ئایا مرۆڤ بە ''باشی'' یان ''خراپی'' لەدایک دەبێت؟

زانست و فەلسەفە چی لەسەر مۆراڵی مرۆڤ دەڵێن؟
سیمبولی باش و خراپ
سیمبولی باش و خراپ

K24- هەولێر:

پرسیاری ئەوەی ئایا مرۆڤ کاتێک لە دایکدەبێت، مرۆڤێکی ''باش'' یان ''خراپە''، یاخود فریشتەیە یان شەیتان، لەناو فەیلەسوفەکان مایەی مشتومڕی زۆربووە، ئەرستۆ دەڵێت، رەوشت و مۆراڵ، شتێکە مرۆڤ بە درێژایی ژیانی فێری دەبێت، هەروەها سیگمۆند فرۆید دەڵێت، مرۆڤ خاڵییە لە مۆرال کاتێک دێتە ژیان. تۆماس هۆبز و ژان ژاک روسۆ، دوو نەیارترین بۆچوونیان لەو بارەوە هەیە. هۆبز دەڵێت، مرۆڤ بە خراپی و تووندووتیژی دێتە ژیان، پێویستی بە کۆمەڵگە و یاسا هەیە تاوەکو جڵەوی بکات، دواتر روسۆ دێت و دەڵێت، مرۆڤ بە پاکی و باشی لە دایک دەبێت، ئەوەی دووچاری خراپە و تووندووتیژی دەکات، ژینگە و کۆمەڵگەیە.

زانست و دەرووناسی سەردەمیانەش کاری لەسەر ئەم پرسە کردووە. تاقیکردنەوەیەک لەسەر منداڵان کراوە و ئەنجامەکەی هەندێک زانیاریمان لەسەر سرووشتی مرۆڤ پێدەڵێت.

چەند منداڵێک هێنراون کە تەمەنیان لە خوار یەک ساڵەوەیە، چەند بوکەڵەیەکیان نیشانداون کە هەریەکەیان رەنگێکی جیاوازیان هەبووە. سوورەکە دەیەوێت بەسەر گردێک سەر بکەوێت، بەڵام شینەکە کە وەک خراپەکار دانراوە، ناهێڵێت و پاڵی پێوەدەنێت بۆ خوارەوە. زەردەکەش، هاوکاری سوورەکە دەکات تاوەکو بەسەر گردەکە سەربکەوێت و دژی شینەکە دەوەستێتەوە. دواتر منداڵەکان سەرپشک کران دەیانەوێت کام بووکەڵەیە هەڵبژێرن، هەموویان، زەردەکەیان هەڵبژارد کە کەسێکی خۆنەویست و باشە.

دواتر گریمانەی ئەوەکرا، رەنگە منداڵەکان لەبەر رەنگ و چۆنیەتی کارەکە، زەردەکەیان هەڵبژاردبێت. ئەمجارە رۆڵ و رەنگەکەیان گۆڕی، بەڵام منداڵەکان هەر ئەو بوکەڵەیان هەڵبژارد کە باش و خۆنەویست بوو.

زانکۆی هارڤاردیش، توێژینەوەیەکی کردووە و تێیدا منداڵانی تەمەن شەش مانگ، بەبێ ئەوەی بزانن چاودێریان دەکرێت، لە ژوورێک دانراون، دەرکەوتووە منداڵەکان لەگەڵ یەک باشن و خۆنەویستانە هاوکاری یەکتر دەکەن.

لەگەڵ ئەمەش، توێژینەوە نوێیەکان دەڵێن، دەکرێت مرۆڤ لەگەڵ لە دایکبوونی، هەڵگری هەندێک سیفەت و کەسایەتیی بۆ ماوەیی بێت کە پەیوەندی بە جینەکانیەوە هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەمە بە تەواوی نەسەلمێنراوە.

ئەوەی تاوەکو ئێستا روونە ئەوەیە، ژینگە و کۆمەڵگە و پەروەردە کاریگەری گەورەیان لەسەر کەسایەتیی مرۆڤ هەیە، بەوەی کەسێکی باش بێت یان نا، بەڵام دەشکرێت مرۆڤ بە هەندێک غەریزەی جیاواز لە دایکبێت، سرووشتی خۆی و هۆکارە بۆ ماوەییەکان، کاریگەری لەسەر کەسایەتیی دابنێن.

BBC