ھۆشداری لە تێپەڕاندنی بودجەی عێراق بەبێ كورد دەدرێت

ھەرێمی كوردستان ھەوڵی رێككەوتن لەسەر بنەمای دەستوور دەدات
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، ئەگەر بەبێ کورد پڕۆژەیاسای بودجە تێپەرێنرێت حکومەتی هەرێمی کوردستان، بژاردەی دیکەی هەیە و بەو بژاردانەش دەتوانێت مووچە و بودجەی خۆی دابین بکات، بەڵام  هەولێر تا دوایین هەنگاو هەوڵی رێککەوتن دەدات. شارەزایەکی یاسایی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، هەولێر جگە لە ئاگادارکردنەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، به ئەنجامدانى چاکسازییەکانی وادەکات بودجە و مووچەی خۆی دابین بکات.

پەرلەمانی عێراق لە چاوەڕوانی دەرئەنجامی گفتوگۆکانی شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان و لیژنەی داراییە، هەڕەشەش دەکرێت رێککەوتن بکرێت یان نا بەبێ کورد پڕۆژەیاساکە تێدەپەرێنرێت، ئەمەش دۆخەکە زياتر ئاڵۆز دەكات، لەم حاڵەتەشدا بژاردەکانی بەردەم حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆرن.

بژاردە و بڕیارە سیاسییەکانی بەردەم حکومەتی هەرێمی کوردستان دیار نین، بەڵام بۆ بژاردەی خۆبەڕێوەبەردن و لەسەر پێ وەستانی  دیارن، ئەویش خێرا جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و کەمکردنەوەی خەرجیەکانە، شارەزایەکی یاساییش دەڵێ  هەولێر جگە لە ئاگادارکردنەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی  چاکسازییەکانی وادەکات بودجە و مووچەی خۆی دابین بکات.

هەرێمی کوردستان ئەو سیناریۆیەی لەبەرچاوگرتوە، ئەگەر هات و بێ کورد پڕۆژەیاسای بودجە تێپەرێنرێت ئەوا بژاردەی زۆری لەبەردەمە لەسەرووی هەمووشیان خێرا جێبەجێکردنی تەواوی ماددەکانی یاسای چاکسازیه لە رێگەی زيادكردنى سەرچاوەکانی داهات، سەرکەوتنی ئەم بژاردانەش  پێوستی بە پشتگيری لایەنە سیاسییەکانە.