سیاسەتی ئەمەریکا بەرامبەر تورکیا گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە
K24- هەولێر:
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جەختدەکاتەوە؛ سیاسەتەکانی بەرامبەر تورکیا نەگۆڕاوە.
جۆن کێربی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا روونیکردووەتەوە؛ سیاسەتی ئیدارەی بایدن لە بەرامبەر تورکیا نەگۆڕاوە.
کێربی دەڵێت: "جارێکی دیکە داوا لە تورکیا دەکەین لە پڕۆسەی کڕینی دژە مووشەکی ئێس 400 بوەستێت، چونکە ئەمەریکا پێی وایە سیستەمەکە دژە لەگەڵ فڕۆکەی جەنگی ئێف 35 و بەمشێوەیەش ئەندامێتی تورکیا لە پڕۆگرامی دروستکردنی فڕۆکە جەنگییەکە بە هەڵپەسێردراوی دەمێنێتەوە".
گوتەبێژی پێنتاگۆن لەبارەی سیستمی دژە مووشەکی پاتریۆت رایگەیاند: "لە دەیەی رابردوودا چەندین هەلی کڕینی سیستمی پاتریۆت بۆ تورکیا رەخساوە، کەچی ئەنقەرە ئێس 400ـی هەڵبژاردووە کە ئەمە قازانج بە رووسیا دەگەیەنێت و هەژموونی زیاد دەکات".
تورکیا یەکەم کاروانی سیستمی دژە مووشەکی ئێس- 400ـی لە لایەن رووسیاوە پێدراوە، کارەکەشی بە یاسایی دەزانێت و دژایەتیی ئەمەریکاش رەتدەکاتەوە.