پزیشکێک هۆشداری دەدات: ئەگەری تووشبوونی منداڵان بە کۆرۆنای گۆڕاو زۆر زیاترە

نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی ئامادەکاری بۆ کۆرۆنای گۆڕاو دەکات
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

بۆ ھەر حاڵەتێکی تووشبوونی کۆرۆنای گۆڕاو، لەنێو نەخوشخانەی منداڵانی شاری سلێمانی ئامادەکاری کراوە، بەهۆی ئەوەی ئەگەری تووشبوونی منداڵان بەو جۆرەی کۆرۆنا زیاترە.

ژمارەی قاوشەكان لە نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی زیادکراون و 91 قەرەوێڵە بە توانای دابینکردنی ئۆکسیجن و 17 ئامێری ھەناسەدانی دەستکرد ئامادەکراون، لەگەڵ ئەوەی بەشێکی تایبەتیش دیاریکراوە بۆ ئەو منداڵانەی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبن.

د. پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند "ئەگەر بەڕێژەی لەسەدا 20 بۆ 25 منداڵ تووشی کۆرۆناکەی دیکە بووبن، لە کۆی گشتیدا، ئەمەیان لەوانەیە رێژەکەی بەرزتر دەبێتەوە، لەوانەیە نیوەی تووشبووەکان (ـی کۆرۆنای گۆڕاو) منداڵ بن، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت ئەو کۆرۆنایە زۆر خێراتر بڵاوببێتەوە و لەنێو منداڵانیشدا زۆرتر دەرکەوێت، بۆیە ئێستا نەخۆشخانە لە حاڵەتی ئامادەباشیدایە".

لەگەڵ ئەوەی تەواوی رێکارە خۆپارێزییەکان لەو نەخۆشخانەی منداڵان گیراونەتەبەر، بەڵام پسپۆرانی کەرتی تەندروستی بەپێویستی دەزانن ھۆشیاری زیاتر لەبارەی رێکارەکانی خۆپارێزیی منداڵان بڵاوبکرێتەوە.

شاناز ئەحمەد، هاووڵاتییەکی شاری سلێمانی کە لە نەخۆشخانەی منداڵان، منداڵەکەی لەباوەش کردووە و قسە بۆ کوردستان24 دەکات، باس لەوە دەکات؛ بۆ خۆپارێزیی منداڵان، پێویستە (شوێنیان لە نەخۆشخانە) جیابکرێتەوە و رێنماییمان دەکەن دەمامک ببەستین، پێرێ هاتم بۆ ئەو نەخۆشخانەیە، حاڵەتێکی تێدابوو گوتیان کۆرۆنایە، بەشەکەی دیکەش کە دوو، سێ کەسی تێدا بوو هەر وەک منداڵەکەی من، منداڵی ئاسایی، بەڵام نەیانگوت بیانبەنە دەرەوە، واتا ئەوان تێکەڵیان کردووە".

بەگوێرەی لێکۆڵینەوە پزیشکییەکان: جۆری نوێی کۆرۆنا کاریگەری لەسەر منداڵان و گەنجانیش دەبێت. کۆرۆنای گۆڕاو لە عێراق تۆمارکراوە و ئەمڕۆش پێنج حاڵەتی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکران.

 بەگشتی رۆژانە رێژەی تووشبوون بە کۆرۆنا لە پارێزگاکانی عێراق زیاتر بەرزدەبێتەوە، ھەر ئەمەش وایکردووە نەخۆشخانەی منداڵان لە سلێمانی تەواوی ئامادەکارییەکان بۆ ئەگەری تۆمارکردنی ھەر حاڵەتێکی کۆرۆنای گۆڕاو بکەن.