ئاوات شێخ جه‌ناب: پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی هه‌رێم ئاماده‌یه
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زیری دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، "ئاوات شێخ جه‌ناب" رایگه‌یاند، وه‌ك شاندی دانووستانكار كاری ئێمه له هه‌موو ئاستێك ته‌واو بووه و ئه‌مجاره هه‌موو لایه‌نه كوردییه‌كان له به‌غدا، یه‌كده‌نگ بوون له پرسی پشكی هه‌رێمی كوردستان له بودجه‌ی (2021) و پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانیش ته‌واو كراوه و له رۆژانی داهاتوو چه‌ند گرفتێكی ته‌كنیكی هه‌ن چاره‌سه‌ر ده‌كرێن.
له لێدوانی‌دا بۆ "كوردستان24"، وه‌زیری دارایی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له باره‌ی ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، گوتی: پڕۆژه‌كه له قۆناغی كۆتاییدایه و خودی پڕۆژه‌یاساكه، راپۆرت و وتاره‌كه‌شی ئاماده‌یه و هه‌ندێك كێشه‌ی ته‌كنیكی له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و نرخی نه‌وت ماوه و ئه‌وه‌ش ماوه‌یه‌كی كه‌می ده‌وێت و چاره‌سه‌ر ده‌كرێن.
گوتیشی: له ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌دا بۆ یه‌كه‌م جار به شه‌فافی داهات و خه‌رجی و قه‌رزی نه‌وت خراوه‌ته‌ڕوو و ده‌بێته به‌شێك له بودجه‌كه و ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكی گرنگه بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی شه‌فافییه‌ت.
روونیشیكرده‌وه، پڕۆژه‌ی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان دوای په‌سندكردنی له په‌رله‌مانی كوردستان ده‌بێته هه‌نگاوێكی گرنگ بۆ دابه‌زاندنی ده‌سه‌ڵات و په‌یڕه‌وكردنی سیستمی لامه‌ركه‌زی چونكه بودجه‌ی وه‌زاره‌ته‌كان دیاریكراوه و ده‌سه‌ڵاتیش ده‌درێت بۆ خه‌رجكردنی.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، به هه‌بوونی یاسای بودجه هه‌نگاوی گرنگ له پرۆسه‌ی چاكسازی ده‌نرێت چونكه چیدیكه ئه‌و به هه‌ده‌ردانه‌ی داهات نامێنێت و سه‌رجه‌م داهاته‌كان كۆده‌كرێته‌وه و به دادپه‌روه‌ری دابه‌ش ده‌كرێت. هه‌روه‌ها دامه‌زراوه‌كان ده‌بووژێنه‌وه و ده‌سه‌ڵاتی خه‌رجكردنی پاره‌یان پێ ده‌درێته‌وه.
وه‌زیری دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان باسی له‌وه‌شكرد، به رێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا كه‌رتی وه‌به‌رهێنان له هه‌رێم گه‌شه ده‌كات و ده‌بووژێته‌وه.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، وه‌زیری دارایی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان "یارمه‌تیده‌ره بۆ چاكسازی، كه ئێستا گه‌نده‌ڵی تا ئاستێكی زۆر له هه‌رێم بڵاوبووه‌ته‌وه و كابینه‌ی نۆیه‌م له پێكهاتنییه‌وه، بابه‌تی چاكسازی كردووه‌ته كارنامه‌ی سه‌ره‌كی خۆی".
سه‌باره‌ت به سیاسه‌تی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، "ئاوات شێخ جه‌ناب" پێی وایه، ئه‌گه‌ر پرسی نه‌وت له لایه‌ن هه‌ندێك لایه‌نه‌وه به‌وه راڤه ده‌كرێت، گوایه هۆكای كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدایه، ئه‌وا؛ له هه‌رێمی كوردستانیش گله‌یی له‌سه‌ر هه‌یه و گوتی: "ئێمه خۆمان له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ره‌خنه‌مان له سیاسه‌تی نه‌وت هه‌یه و هه‌وڵده‌ده‌ین پێداچوونه‌وه به گرێبه‌سته‌كانی نه‌وت، به خه‌رجییه‌كانی نه‌وت و به گواستنه‌وه‌ی نه‌وت بكه‌ین و هه‌وڵده‌ده‌ین سیاسه‌تی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان راستبكه‌ینه‌وه".
له باره‌ی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، وه‌زیری دارایی حكومه‌تی هه‌رێم، كه هاوكات ئه‌ندامی شاندی دانووستانكاری هه‌رێمه، گوتی: "كێشه‌كه به پله‌ی یه‌ك سیاسییه و ئاراسته‌یه‌ك، كه له‌گه‌ڵ سه‌پاندنی حوكمی زۆرینه‌دایه، ده‌یه‌وێت ئه‌و پرسه بكاته كارتی فشار بۆ لاوازكردنی هه‌رێمی كوردستان و هه‌ولێر ناچار بكه‌ن واز له كه‌رتی نه‌وت بهێنێت".
ئاشكراشیكرد، "شاندی دانووستانكاری هه‌رێمی كوردستان، كاری خۆی له هه‌موو ئاسته‌كان ته‌واو كردووه".
له كۆتایی وته‌كانیدا، وه‌زیری دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌ندامی شاندی دانووستانكاری حكومه‌تی هه‌رێم، "ئاوات شێخ جه‌ناب"، گوتی: "جێی خۆیه‌تی باسی ئه‌وه بكه‌ین، یه‌كێك له‌و شتانه‌ی وایكردووه ئێمه هه‌نگاوی باش به‌ره‌و پێشه‌وه بچین، ئه‌وه بوو، ئه‌مجاره جۆرێك له یه‌كگرتوویی له گوتاری كوردی له به‌غدا هه‌بوو. هه‌موو لایه‌نه كوردییه‌كان هه‌ماهه‌نگ بوون له‌سه‌ر ئه‌و بودجه‌یه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دیاریكردووه".