تەقەكەرێك لە سلێمانی دەستگیركرا

لە شەقامێكی گشتی ناو شار تەقەی كردووە
تەقەكەرەكە و فیشەكەكانی
تەقەكەرەكە و فیشەكەكانی

K24 – سلێمانی

ھێزەكانی پۆلیس لە سلێمانی تەقەكەرێكیان دەستگیر كرد، كە لە شەقامی سالم تەقەی كردبوو.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاشكرای كرد: "لەچوارچێوەی ھەڵمەتە بەردەوامەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی کە بەسەرپەرشتی راستەوخۆی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بەڕێوەدەچێت، بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی تەقە دەکەن و ئارامیی و ھێمنیی شار دەشێوێنن و ترس و دڵەڕاوکێ لای ھاووڵاتییان دروستدەکەن، ھێزەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی - بنکەی پۆلیسی رزگاری تەقەكەرێكیان دەستگیركرد".

لە راگەیەندراوی پۆلیسی سلێمانی ئاماژە بەوەكراوە: "دوای ئەوەی رووداوێكی تەقەكردن لەشاری سلێمانی (شەقامی سالم - سەوەڵەکە) روویدا، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی رزگاری دەستبەجێ‌ گەیشتنە شوێنی رووداوەكەو توانرا تەقەكەرەكە دەستگیربكرێت، ھەروەھا دەستیشگیرا بەسەر ئوتۆمبێلی تۆمەتباردا. پاش وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، لەلایەن ھێزەکانی پۆلیسەوە ماڵی تۆمەتبار پشکنراو توانرا دەستبگیرێت بەسەر پارچەیەک چەک و چەندین فیشەکدا. ئێستا تەقەکەرەکە بەبڕیاری دادوەر راگیراوەو لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە".