باوه‌ڕم به خوا، قورئان، پێغه‌مبه‌ر و ئیمان هه‌یه
K24 – هه‌ولێر:
مه‌لا به‌ختیار، كه‌سایه‌تی سیاسی و نووسه‌ر و رۆشنبیری كورد، له میانی به‌شداریكردنی له به‌رنامه‌ی "كرانه‌وه" كوردستان24، له وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌كه، "سۆران سێوكانی"، رایگه‌یاند، وه‌ك ئه‌نجامگیرییه‌ك به‌و بڕوایه گه‌یشتووه، كه ئه‌و وڵاتانه‌ی ئاینیان سه‌ركوت ده‌كرد، سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون و ئه‌وانه‌ی عه‌لمانیه‌ت به ناوی ئاینه‌وه سه‌ركوت ده‌كه‌ن، به هۆی به‌هێزی ئاینه‌كه‌وه توانیویانه خۆیان به پێوه رابگرن. گوتیشی: من دژی ئیلحادم. من پێم وایه عه‌قیده و ئیمان له كۆمه‌ڵگه ده‌ربكه‌یت، كۆمه‌ڵگه‌ی وه‌ك ئێمه به تایبه‌تی فه‌وزایه‌كی گه‌وره به‌رپا ده‌بێت و لاسه‌نگییه‌كی گه‌وره له نێوان رووحی مرۆڤ و پرسه ماددییه‌كان درووست ده‌بێت. ئه‌مه هیچ ته‌فسیرێكی دیكه هه‌ڵناگرێت.
ده‌قی گفتوگۆی سۆران سێوكانی و مه‌لا به‌ختیار
كوردستان24: به‌ڕێزت خۆت به "مولحید" ده‌زانی یان "باوه‌ڕدار"؟
مه‌لا به‌ختیار: هه‌رگیز باوه‌ڕم به ئیلحاد نییه. باوه‌ڕم به خوا‌و، قورئان، پێغه‌مبه‌ر، ئیمان و هه‌موو ئه‌وانه هه‌یه. وه‌ك مه‌زهه‌بیش سوننه‌ین.
هه‌رگیز باوه‌ڕم به ئیلحاد نییه. زۆر كه‌س هاتووه باسی ئیلحادی لای من كردووه و به توندی ره‌تمكردووه‌ته‌وه. باوه‌ڕم به خوا‌و و قورئان و پێغه‌مبه‌ر و ئیمان و هه‌موو ئه‌وانه هه‌یه. وه‌ك مه‌زهه‌بیش به خێزان سوننه‌م. له‌گه‌ڵ ئه‌وه نییم، ته‌نانه‌ت خوانه‌خواسته وتی باوه‌ڕم به خوا نییه سه‌ری ببڕم، ئازادی بكه، خۆی له‌گه‌ڵ خوای خۆی "ومن شا‌ء فلیؤمن ومن شا‌ء فلیكفر".
كوردستان24: زۆر جار ئاین تێكه‌ڵی هه‌موو شت كراوه، ته‌نانه‌ت قسه‌ی زانایه‌كی ئاینی به ئاین لێكده‌درێته‌وه، ئایا ئاین هه‌موو ئه‌و شوێنه قه‌ده‌غه‌كراوانه‌یه، مرۆڤ ناتوانێت قسه‌ی له‌باره‌وه بكات، ئایا ئێمه كافر بووین؟
مه‌لا به‌ختیار: من ئه‌وه‌ی هیچ باوه‌ڕێكی نه‌بێت، كاری به‌نده و خوای خۆیه‌تی. به هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌وه نیم هێزی سیاسی، موفه‌سیرێك، ئه‌فكاری له سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدایه بڕیاری بۆ بدات، ده‌می داخه‌ن، زمانی ببڕن، قه‌ده‌غه‌ی بكه‌ن، ته‌كفیری بكه‌ن، به مولحیدێكی گه‌وره له قه‌ڵه‌می بدات و كه‌سایه‌تی بشكێنێت، ئه‌نجن ئه‌نجنكردنی كه‌سایه‌تی مرۆڤ، ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر عه‌قیده، تاوانه. تیرۆره، تیرۆی فكری، جه‌سته‌یی، عه‌قیده‌یی و فه‌لسه‌فیش هه‌یه.
