لە سلێمانی كۆنفرانسێك بۆ سەربەخۆیی كوردستان بەڕێوە دەچێت

"لێكۆڵەر و شارەزایانی وڵاتان بانگێشت كراون"
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

لە ژێردروشمی بەرەو ناسنامە و سەربەخۆیی كوردستان لە سەردەمی جیھانگیریدا كۆنفرانسێكی نێو دەوڵەتی لە زانكۆی سلێمانی بەڕێوە دەچێت.

پەیامنێری (كوردستان24) لە سلێمانی رایگەیاند: "ئەمڕۆ زانكۆی سلێمانی بە ھاوكاری ناوەندی چاودێر بۆ چاپ و بڵاوكردنەوە، لە ژێر دروشیمی بەرە و ناسنامە و سەربەخۆیی كوردستان كۆنفراسێكی نێودەوڵەتی رێكخست، تێیدا نوێنەری رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و نوێنەری پارتە سیاسییەكان لەسەر ئاستی باڵا لە ھەر چوار پارچەی كوردستان بەشداریان لە كۆنفرانسەكەدا كردووە".

دكتۆر عەباس مستەفا، ئەندامی لیژنەی باڵای كۆنفراسەكە بە (كوردستان24)ی راگەیاند: "دوای سەد ساڵ نەھامەتی و دەردەسەری و ماڵوێرانی بۆ كوردستان، بەیانی سەد ساڵی بەسەر رێككەوتنامەی سایكس پیكۆ تێدەپەڕێت ھاوكاتە لەگەڵ ئەوەی كە پرسی سەربەخۆیی و ئازادی كوردستان لە كۆنفرانسی نێودەوڵەتی فەراھەم بكرێت".

گوتیشی: "ئامانجی ئەو كۆنفرانسە بەرەو سەربەخۆیی بوونی كوردستان و سەربەخۆیی بوونی نەتەوەی كوردە، زیاتر لە 12 لێكۆڵەر و مێژوونووس و شارەزا لە وڵاتان لەسەر ئەم پرسە لێكۆڵینەوەیان كردووە و بانگێشتی كۆنفرانسەكە كراون".

ئەمە لە كاتێكدایە ئێستا ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆتە باسی رۆژ لە نێو كایە سیاسییەكان و ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان، پێشتر مەسعوود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان رایگەیاندبوو، پێش ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا ریفراندۆم لە باشووری كوردستان ئەنجام دەدرێت.