ترس له‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی پێكانه‌ ترسناكه‌كه‌ی كریستیانۆ هه‌یه‌

پێكانه‌كانی كریستیانۆ، هانده‌رانی دڵته‌نگ كرد

كریستیانۆ به‌ پێكان ماڵئاوایی له‌ دوایین یاریی ئه‌م وه‌رزه‌ی لالیگا كرد، مه‌ترسی ئه‌وه‌شی لێ ده‌كرێت له‌ چامپیۆنز لیگیش بێبه‌ش بێت.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یانه‌ی ریال مه‌درید به‌ 2 گۆڵی خاوینی كریستیانۆ له‌ دیپۆرتیڤۆی برده‌وه، به‌ڵام ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ هیچی له‌ بارودۆخی یانه‌كه‌ نه‌گۆڕی، به‌ڵكوو خه‌مه‌كانیشی زیاد كرد، چونكه‌ كریستیانۆ له‌م یارییه‌ به‌هۆی پێكانه‌وه‌ یاریگه‌ی جێهێشت له‌و لاشه‌وه‌ یانه‌ ركابه‌ره‌كه‌ی كه‌ بارسێلۆنا ئاهه‌نگی بردنه‌وه‌ی نازناوی لالیگای گێرا.

به‌پێی هه‌واڵی رۆژنامه‌ی ماركا، سبه‌ی پشكنینی پزیشكی بۆ كریستیانۆ ئه‌نجام ده‌درێت و بارودۆخی پێكانه‌كه‌ و ماوه‌ی دووركه‌وتنه‌وه‌ی دیاریی ده‌كرێت.

پیشتر پزیشكه‌كان هۆشداریان دابووه‌ كریستیانۆ جارێ نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ یاریگه‌كان، به‌ڵام ئه‌م یاریزانه‌ گوێی به‌م رێنماییانه‌ نه‌دا و له‌ به‌رانبه‌ر مانچێسته‌ر سیتی له‌ چامپیۆنز لیگ گه‌ڕایه‌وه‌، له‌ كاتێكدا پزیشكه‌كان رایانگه‌یاند بوو له‌ ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی پێكانه‌كه‌ی، ته‌ندروستی كریستیانۆ ده‌كه‌وێته‌وه‌ مه‌ترسی و ره‌نگه‌ له‌ یۆرۆی 2016ـی فره‌نساش بێبه‌ش بێت.