من دژی ئیلحادم. من پێم وایه عه‌قیده و ئیمان له كۆمه‌ڵگه ده‌ربكه‌یت، كۆمه‌ڵگه‌ی وه‌ك ئێمه به تایبه‌تی فه‌وزایه‌كی گه‌وره به‌رپا ده‌بێت و لاسه‌نگییه‌كی گه‌وره له نێوان رووحی مرۆڤ و پرسه ماددییه‌كان درووست ده‌بێت. ئه‌مه هیچ ته‌فسیرێكی دیكه هه‌ڵناگرێت. به‌ڵام چۆن په‌روه‌رده‌ی رووحی مرۆڤ ده‌كرێت، به شمشێر، به سه‌پاندن، به كوشتن؟ ئه‌مه سه‌رده‌می به‌سه‌رچووه.
كوردستان24: پێت وایه كه‌سی مولحیدیش مافی ئازادی هه‌یه كه مولحید بێت؟
مه‌لا به‌ختیار: له ده‌ستووری عێراقدا، هاتووه، "ئازادی ویژدان / حریة الضمیر"، راپرسیشی له‌سه‌ر كراوه و ئێستا هێزه ئیسلامییه‌كان له عێراقدا حاكمن و زۆرینه شیعه‌ن و به‌شێكی سوننه‌یه و لای ئێمه‌ش هێزه ئیسلامییه‌كان له هه‌ڵبژاردن ده‌رده‌چن و جاری وایه له به‌غدا وه‌زاره‌ت وه‌رده‌گرن و له ده‌ستووری عێراق، ده‌قێكی تێدایه، به ناوی "حریة الضمیر" و ئه‌مه‌ش مانای ئازادی بیروباوه‌ڕ دێت و ده‌ستووره‌كه‌ش گه‌لپه‌سنده.
كوردستان24: ئیسلامییه‌كان و عه‌قڵ سه‌له‌فییه‌كان زۆرجار دڵیان به ده‌ستوور خۆشه؟
مه‌لا به‌ختیار: به رای من سه‌روه‌ری یاسا له هه‌موو حاڵه‌تێكدا باشتره. گه‌لێك بیرمه‌ندی گه‌وره هه‌یه، باوه‌ڕی به ده‌سه‌ڵاتی سه‌رمایه‌داری نییه، به‌ڵام ده‌ڵێت ته‌نانه‌ت له ده‌سه‌ڵاتی سه‌رمایه‌داریدا سه‌روه‌ری یاسا، پێویستیی مێژووییه.
كوردستان24: له كۆڕێكدا باسی گۆشتی به‌رازت كرد، پرسیارت كرد، كامیان خۆشتره گۆشتی به‌راز یان حوشتر، ئه‌م قسه‌یه هه‌ڵڵایه‌كی لێكه‌وته‌وه، ئایا ئه‌م قسه‌یه ئه‌وه‌نده قورس بوو؟
مه‌لا به‌ختیار: پرسیارم كردووه، "نه‌فی"م نه‌كردووه. كام "مشرع" هه‌یه له ئیسلامدا به من یان خوێنه‌ری بسه‌لمێنێت، كه پرسیار له شه‌رعدا "حه‌رامه"، وه‌ك پرسیار وتم: من تێناگه‌م بۆ گۆشتی به‌راز حه‌رام كراوه و گۆشتی حوشتر حه‌ڵاڵ كراوه، له كاتێكدا وڵاتێكی وه‌ك هۆڵه‌ندا له ساڵێكدا (30) ملیۆن به‌راز ده‌فرۆشرێت. من خۆم گۆشتی به‌راز ناخۆم، من پرسیارم كرد،من پێم وایه له هه‌موو شتێك‌دا پرسیار ئاساییه. ته‌نانه‌ت له ده‌قی پیرۆزدا پرسیار هاتووه. له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌و هه‌ڵا و بگره‌یه له‌سه‌ر پرسیار، راستیی له زیانی "فه‌زا"ی ئیسلامه. جیهان چۆن سه‌یری ئێمه بكات، كه ته‌نانه‌ت پرسیار قه‌ده‌غه‌یه له‌و وڵاتانه‌ی ئیسلام هه‌ژموونی هه‌یه.
