ئەمساڵ (93) پڕۆژە پێشکەشی دەستەی وەبەرھێنان کراون

حكومەت دەیەوێت گرنگی بە پڕۆژە كشتوكاڵی و پیشەسازییەكان بدات
گرنگی به‌ كه‌رتی پیشه‌سازی و كشتوكاڵ ده‌درێت
گرنگی به‌ كه‌رتی پیشه‌سازی و كشتوكاڵ ده‌درێت

K24 - هه‌ولێر:

ئەمساڵ (93) پڕۆژە لە بواری جیاجیا پێشکەشی دەستەی وەبەرھێنان کراوە، (88) پڕۆژەیان پەسەند کراوە و ئێستا مامەڵە دەکەن بۆ ئەوەی مۆڵەتیان پێ بدرێت و دەست بە جێبەجێکردنیان بکرێت.

د.محه‌مه‌د شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان رایگه‌یاند، ئەو پڕۆژانەی وەبەرھێنەران پێشکەشیان کردوون، لە چەندین كه‌رتی جیاوازن و پەسەندیش کراون بۆ ئەوەی بچنە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام زیاتر گرنگی بەكه‌رتی پیشەسازی و کشتوکاڵ دەدرێت.

لە رێگەی (88) پڕۆژەوە دەستەی وەبەرھێنان کار بۆ ئەوە دەکات، کەرتی کشتوکاڵی ناوخۆيی ببوژێنێتەوە و بەپێی بازاڕی بەروبووم، بەرھەمەکان بچێنرێن.

ئێستا دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، لیستێکیان لە بەرھەمی بازاڕ ئامادە کردووە، بۆ ئەو بەرھەمانەی کە خواستی زۆریان لەسەرە، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستانیش ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، (93) پڕۆژە پێشکەش بە دەستەکەیان کراوە و تا ئێستا (88) پڕۆژە رەزامەندی لەسەر دراوە، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمیش رەزامەندی لەسەر چەند پڕۆژەیەکی گرنگی پیشەسازی داوە، بەم نزیکانە دەست به‌جێبەجێکردنیان دەکرێت.

حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری داوە بەشی زۆر لەو پڕۆژانەی رەزامەندی لەسەر دەدرێت، لە كه‌رتی پیشەسازی و کشتوکاڵ بێت و پڕۆژەکانيش ھەمە چەشن بکرێت، تەنیا پڕۆژە لە ناو شارەکان نەبێت، پێویستە پڕۆژەکان بگوازرێنەوە بۆ ناوچە دوورە دەستەکانیش، د. محه‌مه‌د عه‌لی،  ئابووریناس، گوتی: "حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەنگاوی گرنگی ناوە بۆ بونیاتنانی ژێرخانی وەبەرھێنانی گەورە لە ھەرێمی کوردستان".

بەپێی ئەو بەدواداچوونەی دەستەی وەبەرھێنان بۆ بازاڕی کڕین و فرۆشتنی بەروبومی کردووە، (100) تا (150) بەرھەم دیاری کراون، کە بەرھەمھێنانیان لە ناوخۆدا زۆر لاوازە و ھاوردەییەکی زۆر لە ھەندێک بەرھەمدا ھەیە، ئەو پڕۆژانەی پەسەندکراون، تا ئێستا بە سەرمایەى (300) ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێن.

(20) پڕۆژە لە بواری بازرگانی بە سەرمایەی (236) ملیۆن و (156) ھەزار و (531) دۆلار، (14) پڕۆژەش لە بواری پیشەسازی بە سەرمایەی (271) ملیۆن و (846) ھەزار و (467) دۆلار، (8) پڕۆژەش لە بواری کشتوکاڵ بە سەرمایەی (72) ملیۆن و (422) ھەزار و (450) دۆلار پەسەند کراون.

د.ی