حكومەتی عێراق ئامادەكاری بۆ پڕۆژەیاسای نەوت و گاز دەكات

وەزیری نەوتی عێراق: یاساكە دەبێتە فاكته‌ری رێكخستنه‌وه‌ی بەڕێوەبردنی سامانی نەوت و گاز
دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 - ھەولێر

عێراق ئامادەكاری بۆ بڕیاردان لەسەر پڕۆژه‌ یاسای رێكخستنی سامانی نەوت و گاز دەكات.

ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگه‌یاند، گرنگە پەلە له‌ بڕیاردان لەسەر ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای نەوت و گازی فیدراڵی بكرێت و ئاماژەیدا، یاساكە دەبێتە فاكته‌ری رێكخستنه‌وه‌ی بەڕێوەبردنی سامانی نەوت و گاز لە عێراق.

وەزیری نەوتی عێراق راشیگەیاند، لە كۆبوونەوەكەی وەزارەتی نەوتدا تاوتوێ و پێداچوونەوەی دوا ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاساكە كراوە تاوەكو بە زووترین كات بڕیاری له‌سه‌ر بدرێت و رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران بكرێت، تاوەكو واژۆ بكرێت و دواتر ئەنجومەنەكە رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی دەكات تاوەكو گفتوگۆ و ده‌نگدانی لەسەر بكرێت.

ئیحسان عه‌بدولجه‌بار، گه‌شبینه‌ له‌وه‌ی یاساكه‌ ده‌بێته‌ ھۆی پەرەپێدانی كەرتی نەوت و گاز و ھەروەھا وەبەرھێنان لە سامانی نیشتمانی.