كوردستان24: پێت وانییه، مه‌به‌سته‌كه بۆ لێدانی ئه‌و لایه‌نه بوو تۆ له‌گه‌ڵیدای له لایه‌ن لایه‌نێكی ئیسلامییه‌وه؟
مه‌لا به‌ختیار: په‌ندێكی عه‌ره‌بی ده‌ڵێت: "ئه‌و شته‌ی له سنووری خۆی ترازا لێی هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه"، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بته‌وێت "دیعایه" بۆ دنیای ئیسلام بكه‌یت، ده‌بێت له سنووری عه‌قڵانی، لۆژیكی و گونجاندنی له‌گه‌ڵ ئه‌م سه‌رده‌مه بۆی بكه‌ی، نه‌ك به عه‌قڵێكی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست، بیروبۆچوونێك كه بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه پێویسته، بێی به‌رامبه‌ره‌كه‌ت نابووت بكه‌یت. نابووت كردن حه‌رامه. به هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ دیموكراسی، ئاینی ئیسلام و شه‌رع ناگونجێت. ئه‌وه لۆژیك له‌ده‌ستدانه بته‌وێت به‌رامبه‌ره‌كه‌ت نابووت بكه‌یت. له كاتێكدا پێت ئه‌ڵێم وانییه، من پرسیارم كردووه. خوانه‌خواستووه قه‌ت جورئه‌تی ئه‌وه‌م نه‌كردووه ئایه‌ته‌كه نه‌فیی بكه‌م، باشه بۆ پرسیارم لێ حه‌رام ده‌كه‌ی. به ناوی ئه‌وه‌ی توندڕه‌وی ئه‌كه‌ی بۆ ئاین و به‌و توندڕه‌وییه زیان له ئاینه‌كه ده‌ده‌یت.
كوردستان24: ئه‌مه بوهتانه بۆ تۆ؟
مه‌لا به‌ختیار: ئه‌گه‌ر له ئاینی ئیسلامدا "بوهتان" باشه، ئه‌وا؛ من "بوهتانه‌كه‌م قبووڵه".
كوردستان24: به رای تۆ عه‌لمانییه‌ت چییه؟
مه‌لا به‌ختیار: به‌داخه‌وه هه‌ندێك له ئیسلامییه‌كان به هه‌ڵه لێی تێگه‌یشتوون. نه له رۆشنگه‌ریدا، زۆرینه‌ی بیرمه‌ند و فه‌یله‌سووفه‌كانی مولحیدن. نه له عه‌لمانییه‌تیشدا ئیلحاد هه‌یه. كه‌مترین رۆشنگه‌ر له مێژوودا، ماتریالیستی بووه. باوه‌ڕی به میتافیزیك و باوه‌ڕی به فه‌لسه‌فه‌ی ئایدیالیست نییه، كه‌مترینن. زۆرینه‌یان باوه‌ڕیان به خوا هه‌یه. مه‌سیحی بێت یان نامه‌سیحی بێت. یه‌ك سیسته‌می عه‌لمانی نییه بڵێت باوه‌ڕمان به خودا نییه. بیرمه‌نده عه‌لمانییه‌كان له مێژوودا، كۆمۆنیسته‌كان چه‌ند بیرمه‌ندێك خۆیان له‌وه داوه بڵێن خودا نیه. یه‌ك سیستمی عه‌لمانی له دنیا نییه، بڵێت خوا نییه. ماركس و ئه‌نگلیس له ده‌گمه‌نه‌كانن. سیكۆلاریست مولحیدی نییه. دین و ده‌سه‌ڵات له‌یه‌ك جیاده‌كاته‌وه. له كام وڵاتی دنیا عه‌لمانیه‌ت هه‌یه، ئیسلام و مه‌سیحیه‌ت قه‌ده‌غه‌كراوه. من چوومه‌ته چین، له په‌كین چوومه‌ته مزگه‌وتی ئیسلامییه‌كانیش. نه‌ك قه‌ده‌غه نه‌كراوه، به‌ڵكو به‌و په‌ڕی ئازادی بۆ خۆیان عیباده‌تی خۆیان ده‌كه‌ن. نیه له دنیادا له وڵاتی عه‌لمانیدا، موسڵمان، مه‌سیحی، یان جوله‌كه قه‌ده‌غه كرابێت. له وڵاتی موسڵماندا زۆر هه‌یه عه‌لمانی قه‌ده‌غه كرابێت.
