دوای ئه‌وه‌ی په‌كه‌كه رفاندی.. ته‌رمی جوتیار موحسین راده‌ستی كه‌سوكاره‌كه‌ی كرایه‌وه
K24 – هه‌ولێر:
دایك و باوك و خزم و كه‌سوكاره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی گونده‌كه‌ی دوای زیاتر له ساڵێك بێسه‌روشوێنبوونی، ئه‌مشه‌و چاوه‌ڕێی گه‌یشتنه‌وه‌ی ته‌رمی ئه‌و رۆڵه‌یه‌یان ده‌كه‌ن، كه سه‌ره‌تای ساڵی رابردوو په‌كه‌كه رفاندی و سه‌ره‌نجام له چیای گاره شه‌هید بوو.
"جوتیار موحسین سیارێ"، له‌دایكبووی (1991)، دوای زیاتر له ساڵێك بێسه‌روشوێنبوونی، له‌گه‌ڵ ئه‌و كارمه‌نده ئه‌منیانه‌ی توركیا، كه دیل بوون له ده‌ستی پارتی كرێكارانی كوردستان له چیای گاره گیانی سپارد.
ئه‌و گه‌نجه، وه‌ك باوكی باسیكردووه، تا پۆلی سێیه‌می سه‌ره‌تایی خوێندووه و به هۆی سه‌ختی ژیان و خراپی ره‌وشی گوزه‌رانیان هه‌ر له ته‌مه‌نێكی زووه‌وه خه‌ریكی كاركردن بووه.
جوتیار، رۆژی (29ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایری 2020)، نه‌گه‌ڕایه‌وه بۆ ماڵ و دواتر ده‌ركه‌وت له لایه‌ن چه‌كدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان رفێندراوه.
گوندی "سیارێ" ده‌كه‌وێته سنووری ناحیه‌ی "چه‌مانكێ" و سه‌ر به قه‌زای ئامێدییه و ناوچه‌یه‌كی سنوورییه و به هۆی بوونی چه‌كدارانی په‌كه‌كه له ناوچه‌كه، ره‌وشی سه‌قامگیری و ئاسایشی ناوچه‌كه ناله‌باره.
پارتی كرێكارانی كوردستان، له سه‌ره‌تاوه تا (3) مانگ دوای ده‌ستگیركردنی، ره‌تیده‌كرده‌وه، ئاگاداری چاره‌نووسی "جوتیار" بن و دواتر له ژێر فشاری رایگشتیی و خه‌ڵكی ناوچه‌كه دانیان به‌وه‌دا نا "جوتیار" لای ئه‌وانه.
هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ی خۆجێی ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه كردووه، "جوتیار" له رێگه‌ی داوی "خۆشه‌ویستییه‌وه" خراوه‌ته بۆسه و چه‌كدارانی په‌كه‌كه رفاندوویانه، به‌و پێیه‌ی كچه چه‌كدارێكی په‌كه‌كه په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ درووست كردووه. به‌ڵام ئه‌م چیرۆكه سه‌ره‌ڕای بڵاوبوونه‌وه‌ی له چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی خۆجێیی و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، له سه‌رچاوه‌ی نزیك له رووداوه‌كه پشتڕاست نه‌كراوه‌ته‌وه.
به گوێره‌ی زانیاری سایتی "داركا مازی"، كه له‌سه‌ره‌تای رووداوه‌كه‌وه بایه‌خی به‌و دۆسیه‌یه داوه، چه‌كدارانی په‌كه‌كه، داوای خۆشه‌ویستیان بۆ رفاندنی گه‌نجانی ناوچه‌كه داناوه‌ته‌وه و ئێواره‌ی چوارشه‌ممه، (ئه‌و رۆژه‌ی جوتیار رفێندرا)، جوتیار و چه‌ند هاوڕێیه‌كی ویستوویانه بچنه نزیك گوندی "بێبادێ"ی دراوسێی گونده‌كه‌یان و له‌سه‌ر رێگه‌یان ده‌كه‌ونه بۆسه‌ی چه‌كدارانی په‌كه‌كه و دوای لێدان و ئه‌شكه‌نجه‌دانیان، "جوتیار" ده‌ڕفێنن.
په‌كه‌كه له رێگه‌ی كه‌ناڵه‌كانی خۆیه‌وه، دوای سێ مانگ له ده‌ستگیركردن و رفاندنی ئه‌و هاووڵاتییه كورده‌ی باشووری كوردستان، تۆمارێكی ڤیدیۆیی بڵاوكرده‌وه و رایگه‌یاند، "جوتیار" له رێی دانانی ئامێری "GPS"ه‌وه "سیخوڕی" بۆ سوپای توركیا كردووه.
په‌كه‌كه و میدیای ئه‌و حزبه تۆماری "دانپێدانان"ێكیان بڵاوكرده‌وه، كه تێیدا "جوتیار" به رووخسارێكی ماندوو و شه‌كه‌ت و ره‌نگ پڕوكاو ده‌ركه‌وت و باسی له "هاوكاریكردنی سوپای توركیا ده‌كرد".
دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و تۆماره ڤیدیۆییه، كه‌سوكار و خه‌ڵكی گونده‌كه‌ی و دانیشتوانی ناحیه‌ی چه‌مانكێ، رۆژی (4ی ئایار/ مایۆی 2020)، دوای (98) رۆژ له ده‌ستگیركردن و رفاندنی "جوتیار" خۆپیشاندانێكیان له "چه‌مانكێ" كرد و تێیدا داوایانكرد، په‌كه‌كه ئه‌و گه‌نجه ئازاد بكات.
