وەزارەتی ناوخۆ دەرگای دامەزراندن دەکاتەوە

پێویستی بە 184 کەس هەیە وەک پۆلیسی پیادە
لۆگۆی وەزارەتی ناوخۆ
لۆگۆی وەزارەتی ناوخۆ

K24 - هەولێر

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرگای دامەزراندن بەڕووی 184 کەس لە رەگەزی نێر و مێ دەکاتەوە بۆ ئەوەی وەک پۆلیسی پیادە لەسەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گشتی و بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر کاربکەن.

لە پەیجی فەرمیی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ (یەکشەممە، 21ـی شوبات/فێبرایەرـی 2021) ئاگادارییەک بڵاوکراوەتەوە، تێیدا مەرجەکانی وەرگرتنی ئەو 184 کەسە ئاشکرا کراوە، کە دواتر ئەگەر مەرجەکانیان تێدابوو، تیروپشک بۆ ناوەکانیان دەکرێت.

بەپێی راگەیەندراوەکە 50 کەس لەوانەی وەردەگیرێن دەبێت دەرچووی ناوەندی بن، 50 کەسیش دەرچووی ئامادەیی، 25 کەس دەرچووی پەیمانگەی کۆمپیوتەر، 59 کەسیش ئەوانەی بەکالۆریۆسیان لە بایۆلۆجی، کیمیا، فیزیا، زانستی کۆمپیوتەر یان بەکالۆریۆس بەشێوەی گشتی هەیە.

لەنێو ئاگادارینامەکەی وەزارەتی ناوخۆ، مەرجی باڵا و تەمەن هەن؛ کە دەبێت ئەوەی لە رەگەزی نێرە باڵای لە 170 سانتیمەتر کەمتر نەبێت، ئەوەی لە رەگەزی مێیە لە 160 سانتیمەتر کەمتر نەبێت، هەروەها دەبێت تەمەنیان لە 18 ساڵ بچووکتر و 35 ساڵ گەورەتر نەبێت.

لێرەوە دەتوانن فڕۆمەکە پڕبکەنەوە:
فۆرمی دامەزراندن لە وەزارەتی ناوخۆ