پۆل بریمەر چەند هەڵەیەکی گەورەی ئەمەریکا لە عێراق ئاشکرا دەکات

پۆل بریمەر
پۆل بریمەر حاکمی پێشووی مەدەنی عێراق
پۆل بریمەر حاکمی پێشووی مەدەنی عێراق

K24- هەولێر:

پۆل بریمەر، حاکمی پێشووی مەدەنی ئەمەریکا لە عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کوردستان24، باس لە رەوشی ئێستای عێراق، هەڵەکانی ئەمەریکا بە کشانەوە و کێشەی کورد دەکات.

بۆچی ئەمەریکا جەنگی عێراقی کرد و چوار هەزار سەربازی کوژرا، بەڵام ئێستا ئێران هەژموونی زیاترە؟

ئەمەریکا بە شێوەیەکی ناتەواو عێراقی بەجێهێشت، بۆشاییەکی ئەمنی دروستبوو. کاتێک 2011 بە تەواوی کشانەوە، لەسەر فەرمانی سەرۆک ئۆباما، هەڵەیەکی گەورە ئەنجامدرا و دەرگا بۆ ئێرانییەکان کرایەوە کۆنتڕۆڵی عێراق بکەن. سەرۆک ئۆباما دواتر زانی بڕیارەکەی هەڵەبووە، بەڵام زۆر درەنگ بوو.

پێتان وایە ئەمەریکا لە ئێستادا کار بۆ نەهێشتنی هەژموونی ئێران لە عێراق بکات؟

پرسیارەکە ئەوەیە ئایا سەرۆک بایدن پلانی چی دەبێت. من نازانم سیاسەتی بایدن بۆ عێراق چۆن دەبێت، بەڵام دەبێت سزاکانی سەر ئێران بەردەوام بێت چونکە بووەتە هۆی ناسەقامگیریی ناوچەکە.

پێیتان وایە جۆ بایدن دەبێت چی بکات؟

دەبێت بایدن زوو بکەوێتە خۆی و زوو دەستی ئێران بخوێنێتەوە. دەبێت ئەوروپاش بۆ سزادانی ئێران بهێنێتە پێشەوە. دەبێت لەگەڵ هاوپەیمانە عەرەبییەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی ناوچەکەش، هەماهەنگی دژی ئێران هەبێت. بەمە دەتوانرێت فشار بخرێتە سەر ئێران.

پێتان وابوو عێراق بەمجۆرەی ئێستای لێدێت؟

من نیگەرانم لەوەی ئێستا روودەدات، هەرگیز پێشبینی ئەوەمان نەکردبوو. دۆخێک دروستبووە لە بەرژەوندی هیچ لایەنێک نییە. لە عێراق هەماهەنگی نەماوە، تووندووتیژییەکان زیادبوون، پێشبینیمان نەدەکرد بەم رۆژە بگات. هێنانەوەی میلیشیاکان کە ئێران پاڵپشتیان دەکات، لە ژێر چەتری عێراق خراپە و هیچ لایەنێک ئەمەی ناوێت.

بۆچی عێراق مافەکانی کورد نادات؟

کوردەکان ناوچەیەکیان هەیە کە سەقامگیریی تێدایە، سەرکردایەتی کورد دەیانەویست عێراقێکی فیدراڵ دروست بکەن و دەنگیان لەسەر دەستوور دا، کێشەکە ئەوەیە عێراق بە هەڵە لە کورد تێگەیشتووە و وا دەزانن، کوردەکان دەیانەوێت عێراق دابەش بکەن.

پێتوایە دەبێت ئیدارەی نوێی ئەمەریکا چی بەرامبەر گروپە میلیشیاکانی عێراق بکات؟

دەبێت حکومەتی ئەمەریکا بە هاوکاری حکومەتی عێراق، ئەو گروپە چەکدارییانە چەک بکات چونکە سەر بە ئێرانن بوونەتە مایەی ناسەقامگیریی.

سیاسەتی بایدن بەرامبەر بە کورد چی دەبێت؟

بایدن پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ کورد هەیە و هاتووەتە پەرلەمانی کوردستان. کاتی خۆی باسی لە بیرۆکەیەک کردووە کە دابەشکردنی عێراق بوو بۆ سێ وڵاتی کورد و سوونە و شیعە، بەڵام 2013 وازی لەو بیرۆکەیە هێنا، ئێستا میلیشیاکانی ئێران نیگەرانیان کردووە و دەکرێت کار بکات بۆ ئەوەی بیانخاتە ژێر رکێفی بەغدا.

لەبارەی خەونی کورد بۆ سەربەخۆیی گووتی، من پێم وانییە ئەو خەونە زوو بێتە دی، وڵاتەکانی دراوسێتان دژی ئەو ئامانجەن.

لەچی بڕیارێکی خۆت پەشیمانی لە عێراق؟

من 14 مانگ حاکمی مەدەنی عێراقبووم، دەبوو سەربازی زیاترمان هەبێت. جێبه‌جێ نه‌كردنی پلانی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی داموده‌زگاكانی به‌عس وه‌ك خۆی هەڵەیەکی گەورە بوو. هەڵەیەکی دیکەش ئەوەبوو، پلانی ئەمەریکا تەواو نەکرا و عێراقی جێهێشت. ستراتیژی ئەمەریکا لە عێراق وەک خۆی جێبەجێنەکرا.