لە رۆژی جیهانیی زمانی دایکدا مامۆستایەکی کچ دەبێتە هێمای خوێندنی زمانی کوردی
K24 - ههولێر:
زارا محەمەدی، مامۆستای خۆبەخشی زمانی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان، دوای ئەوەی لە لایەن دادگای سنە سزای زیندانی بەسەردا سەپا، لە رۆژی جیهانیی زمانی دایکدا کرایە هێمای خویندن بە زمانی کوردی.
زارا محەمەدی، ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگیی- کۆمەڵایەتیی "ڤەژین" و مامۆستای خۆبەخشی زمانی کوردی لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، له (14ی تهمموزی 2020)، لە لایەن دادگایەکی ئەم شارەوە، بە (10) ساڵ زیندانیکردن سزا درا، دواتر دادگای پێداچوونەوە سزاکەی بۆ (5) ساڵ دابەزاند.
هێزەکانی ئیدارەی هەواڵگریی سنە، له (23ی ئایاری 2019)، "زارا محمەدی"یان لە ماڵی خۆی دەستبەسەر کرد، دواتر بە دانانی بارمەتە بە شێوەیهكی کاتی ئازاد کرا.
زارا محهمەدی، ماوەی (10) ساڵە لە سنە و گوندەکانی دهوروبەری، خۆبەخشانە منداڵان فێری زمانی کوردی دەکات.
(21ی شوبات)، (٣ی رەشەمە)، کە رۆژی زمانی دایکە، وێنەی "زارا محەمەدی" کراوەتە کەڤەری وێنەی بە کاربەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. وەک لەم تۆڕانەدا دهردەکەوێت، زۆربهی بەکاربەرانی کوردی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بهبێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازی بیروڕا، وێنە و دروشمی داخوازیی ئازادکردنی "زارا محەمەدی"یان کردووەتە بەرگی ههژمارهکانیان.
زمانی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان، تەنیا لە ماوەی (11) مانگ لهژێر دەسەڵاتی "کۆماری دیموکراتی کوردستان"هوه له شاری مەهاباد رەوایی پێدراوە.
دوای رووخانی رژێمی پاشایەتیی و هاتنە سەر دەستەڵاتی کۆماری ئیسلامی، هەرچەند لە ماددەی (15)ی "دەستوور" (یاسای بنەڕەتیی) ئێران نووسراوە خوێندنی زمانی دایک لە خوێندنگە حکومییەکاندا لە پاڵ زمانی فارسی ئازادە، بەڵام تا ئێستا تەنیا لە زانکۆی سنە، بەشێک بۆ خوێندنی زمانی كوردی ههیه، بەڵام کچان و کوڕانی خۆبەخش، وەک مامۆستا لە زۆربەی شار و گوندەکانی کوردستان خەریکی فێرکردنی زمانی کوردین.
رۆژهەڵاتی کوردستان، کە لە (5) پارێزگای (ئێلام، سنە، لورستان، کرماشان و ورمێ) پێکهاتووە، تا ئێستا ژماری دانیشتوانی بە فەرمی رانەگەیهندراوە، دەگوترێت کۆی کوردانی ئەم پارێزگایە و کوردانی دانیشتووی تاران و "خۆراسان"ی باکووری رۆژهەڵاتی ئیران، زیاتر لە (12) ملیۆن کەسن.
د.ی