"ورچەكانی چیای گارە گەیشتنە ناو گوندەكان و مریشك و ھەنگوین دەخۆن"
K24 - ئامێدی
دوای ئەوەی شەش ورچ لە چیای گارە ئازاد كران ئێستا ورچەكان ھاتوونەتە ناو گوندەكان. وەك لە گرتە ڤیدیۆیەکدا دەردەكەوێت یەكێك لە ورچەكان لەناو گوندی ئاشەوایە و گوندنشینان دەڵێن: "مریشك و ھەنگوینی خەڵكی خواردووە".
یەكێك لە دانیشتووانی گوندی ئاشەوا لە سنووری شارەدێی سەرسنگی سەر بە قەزای ئامێدی بە ناوی محەمەد، بە كوردستان24ی راگەیاند: "شەوی رابردوو ورچ ھاتووەتە ناو گوندەكەمان و كولانەی مریشكەكانی منی شكاندووە و شەش مریشكی خواردووە، ھەروەھا ھەنگوینی لە پێنج سندووقی ھەنگەكانم خواردووە".
روونیكردەوە: "تائێستا ورچەكان زیانیان بە خەڵك نەگەیاندووە، بەڵام زیانی بە ئاژەڵ و بەروبومی جوتیاران گەیاندووە".
عەقید مێڤان محەمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی سەرسنگ بە كوردستان24ی گوت: "ئەمڕۆ لەلایەن گوندنشینان ئاگادار كراینەوە كە ورچ ھاتووەتە ناو گوندچ ئاشەوا، خۆشبەختانە زیانی گیانی بە ھاووڵاتییان نەگەیاندووە".
راشیگەیاند: "دڵنیاییمان بە خەڵك داوە كە ورچەكە لە گوند ناھێڵین و دووری دەخەینەوە، بۆ ئەوەی زیان بە ھاووڵاتییان نەگەیەنێت".
ئەو شەش ورچە پێشتر لە پارێزگاكانی عێراق لە ماڵان بەخێو كراون، لەلایەن چالاکوانێکی ژینگەیی دھۆك كڕدراون، لە 11/2/2021، لە چیای گارە ئازاد كران.