سێ بڕیار لە لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا

گوتەبێژی حکومەت بڕیارەکانی ئاشکرا کرد
جوتیار عادل، گوتەبێژی حکومەت
جوتیار عادل، گوتەبێژی حکومەت

K24 - هەولێر

لەدوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، گوتەبێژی حکومەت لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا بڕیارە نوێیەکانی لیژنەکەی راگەیاند.

د. جوتیار عادل، گوتەبێژی حکومەت رایگەیاند "دوای هەڵسەنگاندنی دۆخی کۆرۆنا و خوێندن، بڕیاردرا خوێندن لە هەموو قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگەکان وەکو خۆی بەردەوام بێت، بە رەچاوکردنی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی و تووندکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی بۆ پاراستنی قوتابی و مامۆستایان".

سەبارەت بە مانگی ئادار کە جگە لە جەژنی نەورۆز، یادەکانی راپەڕین لەو مانگەدان، گوتەبێژی حکومەت رایگەیاند "یادەکانی مانگی ئادار، بەرزڕادەگیرین، بەڵام بەبێ گردبوونەوەی جەماوەری و، داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین پابەندی ئەو رێنماییانە ببن".

لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بەگوتەی گوتەبێژی حکومەت "ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگاکانمان راسپارد بۆ ئەوەی چاودێریی رێکارەکان بکەن، هەروەها دەسەڵات درا بە ژووری پارێزگاکان بۆ ئەوەی چاودێری بکەن کە ئەو بازگانەی لەنێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی تری عێراق رێکبخرێنەوە، تا بتوانرێت کەمبکرێتەوە و تەنیا رێگە بە شاندی حکومی و دیپلۆماسی بدرێت هاتووچۆ لەنێوان عێراق و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بکەن، چونکە دۆخەکە وادەخوازێت رێکارەکان تووندبکرێن".

گوتەبێژی حکومەت سەبارەت بە دابەشکردنی مووچە، رایگەیاند "25ـی مانگ بە جێبەجێکردنی رێکارەکانی تەندروستیی، مووچە دابەش دەکرێت".

ئەو کۆبوونەوەیەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لەکاتێکدا بوو ژمارەی تووشبوون بە کۆرۆنا لە عێراق لە بەرزبوونەوەیە، هەروەها لە هەرێمی کوردستان چەند حاڵەتێکی تووشبوون بە کۆرۆنای گۆڕاو تۆمارکراون.