كۆشكی سپی ماتەمبارە

K24 - واشنتن
لە 25ی مانگی 3ی 2020، یه‌كه‌م كەس لە ئه‌مەریكا به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانی له‌ده‌ستدا. ئێستا و پاش نزیكه‌ی ساڵێك، رێژه‌ی مردن به كۆرۆناوه له ئه‌مەریكا، 500 هه‌زار كه‌سی تێپه‌ڕاندووه. ئه‌م دۆخه وایكرد كه سه‌رۆكی ئه‌مەریكا و جێگره‌كه‌ی و هاوژینه‌كانیان و ستافی كۆشكی سپی ماته‌م بگێڕن.
جۆو باید‌ن، سەرۆكی ئەمەریكا له‌كاتی دیدار له كارگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ڤاكسینی كۆرۆنا، به‌سه‌ر سووڕمانه‌وه گوتی: "500 هەزار! ئەو ژمارەیە 70 هەزاری پتره، له ژمارەی ئه‌و ئه‌مەریكایانه‌ی له شه‌ڕی دووەمی جیهانیدا و له ماوه‌ی 4 ساڵدا گیانیان لەدەستدا."
باید‌ن، له وتاره‌كه‌یدا باسی له‌وه‌ش كرد، ره‌نگه تاكوو كۆتاییه‌كانی ئه‌مساڵ ژیان ئاسایی ببێته‌وه.
ئانتۆنی فاوچی سه‌رۆكی په‌یمانگه‌ی نیشتمانی بۆ نه‌خۆشییه گوازراوه‌كان، كه هه‌ر له سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆناوه، ئه‌ندامی كارای تیمی كۆشكی سپی بووه بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا، هه‌نووكه‌ش بۆ هه‌مان مه‌به‌ست راوێژکاری سه‌رۆكی ئه‌مەریكایه و گوتی: "شتێکی زۆر ناخۆشە، ئه‌مه له مێژوودا ده‌مێنێته‌وه. له ماوه‌ی 100 ساڵی رابردوودا و له دوای تاعونه‌كی ساڵی 1918وه، هاوشێوەی ئەم ڤایرۆسه‌مان نەبینیوە."
رۆژی سێشەممە 23/2/2021، بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاكانی مۆدێرنا و فایزەر بۆ دەرمانسازی، بە كۆمیته‌كانی وزه‌و بازرگانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیان راگه‌یاند، كه هه‌موو هه‌وڵی خۆیان خستووەته‌گەڕ تاكوو کۆتایی مانگی 7ی ئه‌مساڵ بڕی ڤاکسینی پێویست بۆ کوتانی 300 ملیۆن کەس لە ئه‌مەریكا ئاماده بكه‌ن.
پەتای كۆرۆنا، لە مانگی دیسەمبەری 2019، لە شاری ووهانی چین سەریهەڵدا، تائێستا لە ئه‌مەریكا زیاتر له 28 ملیۆن و 735 هه‌زار كه‌س تووشی ڤایرۆسه‌كه بوون، له‌م نێوه‌دا، زیاتر له 511 هه‌زار كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه، به‌و پێیه ئه‌مەریكا له رووی ژمارەی توشبوون و مردن به‌هۆی كۆرۆناوه لە جیهان لە پله‌ی یه‌كه‌م دایە.
تائێستا له ئاستی جیهان، نزیكه‌ی 112 ملیۆن و 500 هه‌زار كه‌س تووشی كۆرۆنا بوونە و زیاتر لە 2 ملیۆن و 500 هەزار كەسیش بە كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.
