پارێزەرانی كوردستان دەستوەردان لە كاروباری دادگاكان رەتدەكەنەوە
K24 - ههولێر:
پارێزەران و یاساناسان نیگەرانن لە هێرشکرنە سەر دادگا و ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان و رایانگهیاند، ئەو هێرشانە بۆ نەهێشتنی متمانەیە لە نێوان هاووڵاتیان و دادگاکان، کە ئەمەش مەترسییە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، پارێزەرانیش ئاماژهیان بهوه كرد، کەیسی ئەو سزادراوانه بەلاڕێدا دەبرێت، داواشیان كرد، دەست لە هێرشکردنە سەر دادگا و ئەنجومەنی دادوەری هەڵبگیرێت.
ماوەی چەند رۆژێکە ھێرشێکی میدیایی و سیاسی دەکرێتە سەر سیستەمی دادوەری و دادگاکانی کوردستان و دادوەرانی داواکاری گشتی، بۆ بێ نرخ نیشاندانی دادگاکان و بە ئامانجی چەواشەکردنی رای گشتی.
کەیسی ئەو سزادراوانه، کراوەتە کەرەستەیەکی میدیایی و بەلاڕێدا براوە، یاساناس و پارێزەران نیگەرانن و پێیانوایە بەردەوامبوونی ئەم ھێرشانە دەبێتە ھۆی بێنرخکردنی دادگاکان و نەمانی متمانەی ھاووڵاتیان بە دادگاکان، پارێزەرانيش داوا دەکەن ئەو ھێرشە میدیاییانە رابگیرێت.
لە کوردستان بەپێی یاسا، دەسەڵاتی دادوەری دەسەڵاتێکی سەربەخۆیە، ئەگەر تێبینییش لەسەر بڕیاری دادگایەک ھەبێت، پێویستە لە رێگەی تانەدان و رێکاری یاسایی بێت، نەک لە رێگەی پەلاماردانی دادگاکان لە راگەیاندنەکانەوە، بەشێک لەو ھەڵمەتە میدیایە، بە بانگەشەی ھەڵبژاردن دەزانرێت و بەشێکیشی چەند پارێزەرێکی ئەو کەیسە، بۆ مەرامی کەسی خۆیان بەکاری دەھێنن، ئەردەڵان ئەحمەد، سەرۆکی کۆنگرەی شەشەمی پارێزەرانیش گوتی: "بەکارھێنانی منداڵ بەمەبەستی بەلاڕێدا بردنە، دادگایکردنی تاوانبارانیش بە شێوەی روون و ئاشکرا و شەفاف بووە".
بەھۆی بەردەوامی ئەو ھێرشانەی دەکرێتە سەر ئەنجومەنی دادوەری، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان داوا لە ھەموو لایەک دەکات، رێز لە سیستەمی دادوەری بگرن، بۆ ئەوەی بتوانێت بە سەربەخۆیی و دوور لە دەستوەردان کارەکانی رایی بکات. ژمارەیەکی زۆر لە یاساناس و پارێزەرانی کوردستانیش لە راگەیاندراوێکدا، پەلاماردانی دادگاکانی ھەرێمی کوردستان و دەزگای دادوەرییان سەرکۆنە و شەرمەزار کردووە و دووپاتیان کردووەتەوە، کە ھەوڵێک ھەیە بۆ ئەوەی گومان لەسەر ھەموو دەزگا فەرمییەکانی کوردستان دروست بکەن.
د.ی