لە ئاكرێ 14 قوتابی و مامۆستا تووشی كۆرۆنا بوون
K24 – ئاكرێ
لە ماوەی دوو ھەفتەدا 14 قوتابی و مامۆستا لە قەزای ئاكرێ تووشی كۆرۆنا بوونە و قوتابخانەیەكیش لە سنووری پەروەردەی ئاكرێ داخرا.
سەباح زوھێر، وتەبێژی تەندروستی ئاكرێ بە كوردستان24ی راگەیاند: "لەسەرەتای كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان تائێستا 14 قوتابی و مامۆستا لە سنووری قەزای ئاكرێ تووشی كۆرۆنا بوونە، ھەموویان لە پێنج قوتابخانە بوون. لەو ژمارەیەش ھەشتیان لە یەك قوتابخانە بوون كە پێنج قوتابی و سێ دیكەشیان مامۆستان، دوای گفتوگۆمان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ئاكرێ بڕیاردرا قوتابخانەكە دابخرێت".
گوتیشی: "تیمەكانمان بەردەوامن لە چاودێری قوتابخانە و شوێنە گشتییەكان، ھاوكات پشكنین بۆ ئەو قوتابی و مامۆستایانە دەكرێت كە گومان ھەیە تووشی كۆرۆنا بووبن، تیمێكی دیكەشمان ھەیە بۆ ھۆشیاركردنەوەی قوتابیان و خۆپاراستن لە كۆرۆنا".
وتەبێژی تەندروستی ئاكرێ، راشیگەیاند: "پێش دەستپێكردنەوەی دەوامی قوتابخانەكان ژمارەی تووشبووان لە ئاكرێ زۆر كەمبوو، رۆژی وا ھەبوو ھیچ حاڵەتێك تۆمار نەدەكرا، بەڵام لەگەڵ كردنەوەی قوتابخانەكان رەوشەكە گۆڕا و ژمارەی تووشبووان ھەڵكشا".
جەختیكردەوە: "ئەگەر رەوشەكە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، چاوەڕوان دەكرێت چەند قوتابخانەیەكی دیكە دابخرێن".
ئەوە لە كاتێكدایە ئەمڕۆ 21/2/2021 وەزارەتی تەندروستی حكومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، كە پێنج حاڵەتی كۆرۆنای نوێ لە تۆمار كران و ژمارەیەكی دیكەش گومانیان لێدەكرێت.