بەغدا ھێشتا ملی نەداوەتە بەر رێككەوتن

بەشێك لە سەركردەكانی عێراق داوای خەرجكردنی بودجەی كوردستان دەكەن
ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق
ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق

K24 - هه‌ولێر:

گفتوگۆی نێوان ھەولێر و بەغدا، لەسەر بودجە و شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان بەردەوامن، حكومەتی ھەرێمی كوردستان بەردەوام جەخت لە پابەندبوون رێككەوتنەكان بە گوێرەی یاسا و دەستوور دەكاتەوە، بۆ چارەسەكردنی تەواوی كێشەكان لەگەڵ حكومەتی عێراق. بەشێك لە سەركردە و بەرپرسانی شیعە داوا دەكەن كورد لە پڕۆژە بودجەی ساڵی (2021) بێبەش نەكرێت و لە پەرلەمان دەنگ لەسەر مافەكانی خەڵكی كوردستان بدرێت.

گفتوگۆکان بە ئاراستەیەکن، کە كێشەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا چارەسەر بكرێن و ھیچی دیكە گرفت بۆ بودجە و شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان دروست نەكرێت، حكومەتی ھەرێمی كوردستان بەردەوام ئامادەیە بە گوێرەی دەستوور و یاسا، كێشەكانی لەگەڵ حكومەتی عێراق چارەسەر بكات. سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی پێیوایە، ناكرێت مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان بێ مووچە بن، بەھۆی ململانێ سیاسییەکانەوە مووچەکانیان دوا بکەوێت.

عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی گوتی: "هه‌وڵ ده‌ده‌ین، ئه‌و كێشانه‌ی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا چاره‌سه‌ر بكه‌ین، ئاواته‌خوازین بابه‌تی بودجه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت، به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی كورد و گه‌لی عێراقی تێدا بێت".

بڕیار وایە پەرلەمانی عیراق بەم نزیکانە بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی (2021) كۆببێتەوە، کوردیش ھەموو ھەوڵێکی خستووەتەگڕ تا لەکاتی دەنگدان دەنگ لەسەر  پشکی ھەرێمی کوردستان بدرێت، بەشێک لەبەرپرسانی شیعەش داوا دەکەن پارێزگاری لەمافی ھەموو نەتەوەکان بکرێت.

گفتوگۆی ھەولێر و بەغدا چ لە ئاستی حکومەت بێت، یان لایەنەکان بەردەوامە، بەڵام نەگەشتوونەتە رێکكەوتنی کۆتایی، یەک دەنگی کوردیش لەم کات و ساتەدا رێگاخۆشکەرە بۆ ئەوەی  نوێنەرانی شیعە و سوننە لەکاتی دەنگدان لە پەرلەمان به‌بێ کورد دەنگ لەسەر پرۆژەیاسای بودجە نەدەن.

د.ی