كوردستان24: ئایا ئه‌و عه‌لمانییه‌ته‌ی هه‌یه له وڵاتی ئێمه كۆپیكراوه؟
مه‌لا به‌ختیار: من پێم وایه، وڵاتی ئێمه نابێت به پێوه‌ره‌كانی ئه‌وروپا بپێورێت. نازانم سه‌د ساڵی دیكه، كه‌سمان نه‌ماوین، چی لێ دێت. به‌ڵام هاوسه‌نگی له نێوان پرسه رووحییه‌كان و ده‌سه‌ڵاتی دنیایی لای من یه‌كجار گرنگه. بۆچی؟ كام ده‌سه‌ڵاتی عه‌لمانی و دنیای و ماددی توانیویانه ئاینه‌كان له‌ناو به‌رن. هه‌وڵیش دراوه، له سه‌رده‌می ستالین هه‌وڵدراوه. ناكرێت لاریمان له‌و هه‌وڵانه هه‌بێت، به‌ڵام توانیان له‌ناوی به‌رن، نه‌خێر نه‌یانتوانی. بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ی هاوسه‌نگی له نێوان ئاین و ده‌سه‌ڵاتی دنیاییان پاراستووه سه‌ركه‌وتوون له ژیانی خۆیان؟ چونكه نه‌یانهێشتووه مرۆڤه‌كان له ناخیاندا تووشی دڕدۆنگییه‌كی گه‌وره ببن و تووشی كێشه‌یه‌كی گه‌وره ببن. هه‌تا ئه‌و وڵاتانه‌ی ئیسلامیش نین، وه‌ك ژاپۆن، كۆریا، چین ئاینیان بوزییه یان كۆنفۆشیۆسی و هیندۆسین، ئه‌م هاوسه‌نگ راگرتنه زۆر گرنگه.
كوردستان24: پێت وایه ئه‌و عه‌لمانییه‌ته چییه له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی موسڵمان نشینی وه‌ك كوردستان جێی ده‌بێته‌وه؟
مه‌لا به‌ختیار: ده‌مه‌وێت ئه‌نجامگیرییه‌ك (استنتاج) بكه‌م، كه له‌كه‌سم نه‌خوێندووه‌ته‌وه، ئه‌و وڵاتانه‌ی هاوسه‌نگیان راگرتووه، له نێوان پرسه ماددی و رووحییه‌كان سه‌ركه‌وتووبوون. ئه‌وانه‌ی پرسه ئاینییه‌كانیان "نه‌فی" كرد، وه‌ك سۆڤیه‌ت و هه‌ندێك وڵاتی دیكه، سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون، كه‌چی له‌و وڵاتانه‌ی ئاینین و عه‌لمانییه‌ت قبوڵ ناكه‌ن، به‌هێزی ئاین ئه‌وانی هێشتووه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ر ئازادیشی تێدا نییه، وه‌ك ئێران و سعوودییه. رووح به‌هێزه له ناویاندا. هێزێكی به‌هێزه له ناخی ئه‌و خه‌ڵكه، هه‌تا ئازادی دنیایی ناده‌یت، به‌ڵام به‌هۆی به‌هێزی ئاینه‌وه خۆیان راده‌گرن.
