لەسەر ئیسلام ناکۆکی دەکەوێتە نێوان فەرەنسا و پاکستان
K24- هەولێر:
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، لەسەر لێدوانێکی سەرۆکی پاکستان، نێردەی پاکستانی لە فەرەنسا بۆ لێپرسینەوە بانگهێشت کرد.
عارف ئەلڤی، سەرۆکی پاکستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیی رایگەیاندبوو: "کاتێک دەبینی یاساکان لە پێناو زۆرینە دەگۆڕێن و کەمینەکان وەلا دەنرێن، پێشهاتێکی مەترسیدار دەبینی''.
راشیگەیاند: "کاتێک سوکایەتی بە پەیامبەر دەکەیت، سوکایەتی بە هەموو موسوڵمانان دەکەیت. دەبێت فەرەنسا ئەمجۆرە رەفتارانە نەکاتە یاسا چونکە ئەم جۆرە کارانە دژی پێکەوە ژیانە و خەڵکەکە لە یەکتر دووردەخاتەوە''.
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە وەڵامی ئەمە دەڵێت: "رەشنووی یاسا نوێکان هیچ دژایەتییەکی بۆ کەس تێدا نییە".
لە ماوەکانی پێشوو، بەهۆی سەربڕینی مامۆستایەک لە فەرەنسا لە بەرامبە کێشانی وێنەی کاریکاتێری پەیامبەری ئیسلام، ناکۆکی کەوتە نێوان فەرەنسا و چەند وڵاتێکی ئیسلامی، چەند هێرشێکیش لە فەرەنسا ئەنجامدران.
لە دوای ئەوە، فەرەنسا نیازی هەیە گۆڕانکاری لە هەندێک یاسای وڵاتەکەی بکات.
AFP