زیاتر لە 100 كۆمپانیا بەشداری لە پێشانگای فڕۆكەوانی ئیستەنبوڵ دەكەن

"زیاتر لە چوار ھەزار فڕۆكەوانمان ھەیە"
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/0e0223f5-1d6a-4bf6-ae8b-2c8b1e3882c9/show%20froka%20turkia.ism/manifest

K24 - ھەولێر

پێشانگای نێودەوڵەتی  فڕۆكەوانی لە شاری ئیستەنبوڵی توركیا كرایەوە، كە تێیدا زیاتر لە 100 كۆمپانیا  لە 20 وڵاتی جیاواز بەشداربوون، ژمارەیەك كۆمپانیا تایبەت بوون بە دروستكردنی فڕۆكە و ھەروەھا ھەندێك كۆمپانیاش تەنیا راھێنانیان بەو كەسانە دەكرد كە دەیانووسیت ببنە فڕۆكەوان.

لە پێشانگاكەدا ئاماژە بەوەشكرابوو، بۆ بوون بە فڕۆكەون تێچووی تێكڕای بەشداری لە خولی راھێنانی فڕۆكەوانی لە نێوان 60 تا100 ھەزار دۆلارە.

كۆرساڵ دۆگەنای، قوتابی لە زانكۆی فڕۆكەوانی توركیا دەڵێ: "ژمارەیەك قوتابخانەی فڕۆكەوانی لە توكیا ھەن، ئەوان راھێنانی بەو كەسانە دەكەن كە ئارەزووی فڕۆكەوانیان لە بەرامبەر پێدانی بڕێك پارە، بەڵام خوێندن بۆ ماوەی 4 ساڵ لە زانكۆ ئەوە باشە، پێویستە فێری زمانی ئینگلیزی ببین بە شێوەیەكی باش، من دەمەوێت لە داھاتوودا ببمە فڕۆكەوان پێم وایە پیشەیەكی باشە و خۆشگوزەرانی و ھەروەھا داھاتێكی زۆری ھەیە".

لەم پێشانگایە نێودەوڵتیە كە تایبەتە بە كۆمپانیاكان و ھێڵەكانی فرۆكەوانی لە توركیا، لە ماوەی تەنیا  3 رۆژدا،  زیاتر لە 15ھەزار كەس سەردانیان كردوون و ناوی خۆیان تۆماركردوە، بۆ ئەوەی بەشداری بن لە خولی راھێنانی فڕۆكەوانی، ھەر لە بەشەكانی دیكەی پێشانگاكە راھێنەران و كابتنەكان وانەی جیاواز بۆ بەشداربوان و میوانان دەڵێنەوە كە ھەندێكیان بیانین و فێریان دەكەن كە چۆن خۆیان بۆ ئەم ئەركە ئامادە بكەن، بەڕێوەبەری ھێڵی ئاسمانی توركیش دەڵێت ژمارەی بەشداربوانمان لەزیادبوندان.

سیداد سەكەرچی، بەڕێوەبەری ھێڵی فڕۆكەوانی توركی لەو بارەوە گوتی: "ئێمە 4 ھەزارو 200 فڕۆكەوانمان ھەیە لە ھێڵی فڕۆكەوانی توركیش ئێرلاین، لەو ژمارەیە 750 فڕۆكەوان بیانین و نزیكەی 1400 كەسیش ساڵانە داواكاری پێشكەش دەكەن بۆ ئەوەی ببنە فڕۆكەوان لە ھێڵەكەمان، ئێستا 350 فڕۆكەوان بۆ ھێڵە ئاسمانیەكانی توركیا  راھێنانیان پێدەكرێت، سەرەتا لە قوتابخانەكان دەست بە راھێنان دەكەن دواتر دەچنە ئەكادیمای فڕۆكەوانی كە 50 فڕۆكەوانی شارەزا ئێستا  بۆ جۆرەھا فڕۆكەی وەك  گەشتیاری و بازرگانی تایبەت وانە دەڵێنەوە".

لەسەرەتای دەست پێكردنی قەیرانی دارایی لەجیھان، فڕۆكەوانێكی زۆری بیانی بۆ كاركردن ھاتونەتە توركیا و ھەندێكیان وەك راھێنەر لە كۆمپانیاكان وانە دەڵێنەوە، بەشێكیشیان لە ھێڵەكانی فڕۆكەوانی توركیا كار دەكەن، بەڵام كۆمپانیا و ھێڵەكانی فڕۆكەوانی توركیا لە ھەوڵدان قوتابخانە و ئەكادیمیای زیاتر بۆ ھاوڵاتیانی خۆیان بكەنەوە و بیانكەنە فڕۆكەوان.