من ئه‌وه‌نده‌ی به‌دواداچوون ده‌كه‌م، هه‌موو ئه‌و توندڕه‌وییه‌ی له فه‌زای ئیسلام و هێزه ئیسلامییه‌كان هه‌یه به‌رامبه‌ر به عه‌لمانیه‌ت، زیانیان له ئیسلام داوه. ده‌بینم تێیاندا باش بیر ده‌كاته‌وه. ئه‌و توندڕه‌وییه‌ی جاران له سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو نابینم، به‌رامبه‌ر به دیموكراسی و عه‌لمانییه‌كان به توندی قسه بكه‌ن. كرانه‌وه ده‌بینم له سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو. به‌ڵام وه‌ك دیكه، كادیری توندڕه‌و و ئه‌ندامی توندڕه‌و پێیان وایه به ریش درێژكردن و به جل كورتكردن و جوێندان و توندڕه‌وی ده‌توانن خزمه‌تی فه‌زای ئیسلام بكه‌ن له‌سه‌ر ده‌می عه‌وله‌مه‌دا، پێم وابێت ئه‌وان زیانی گه‌وره‌یان گه‌یاندووه به "عه‌قیده". له ناو عه‌لمانییه‌كانیش هه‌ندێك توندڕه‌وی زیاد له حه‌د له دوای راپه‌ڕینه‌وه بیستمان زیانی گه‌یاندووه به عه‌لمانییه‌ت و ئه‌وه‌ش كراوه به بیانوو، عه‌لمانییه‌كانیان كرد به مولحید و شكاندیانن تا راده‌یه‌ك. هه‌موو ئه‌وانه‌ی له هێزه ئیسلامییه‌كانن یان موسڵمانی بێلایه‌نن. یان ئه‌وانه‌ی له سه‌نگه‌ری عه‌لمانیه‌تن، من خۆم به پیاوێكی عه‌لمانی دیموكراتی هاوسه‌نگ ده‌زانم، هه‌موو ئه‌مانه ده‌بێت لایه‌نه ئه‌رێنییه‌كانمان كۆبكه‌ینه‌وه و ره‌خنه‌یه‌كی عه‌قڵانی له هه‌ڵه‌ی هه‌ردوو لامان بگرین.
كوردستان24: شێركۆ بێكه‌س شیعرێكی وت چوون به گژی‌دا؟
مه‌لا به‌ختیار: شاعیر حاڵ ئه‌یگرێت. ئه‌و وتاربێژانه بۆ ناچن به گژ مه‌ولانای رۆمی، ته‌كفیره‌كه چووه سه‌ر یان مه‌ولانا. ئه‌وانه‌ی ته‌كفیریان كرد، كه‌سیان نازانێت گۆڕیان له كوێیه و مه‌ولانا ئێستا له هه‌موو جیهان موریدی هه‌یه.
كوردستان24: عه‌لمانیه‌ت یان ئیسلامی ئیسلامی ئاینده‌یان هه‌یه له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا؟
مه‌لا به‌ختیار: ئیسلامی سیاسی بیه‌وێت به توندڕه‌ویی هه‌موو ئه‌ندێشه‌كانی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست بكات به ده‌سه‌ڵات و بیسه‌پێنێت، له ده‌سه‌ڵاتی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی بیسه‌پێنێت، ئێمه قه‌ت له شه‌ڕی ناوخۆ و كێشه رزگارمان نابێت. عه‌لمانییه‌كانیش بیانه‌وێت، ده‌سه‌ڵاتێكی عه‌لمانی عه‌یار24 بسه‌پێنن هه‌ناسه نه‌ده‌ن به‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به ئاین و بزووتنه‌وه‌ی سیاسی ئیسلامی هه‌یه، ئه‌ویش ده‌بێته مایه‌ی فیتنه‌یه‌كی دیكه. ده‌بێت رێگه به هه‌ردوولا بدرێت و ئازادی هه‌بێت له چوارچێوه‌ی یاسا. ده‌بێت ئێمه به‌ره‌و ده‌ستوور نووسین بڕۆین و من له‌گه‌ڵ ده‌ستوورێكی مه‌ده‌نی و دیموكراسیم.
