ئه‌مه‌ریكا: له‌كاتی گونجاو تۆڵه‌ی هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كان له‌ ئێران ده‌كه‌ینه‌وه‌

ئه‌مه‌ریكا په‌نجه‌ی تۆمه‌تی په‌لاماره‌ مووشه‌كییه‌كان بۆ تاران درێژ ده‌كات
باڵه‌خانه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا
باڵه‌خانه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا

K24- هه‌ولێر:

نێد پرایس، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، ئێران به‌رپرسیاره‌ له‌ هێرش و په‌لاماره‌ مووشه‌كییه‌كانی عێراق و گوتیشی: "له‌كاتی گونجاو وه‌ڵاممان بۆ ئه‌و هێرشه‌ مووشه‌كییانه‌ی ئێران ده‌بێت".

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا جه‌ختیشی كرده‌وه‌، زۆربه‌ی ئه‌و هێرشانه‌ی له‌ عێراق ده‌كرێن، به‌ چه‌كی ئێرانی و به‌ پاڵپشتی تاران ئه‌نجام ده‌درێن.

داواشی له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران كرد، پابه‌ندی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی بێت.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، هه‌ر ئه‌مڕۆ جین ساکی، وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند: ئێران لە پابەندییەکانی بە رێککەوتنی ئەتۆمییەوە زۆر دوورکەوتووەتەوە و واشنتن هیچ هەنکاوێك بە ئاراستەی جێبەجێکردنی داواکارییەکانی تاران نانێت.

ئه‌م گوتانه‌ی ساكی لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دوایین لێداونی رێبەری ئێران هاتوون، کە گوتبووی: ئەگەر پێویست بکات بەرهەمهێنانی یۆرانیۆم بۆ لەسەدا 60 زیاد دەکەن.

ساكی دووپاتیكرده‌وه‌، "ئەو راگەێندراوە لەلایەن ئەوروپیەکانەوە بڵاوکرایەوە و ئێمەیان بانگهێشت کرد، بۆ ئەوەی داوا لە ئێرانیەکان بکەین بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ".

گوتیشی: "ئێمە هیچ ئاماژەیەکمان نەناردووە و هەنگاوی زیاتریش بەو ئاراستەیە نانێین. ئەوەشی وەزیری دەرەوە بلینکن گوتوویەتی ئەوەیە، کە دیپلۆماسی باشترین رێگەیە بۆ رێگریکردن لە ئێران لەوەی دەستی بگاتە ئەتۆم".

هه‌روه‌ها جه‌ختی كرده‌وه‌، "ئێران زۆر دوورە لە پابەندییەکانیەوە بە رێککەوتنەکە، ئەمە سەرۆك و وەزیری دەرەوە و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمه‌ریکاش گوتوویانە. ئەوەی ئێمە دەرگامان بۆی کراوەیە دیپلۆماسیە".

گوته‌بێژی كۆشكی سپی ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئێران ده‌ستبه‌رداری پابەندبوونەکانی بووه‌ و ئێمەش هیچ هەنگاوێك بە ئاراستەی جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان نانێین. ئێستا لە قۆناغێکداین، ئەوروپیەکان چاوەڕێی وەڵامی ئەو بانگهێشتنامەیەن، كه‌ ئاراستەی ئێرانیان کردووە، بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ".

H.B