دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمهران دادهخرێت
K24- ههولێر:
بەگوێرەی راگهیهندراوێك، کە لە پەیجی فەرمی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران بڵاوکراوەتەوە، سبەی یەکشەممە (21ی شوبات/ فێبرایهری 2021)، کاتژمێر 2:00ی دوای نیوەڕۆ، دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران لهلایهن ئێرانهوه بەڕووی گەشتیاریدا دادەخرێت و لهلایهنی بازرگانیشهوه بهڕێكاری تایبهت دهبێت.
لهو بارهیهوه سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، هەواڵەکەی بۆ کوردستان24 پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، لەڕێگەی پەیوەندییەکانمانەوە لەلایەن بەرپرسانی ئێرانهوه ئاگادارکراوینەتەوە، بۆ رێگریکردن لە ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو (زنجیره نوێیهكهی كۆرۆنا) دەروازەکە دادەخەن.
سەبارەت بەلایەنی گەشتیاری، گوتەبێژی دەروازەکە گوتی: "ئەو گەشتیارانەی هەرێمی کوردستان، كه ئێستا لە ئێرانن، دەتوانن بگەڕێنەوە، بە پێچەوانەشەوە گەشتیارانی ئێرانی، کە لە هەرێمی کوردستانن، دەتوانن بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.
دەقی راگهیهندراوهكهی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران:
ئاگاداری گشت هاووڵاتیان و گەشتیارانی خۆشەویست دەکەینەوە، کە لایەنی ئێرانی بە رێگای پەیوەندییەکانەوە، ئاگاداری ئێمەیان کردووەتهوه، کە حکومەتی ئێران بڕیاری داوە سبەی یەکشەممە، رێکەوتی (21ی شوباتی 2021)، کاتژمێر (2:00)ی پاش نیوەڕۆ، دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران لە رووی گەشتیارییەوە بۆ ماوەی (2) دوو هەفتە دادەخەن.
بە تەنیا هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، کە لە ئێرانن، دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان و هاوڵاتیانی ئێرانی کە لە هەرێمی کوردستانن، دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان لە ئێران.
راگەیاندن و پەیوەندییەکانی
کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران
H.B