كوردستان24: عه‌لمانییه توندڕه‌وه‌كان له كاتی ره‌شنووسی ده‌ستووری هه‌رێم، ناوبردنی ئیسلام وه‌ك یه‌كێك له سه‌رچاوه‌كانی وه‌رگرتن پێیان وابوو، ده‌ستووره‌كه ئیسلامییه، ئه‌مه راسته؟
مه‌لا به‌ختیار: ئه‌گه‌ر ئیسلام كردن به سه‌رچاوه بۆ ئه‌و ده‌قانه بێت، بۆ ئه‌و پرس و شه‌رعه بێت، كه ده‌گونجێت له‌گه‌ڵ ئه‌م سه‌رده‌مه بۆ به‌ڕێوبردنی دنیایه‌ك له دیدی ئه‌م دنیایه‌وه، پێم وابێت هه‌موو لایه‌نه ئه‌رێنییه‌كانی ئیسلامی ده‌توانیت ته‌وزیف بكه‌ین، له قۆناغه‌كانی جیاوازی ده‌سه‌ڵاتدارێتی ئیسلامدا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بۆ ئه‌وه بێت بڵێی هه‌موو شت له دیدی ئیسلام بێت، كتومت وه‌ك سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست بێت و به چه‌مكی سه‌له‌فی بێت، من پێم وابێت هه‌رگیز ئه‌وه نایه‌ته دی. مه‌به‌ستم له سه‌له‌فییه توندڕه كۆمه‌ڵكوژه‌كانه، نه‌ك خه‌ڵكی دیكه ئازاده له سه‌له‌فی، هه‌یه زۆر به ئارامی بیر ده‌كاته‌وه. هه‌ندێك سه‌له‌فی ته‌كفیری ده‌سه‌ڵات و مرۆڤی پێ خراپه و ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی قبووڵه.
كوردستان24: ئه‌ی له باره‌ی ده‌ستووری عێراقه‌وه؟
مه‌لا به‌ختیار: ده‌ستووری عێراق، هاوسه‌نگی له نێوان دین و دنیا كردووه. هاوسه‌نگی هه‌یه. دیموكرات و تا راده‌یه‌ك عه‌لمانی و مه‌ده‌نییه‌كان تا راده‌یه‌ك به‌شی خۆیان له ده‌ستوور ده‌دۆزنه‌وه. دینییه شیعییه‌كان تاڕاده‌یه‌كی زیاتر به‌شی خۆیان ده‌دۆزنه‌وه. پێم وایه ده‌ستووری عێراق به نسبه‌ت مه‌ده‌نی و دیموكراتییه‌وه نوقسانه، هه‌ژموونی مه‌زهه‌بی به‌سه‌ره‌وه دیاره. ئازادی راده‌بڕین هه‌یه تێیدا. و هه‌ڵبژاردنی تێدایه، هه‌رچه‌ند، هه‌ڵبژاردن لای من پێوه‌ری دیموكراسی نییه.
كوردستان24: پێم وایه ئه‌وه كۆمه‌ڵگه‌یه ئه‌و ده‌ستووره عه‌لمانییه‌ی قبوڵ نییه؟
مه‌لا به‌ختیار: پێم وایه كوتومت كۆپیكردنی ده‌ستووری عه‌لمانی و هه‌موو ئه‌و ئازادیانه‌ی له ئه‌وروپا هه‌یه و سه‌پاندنی بۆ ئه‌م قۆناغه ناگونجێت. مومكینه 20 یان 25 ساڵی دیكه، زۆر گۆڕانكاری كۆمه‌ڵایه‌تی له زیهنییه‌تی خه‌ڵك له گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی خه‌ڵك به‌دی بێت. ئێمه له دنیای خێراییداین ئێستا. تۆ بڵێ ئێستا سۆشیالیزم وه‌كو له دنیای سۆشیالیزم هه‌یه ئه‌سه‌پێندرێت، به‌هه‌ڵه‌داچوونێكی گه‌وره‌یه. بڵێ ئه‌و ئازادی و لیبراڵییه‌ی له ئه‌وروپا هه‌یه، له وڵاتی ئێمه ده‌سه‌پێندرێت زۆر قورسه. ئه‌و سیكۆلاریسته‌ی له وڵاتانی جیهان هه‌یه هه‌ندێك لایه‌نی لێره ده‌سه‌پێندرێت زۆر قورسی ده‌بینم.
