پێنج حاڵەتی کۆرۆنای نوێ لە هەرێمی کوردستان تۆمار کرا

K24- هەولێر:

د. ئاسۆ حەوێزی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بە کوردستان24ـی راگەیاند، پێنج حاڵەتی کۆرۆنای نوێ کە پێشتر گومان لەسەریان هەبوو، تۆمار کراون.

راشیگەیاند، چەند حاڵەتێکی دیکە گومانیان لەسەرە، هێشتا دڵنیا نین لەوەی کۆرۆنای نوێ بن، بەڵام پشکنینی پێویستیان بۆ دەکرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، تەندروستی تووشبووان باش و جێگیرە.

پێشتر وەزارەتی تەندروستی ئاشکرایکردبوو، پێنج حاڵەت کە گومانیان لێدەکرا کۆرۆنای نوێ بن، تۆمار کراون، دوای پشکنین، ئەمڕۆ دەرکەوت، پێنج حاڵەتەکە لە نەوەی نوێی کۆرۆنان کە ئێستا لە ئەمەریکا و چەند وڵاتێکی ئەوروپا و بەرازیل بڵاوبووەتەوە.

هەروەها وەزارەتی تەندروستی عێراقیش، تۆمارکردنی حاڵەتی کۆرۆنای نوێی راگەیاندووە.

بەگوێرەی توێژینەوەکان، نەوەی نوێی کۆرۆنا، زووتر بڵاودەبێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەوە پشتڕاستنەکراوەتەوە کە کاریگەری ئەم ڤایرۆسە نوێیە زیاتر بێت.