدیاو تیپەکان و دەستەی هاندەرانی یانەکان، رۆڵی ئەرێنی و کاریگەر بۆ وشیارکردنەوەی جەماوەرو بنبڕکردنی ئەو دیاردە بێ ئەندازە مەترسیدارە، بگێڕن.

دیارە فاکتەرەکانی سەرهەڵدانی تووندووتیژی زۆر لەو خاڵانە زیاترن، لێ ئەوانەی کە لەسەرەوە ئاماژەم پێکردوون هەرە کاریگەرەکانن، لێرەدا ناکرێ بێ ویژدانی بنوێنین و تەنها بەرپرسانی تۆپی پێی هەرێم بە هۆکار بزانین، بە هەمان شێوە بۆ چارەسەریش ناکرێ رووی داواکارییەکان تەنها لە فیدراسیۆنی پەیوەندیدار بێ، چونکە هۆکارەکان فرە لایەنن، کەوایە هەنگاوەکانیش پێویستیان بە هەماهەنگی و کاری هەمەلایەنە هەیە. بۆیە بە پێویستی دەزانم بیرۆکەی سازدانی کۆنفرانس یا سیمینارێکی گەورە بخەمە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش و یەکیەتی تۆپی پێ کە تێیدا بانگهێشتی دەستەی کارگێڕی یانەکان و راهێنەران و میدیاکاران و دەستەی هاندەران و پسپۆڕانی وەرزشی بکرێت، تا وردترو زانستیانەتر پەنجە بخرێتە سەر برینەکان، ئینجا دوای دەستنیشانکردنی فاکتەرەکان و گەڵاڵەکردنی راسپاردەکان، بە هەوڵ و هاوکاری هەموو ئەو لایەنانەی سەرەوە، کار بۆ بنبڕکردنی هۆکارەکانی سەرهەڵدانی تووندووتیژی بکرێ، بۆ داهاتووش زۆر گرنگە ئەنجامدانی ئەو گردبوونەوەیە بکرێتە کلتوورێکی ساڵانە و لە رێگەیەوە گرفت و کێشەکانی وەرزش وخاڵەکانی چارەسەرکردنیان بخرێنە روو.

ئاراس ره‌واندوزی نووسه‌ری وه‌رزشی
ئاراس ره‌واندوزی نووسه‌ری وه‌رزشی