ماریا ھەورامی لە ھەولێر بە گۆرانی وەڵامی مووشەكەكان دەداتەوە

ئاراس فاتح دەرھێنەری ڤیدیۆ كلیپەكەیە
kurdistan24.net

K24  - ھەولێر

خانمە ھونەرمەند ماریا ھەورامی، نوێترین بەرھەمی ھونەری لە ھەولێر تۆمار دەكات و ڤیدیۆ كلیپەكەی لەناو بازاڕی قەیسەری و قەڵای ھەولێر دەگیرێت، دەرھێنەری ڤیدیۆ كلیپەكە ئاماژەی بۆ دەكات، بیرۆكەكەی ئەو بەرھەمە دوای ھێرشە مووشەكییەكەی ھەولێر ھاتووەتە ئاراوە.

ماریا ھەورامی، بە كوردستان24ی گوت: "لەو كاتەدا كە خەڵكی ھەولێر بێتاقەت بوون، ویستم بەرھەمێك و یادگارییەك لەگەڵ خەڵكی ھەولێر تۆمار بكەین و لەگەڵ خەڵك پێكەوە دڵخۆش بین".

گوتیشی: "سوپاسی ئەو پێشوازیە دەكەم كە لەلایەن خەڵكی ھەولێر لێمان كراوە، ئەو خەڵكە شایەنی ئەوەن ئیشی باشیان بۆ بكرێت".

ئاراس فاتح، دەرھێنەری ڤیدیۆ كلیپی گۆرانیەكە بۆ كوردستان24 گوتی: "بیرۆكەی سیناریۆی كیلپەكە دوای ھێرشە مووشەكییەكەی سەر ھەولێر بوو، بەداخەوە كە ئەو مووشەكانە خەڵكیان نیگەران كرد، بەڵام ئێمە دەمانەوێت بە گۆرانیی و میوزیك دژی نەیاران بوەستین و پێیان بڵێین ئێمە لە كوردستان لە ھیچ دوژمنێك ناترسین".

ئەو بەرھەمە لە ئاوازی لەلایەن ئاریوس حەمەسەعید و ھۆنراوەی گۆرانییەكە ھی حەمەسەعید ئیبراھیمە.