"موحسین سیارێ" باوكی "جوتیار" رایگه‌یاند، "كوڕه‌كه‌ی تا پۆلی سێی سه‌ره‌تایی خوێندووه و خوێنده‌واری وه‌ك پێویست نییه، له كوێ ده‌توانێت به ئامێری پێشكه‌وتووی ئه‌لیكترۆنی سیخوڕی بۆ توركیا بكات".
به‌شێكی دیكه له‌و چالاكانه‌ی به‌شداریان له خۆپیشاندانه‌كه‌دا كردبوو، باسیان له‌وه ده‌كرد، سوپای توركیا له رێی فڕۆكه‌ی چاودێریی و ته‌كنۆلۆژیای سه‌ربازییه‌وه، ته‌واوی ناوچه‌كه‌یان خستووه‌ته ژێر چاودێرییه‌وه، چ پێویستییه‌كیان به هاووڵاتییه‌كی ناوچه‌كه هه‌یه تا هاوكاریان بكات.
بۆ جاری دووه‌م، رۆژی (13ی ئایار/ مایۆی 2020)، دایك و باوك و كه‌سوكاره‌كه‌ی "جوتیار" له گردبوونه‌وه‌یه‌كدا جارێكی دیكه داوایان كرد، په‌كه‌كه كوڕه‌كه‌یان ئازاد بكات و سه‌رجه‌م دانپێدانان و تۆمه‌ته‌كانی په‌كه‌كه‌یان ره‌تكرده‌وه و دووپاتیانكرده‌وه، كوڕه‌كه‌یان(جوتیار) بێ تاوانه.
له ماوه‌ی مانه‌وه‌ی له ژێر ده‌سه‌ڵاتی په‌كه‌كه، رێگه به كه‌سوكاری "جوتیار" نه‌درا سه‌ردانی كوڕه‌كه‌یان بكه‌ن و بیبینن.
پارتی كرێكارانی كوردستان، كه له ناوچه‌كانی سنووری قه‌ندیل و سێگۆشه‌ی سنوور و ناوچه شاخاوییه‌كانی سنووری پارێزگای دهۆك، كانتۆنێكی سیاسی راگه‌یاندووه و ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌سه‌ر گوندنشینه‌كاندا سه‌پاندووه، بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ دادگا و ده‌سته‌به‌ركردنی ساده‌ترین مافی مرۆڤ، ماوه‌ی ساڵێكه "جوتیار"ی له ئه‌شكه‌وت و زیندانه نهێنییه‌كانیدا حه‌شار داوه.
رۆژی (10ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2021)، سوپای توركیا له چوارچێوه‌ی ئۆپراسیۆنی "چنگی هه‌ڵۆ2" هێرشی كرده سه‌ر چیای گاره.
وه‌زیری به‌رگری توركیا، جه‌نه‌راڵ، "خلووسی ئاكار" رایگه‌یاند، له هێرشه‌كی سوپادا بۆ سه‌ر گاره (40) فڕۆكه‌ی سه‌ربازی و چاودێری به‌شداریان كردووه و هێلیكۆپته‌ره جه‌نگییه‌كانیش هێزی سه‌ربازیان له ئاسمانه‌وه دابه‌زاندووه بۆ سه‌ر ناوچه‌كه.
ئۆپراسیۆنه چڕه‌كه‌ی سوپای توركیا بۆ سه‌ر گاره، رۆژی (14ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2021)، راگیرا و سوپای توركیا له‌و خاڵانه‌ی هێزی دابه‌زاندبوو، پاشه‌كشه‌ی كرد و په‌كه‌كه له لایه‌ن خۆیه‌وه، ره‌تیكرده‌وه كۆنترۆڵی چیایه‌كه‌ی له‌ده‌ستدابێت.
دوای چوار رۆژ له شه‌ڕ و پێكدادانی نێوان هه‌ردوولا، رووداوی كوژرانی ئه‌و (13)دیله هاته به‌رباس، كه له ئه‌شكه‌وتێكی چیاكه‌دا زیندانیكرابوون.
توركیا، لای خۆیه‌وه مكوڕه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌ر له بۆردومانكردنی ئه‌شكه‌وته‌كه، چه‌كدارانی په‌كه‌كه دیله‌كانیان گوله‌باران كردووه و به گوێره‌ی راپۆرته سه‌ربازییه‌كانی توركیا، ئه‌و دیلانه شوێنه‌واری فیشه‌ك به جه‌سته‌یانه‌وه‌یه. له به‌رامبه‌ردا په‌كه‌كه ره‌تیده‌كاته‌وه دیله‌كانی گوله‌باران كردبێت و جه‌خت ده‌كاته‌وه، سه‌رجه‌م دیله‌كان له ئاكامی بۆردومانی فڕۆكه‌كانی توركیا كوژراوون.
دوای ئه‌وه‌ی ته‌رمی كوژراوه‌كان گواسترایه‌وه توركیا، ده‌ركه‌وت یه‌كێك له ته‌رمه‌كان، ته‌رمی "جوتیار موحسین سیارێ"یه، كه زیاتر له ساڵێكه له ده‌ستی په‌كه‌كه‌دایه و له‌و ئه‌شكه‌وته‌دا زیندان بووه، كه دیله توركه‌كانی تێدا بووه.
دره‌نگانێكی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ (22ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2021)، ته‌رمی "جوتیار" له شارۆچكه‌ی "سێرت"ی باكووری كوردستانه‌وه به ده‌روازه‌ی "ئیبراهیم خه‌لیل"دا گه‌ڕێندرایه‌وه هه‌رێمی كوردستان و له لایه‌ن كه‌سوكار و خزمانییه‌وه ته‌رمه‌كه وه‌رگیرایه‌وه و به‌ره‌و زێدی خۆی، كه گوندی "سیارێ"ی سه‌ر به ناحیه‌ی "چه‌مانكێ"یه ره‌وانه كرا.