150 راوێژكاری سەربازی ھۆڵەندا لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر ئەركیان پێدەسپێردرێت

"ھاوكاریی و ھەماھەنگی باشمان لەگەڵ پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەكان ھەیە"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

150 راوێژکاری سەربازی هۆڵەندا بۆ پاراستنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر گەیشتوونەتە فڕۆکەخانەكە سەرۆکی تیمی راوێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە هاوکاری و هەماهەنگ لەگەڵ هێزی پێشمەرگە، بنکەی سەربازیی هاوپەیمانان دەپارێزن.

میشێل رێنتینار، باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق تایبەت بە کوردستان24 گوتی: "جیا لە بواری سەربازی، لە رووی گەشەپێدانی ئابووریی و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری کوردستانیشەوە پلان و هەماهەنگی باشمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە".

وۆرنەر براوەر، بەرپرسی هەماهەنگی هێزەکان هۆڵەندا لە هەولێر، بە كوردستان24ی راگەیاند: "سێ ھەفتە لەمەوبەر ھاتینە ھەولێر، لە فڕۆكەخانە بەرپرسیاریەتی پاراستنی بنكە سەربازییەكانمان پێدراوە، لەگەڵ پێشمەرگە و ئاسایش و ھێزە ئەمنییەكانی دیكە، ھاوكاریی و ھەماھەنگی باشمان ھەیە، ھەرێمی كوردستان شوێنێكی ئارام و سەقامگیرە، بەڵام ئێمە ئامادەكاریمان بۆ ھەموو ئەگەرێك كردووە".

150 راوێژکارەکەی هۆڵەندا چەند رۆژێکە گەیشتوونەتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و به‌سه‌ر چەند تیمێک دابه‌شبوونه‌، بە هاوکاری هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و نزیکەی 25 سەربازیشیان وەک تیمی هاوکاریی ئەرکدارکراون و هاوکاری لۆجستیكی پێشکەشی ئەو هێزانە دەکەنة کە ئەرکی بنکە سەربازییەکانیان لە ئەستۆیە.

باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق راوێژکارانی وڵاتەكەی لە فڕۆکەخانەی هەولێر بەسەر كردەوە و لەبارەی پاراستنی فڕۆکەخانە و هەماهەنگیان لەگەڵ هێزەکانی پیشمەرگە گفتوگۆی لەگەڵ كردن. ئاماژەی بەوەشدا "جیا لە ئەرکە سەربازیەکە لەرووی گەشەپێدانی ئابووریی و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری کوردستانەوە پلان و هەماهەنگی باشمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە".