ئەو مامۆستایەی لەلایەن قوتابییەکەی بە چەقۆ لێیدرا: قوتابییەکە ئامادەکاری بۆ تاوانەکە کردبوو

جەخت دەکاتەوە لەوەی وشەی "گیان"ـی بەکارهێناوە کاتێک قوتابییەکە پرسیاری ئەوەی کردووە ئایا دووردەخرێتەوە
قوتابییەکە لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەرکرا
قوتابییەکە لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەرکرا

K24 - هەولێر

قوتابییەکی تەمەن 17 ساڵ لە هەولێر، ئەمڕۆ بە چەقۆ هێرشی کردە سەر مامۆستاکەی و هەڵات، مامۆستاکەی نەشتەرگەریی بۆ کرا و دواتر لەڕێگەی کوردستان24 باسی چۆنییەتی روودانی ئەو رووداوەی کرد.

چەند كاتژمێرێك تێپەڕی بەسەر نەشتەرگەرییەكەی، کاتێک مامۆستا محەمەد لەدوای پیاسەیەک بۆ باشتربوونی دۆخی تەندروستیی باسی لەوە کرد، رووداوەکە زیاتر لە جەستەی، ئازاری دەروونی داوە. رووداوەکە دوای ئەوە روویداوە، کە مامۆستا محەمەد، دانبۆکس و مۆبایلی لەو قوتابییە گرتووە و پێی گوتووە دەبێت باوکت بێت بۆ پڕکردنەوەی بەڵێننامە، چونکە نابێت دانبۆکس بهێنرێتە قوتابخانە.

مامۆستا محەمەد جەلال، یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانەی ئامادەیی زۆزكی كوڕان لە هەولێر، ماوەی 11 ساڵە مامۆستایە و، ئەركی خۆی بەجێگەیاندووە. بەمشێوەیە چۆنییەتی رووداوەکە دەگێڕێتەوە: ئەگەر دەمەقاڵێیەک لەنێوانمان روویبدایە، ئەوکاتە دەمگوت ئەوە کار و کاردانەوە بووە، بەڵام هیچ دەمەقاڵێیەک رووینەدابوو، ئەو ئامادەکاری بۆ ئەو تاوانە کردبوو".

مامۆستاکە جەخت دەکاتەوە لەوەی وشەی "گیان"ـی بەکارهێناوە کاتێک قوتابییەکە پرسیاری ئەوەی کردووە ئایا دووردەخرێتەوە، دەڵێ گوتم "نەخێر گیان، تەنیا باوکت ئاگادار دەکەینەوە و بەیانی باوکت بهێنە، زۆر بە نەرمی قسەم لەگەڵ کرد و پێمگوت جارێکی دیکە شتی وەها مەهێنەوە قوتابخانە، چونکە تۆ قوتابی، دانبۆکس مەهێنەوە مەکتە. ئێمە بەڵێننامە لە باوکت وەردەگرین".

قوتابخانەی ئامادەیی زۆزكی كوڕان، ئەو شوێنەیە مامۆستاکە لە پشتەوە بە چەقۆی قوتابییەکەی بریندارکرا. یوسف خدر، بەڕێوەبەری قوتابخانەكە باسی گرنگی پەروەردەی خێزانی و ژینگەیی قوتابییان دەكات و دەڵێ "ئێمە مانگانە ئەركی گەڕان و پشكنین لەنێو قوتابییان ئەنجامدەدەین بۆ كەلوپەلی قەدەغەكراو"، هەروەها داوا دەکات وەزارەتی پەروەردە مافی مامۆستا بپارێزێت، بۆ ئەوەی حاڵەتی هاوشێوە دووبارە نەبێتەوە.

دوای رووداوەكە، پۆلیسی ھەولێر دەستی بە لێكۆڵینەوە كرد و قوتابیەكە كە تەمەنی خوار 18 ساڵە، دەستگیركرا و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ دەکرێتەوە.

ھۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە کوردستان24ـی رایگەیاند "مامۆستا وەکو پیاوی حکومەت وایە لە شوێنی کارکردنی و ئەگەر هێرشی بکرێتەسەر، بەڕاستی ئەوە جێگەی هەڵوێستە و رێوشوێنە یاساییەکان لەو رووەوە تووندوتۆڵن".

بەپێی رێنماییەكانی وەزارەتی پەروەردە: ھەڵگرتنی كەلوپەلی وەكو: چەقۆ، زنجیر، دامبۆكس، جگەرە، چەرخ، لەیزەر، ملوانكە و ئەنگوستیلە لەلایەن قوتابییانەوە قەدەغەكراوە و لە ھەمان كاتیشدا نابێت بێڕێزی بەرامبەر مامۆستایان و دەستەی كارگێڕی بکرێت.

 

هـ.ر.