بایدن ئەمەریکا بە رووی پەنابەراندا دەکاتەوە

بڕیارێکی ترەمپ هەڵدەوەشێنێتەوە
خۆپیشاندانی ئەمەریکییەکان بۆ پشتگیریی لە پەنابەران
خۆپیشاندانی ئەمەریکییەکان بۆ پشتگیریی لە پەنابەران

K24- هەولێر:

جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، راگرتنی هاتنە ناوەوەی پەنابەری یاسایی لە رێگای گرین کارد (کارتی سەوز) هەڵوەشاندەوە و جارێکی دیکە سیستمی وەرگرتنی پەنابەران لە رێگای گرین کارد چالاک دەکاتەوە.

پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، بە بیانووی پاراستنی هەلی کارەکانی ناو ئەمەریکا، پێدانی گرین کارتی وەستاندبوو. لە 31ـی کانوونی یەکەم، ترەمپ ئەو بڕیارەی بۆ مانگی ئاداری ئەمساڵ درێژکردەوە.

لەبارەی ئەو بڕیارەی ترەمپ، بایدن راگەیاند: "بڕیارەکە لە بەرژەوەندی ئەمەریکادا نییە''.

راشیگەیاند: "بە پێچەوانەوە، بڕیارەکە زیان لە ئەمەریکا دەدات بەتایبەت کاتێک دێتە سەر بە یەکشادبونەوەی پەنابەرانی یاسایی ئەمەریکا لەگەڵ خێزانەکانیان. هەروەها زیان لە ئەمەریکا دەدات چونکە بێبەش دەبین لە بەهرە و توانا جیاوازەکانی جیهان''.

هەر بە بیانوی پاراستنی ئاسایشی ئەمەریکا، دۆناڵد ترەمپ گەشتی هاووڵاتیانی چەند وڵاتێکی ئیسلامی لە رێگای ڤیزا قەدەغەکرد.

گرین کارت، کارتی مانەوەی هەمیشەییە لە ئەمەریکا. نزیکەی 14 ملیۆن هەڵگری گرین کارت لە ئەمەریکا هەیە، نۆ ملیۆنیان مەرجی ئەوەیان تێدایە ببنە هاووڵاتی ئەمەریکی، هەروەها 65 هەزار لەوان، لە ریزی سوپای ئەمەریکا خزمەت دەکەن.

France24