كوردستان24: پێت وانییه تۆخكردنه‌وه‌ی مه‌زهه‌بیه‌ت له ناو ده‌ستوور و یاسای عێراقیدا ده‌بێته هۆی پێكدادان له نێوان پێكهاته‌كاندا؟
مه‌لا به‌ختیار: قسه‌یه‌كی سه‌رۆك وه‌زیرانی سه‌رده‌می جه‌نگی دووه‌م له به‌ریتانیا وێنستۆن چه‌رچڵ هه‌یه ده‌ڵێت: "هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك ئه‌و حكومه‌ته‌ی قابیله كه حوكمی ده‌كات"، دیاره عێراق ئه‌و حكومه‌ته‌ی قابیله كه ئێستا حوكمی ده‌كات. ئاستی تێگه‌یشتن و گۆڕانكارییه‌كانی له دوای دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێراق و دوای ئه‌وه‌ی شیوعی و حزبه نیشتمانی و دیموكراسییه‌كان داده‌مه‌زرێن و دوای هاتنی به‌عسیش، به درێژایی مێژوو كه‌مترین ئیش كراوه بۆ گۆڕینی زیهنییه‌تی خه‌ڵك. به پێچه‌وانه‌وه هێزه ئیسلامی و شیعییه‌كان سوننیه‌كان ئیشی زۆرتریان كردووه بۆ "ته‌عبیئه" كردنی خه‌ڵك. ئه‌گه‌ر وانییه، ئه‌گه‌ر ئیسلامییه‌كان، شیعه و سوننه‌كان زیاتر له چه‌پ و عه‌لمانی و دیموكراسی و نیشتمانپه‌روه‌ر و مه‌ده‌نییه‌كان ئیشیان نه‌كردووه، بۆ له دوای رووخانی سه‌دام له هه‌ڵبژاردندا كه‌مترین كورسی، مه‌ده‌نییه‌كان به‌ده‌ستیان هێنا و زۆرترین مه‌زهه‌بییه‌كانی شیعه‌كان به‌ده‌ستیان هێنا.
كوردستان24: له 1920ه‌وه له دنیای عه‌ره‌ب و ئیسلامدا سیستمی عه‌لمانی هه‌یه و هیچ كام له ده‌سه‌ڵاته‌كان ئیسلامی نه‌بوون، بۆچی دوای یه‌ك سه‌ده ئه‌و عه‌لمانییه‌ته شكستده‌هێنێت و ئیسلامییه‌كان په‌ره ده‌ستێنن و ته‌نانه‌ت هه‌ندێك فه‌یله‌سووف ده‌ڵێن سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌م سه‌ده‌ی ئاینه؟
مه‌لا به‌ختیار: پێم وایه عه‌لمانییه‌ت و دیموكراسی له یه‌ك دانابڕێن. هه‌ر سیسته‌مێك دیموكراسی نه‌بێت، ناتوانێت عه‌لمانی بێت. هه‌ر سیسته‌مێكیش بیه‌وێت عه‌لمانی بێت، ده‌بێت دیموكراسیی بێت. هه‌ردووكی په‌یوه‌ندییه‌كی ئۆرگانیان له نێواندایه. هه‌موو ئه‌و سیسته‌مانه‌ی به درێژایی مێژوو له ناو عه‌ره‌بدا وتویانه عه‌لمانین و دیموكراسیمان قبوڵ نییه شكستیان هێناوه و راستیشیان نه‌كرد. باشترین به‌ڵگه ئه‌وه‌یه به درێژایی ئه‌و مێژووه، یه‌ك دامه‌زراوه‌ی ئاینی سه‌له‌فی لاواز نه‌كرا، به‌ڵكو به‌هێز ده‌كرا. ئه‌زهه‌ر جیاوازیشی هه‌یه له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ی دیكه‌ی ئاینی و لاواز نه‌كراوه و كرانه‌وه‌ی زیاتر تێدایه به‌راورد به دامه‌زراوه‌كانی دیكه.
دوا به‌یاننامه‌یه‌ك، كه سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌ریانكرد، زۆر جه‌ختیان له‌سه‌ر دنیای مه‌ده‌نی و ئه‌م سه‌رده‌مه كردووه‌ته‌وه. به‌ڵام شیعه له "ئیجتهاد"دا زۆر كراوه‌ترن له دنیای سوننه. قسه‌م له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه ئه‌و سیسته‌مانه‌ی هه‌بوون، عه‌لمانی نه‌بوون. عه‌لمانی پۆشینێك بوو، خۆیان پێی پۆشیی بوو. له ژێر كاریگه‌ری ئینگلیز و ئه‌م وڵات و ئه‌و وڵات خرابووه به‌رنامه‌یانه‌وه. نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌یه‌كی دیموكراتی كۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌ده‌نی له وڵاتی ئێمه هه‌بووه و ئه‌مه‌ی داناوه.
كوردستان24: جه‌مال عه‌بدولناسر، عه‌بدولكه‌یم قاسم و سه‌دام حوسێن چی بوون، ئه‌گه‌ر عه‌لمانی نه‌بوون؟
مه‌لا به‌ختیار: به‌عسییه‌كان، فاشیه‌ت نموونه‌ی عه‌لمانی نییه و دژی عه‌لمانییه. ئه‌گه‌ر فاشییه‌كان نموونه‌ی عه‌لمانی بن له لایه‌ن ئیسلامییه‌كانه‌وه، خۆ ئه‌بو عه‌باسی سه‌فاحیش ئیسلامییه و ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی بوو، حه‌جاجی كوڕی یوسفی سه‌قه‌فی نموونه‌ی ئیسلامییه؟ كه هه‌شت هه‌زار دیل له كوفه ده‌كوژێت و گردێك له كه‌لله سه‌ر درووست ده‌كات. ئه‌گه‌ر ئه‌وان ئه‌وانه به نموونه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی ده‌زانن، منیش فاشییه‌كان به عه‌لمانی ده‌زانم.
كوردستان24: ئایا ده‌سه‌ڵاتی كوردی ده‌سه‌ڵاتێكی عه‌لمانی شكستخواردووه؟
مه‌لا به‌ختیار: به ره‌سمی و به راشكاوی، له‌و یاسا و رێسایانه‌ی له وڵاتی ئێمه هه‌یه عه‌لمانیه‌ت ته‌به‌نی نه‌كراوه. ناشتوانم ئه‌م ده‌سه‌ڵاته به ده‌سه‌ڵاتێكی دیموكراسی ته‌واو بزانم. ئێمه سه‌ره‌تاكانی دیموكراسی ده‌ستمان پێكرد، كه‌وتینه قۆناغی گوزه‌ری دیموكراسی و تووشی گرفتی گه‌وره هاتووین له (10-15) ساڵی رابردوودا. ئه‌سڵه‌ن له (1994)ه‌وه ئێمه پڕۆژه‌مان نه‌ماوه. له (1991 - 1993) پڕۆژه هه‌یه. ئۆتۆنۆمی ده‌كرێت به فیدراڵ، "مجلسی ته‌شریعی" ده‌كرێت به "په‌رله‌مان" و "مه‌جلیسی ته‌نفیزی" ده‌كرێت به "حكومه‌تی كوردستان" و له (1994) كه شه‌ڕی ناوخۆ ده‌ستپێده‌كات، ئێمه خه‌وی گه‌وره‌مان نییه و خه‌ونه‌كانمان وه‌ستاون.
له به‌رامبه‌ردا ته‌نانه‌ت هێزه‌كانی ئێمه، كه به خۆیان ده‌ڵێن عه‌لمانی و دیموكراسی، له‌وه تێناگه‌ن میلله‌ته‌كه له‌گه‌ڵ دیموكراسیه‌ت و عه‌لمانییه‌ته، به‌ڵام ئه‌مان دیموكراسی و عه‌لمانی نین. میله‌ته‌كه كه هه‌موویان ده‌نگ به ئیسلامییه‌كان ناده‌ن، واته به‌دیله‌كه‌یان قبووله و خاوه‌نی به‌دیله‌كه، كه عه‌لمانییه‌كانن خاوه‌ندارێتییه‌كه ناكات.
داڕشتنه‌وه: ئ.ر