شەقامی 150 مەتری بازاڕی خانووبەرە دەبووژێنێتەوە
K24 - ھەولێر
ئەمڕۆ بەشێكی شەقامی 150 مەتری كە درێژییەكەی 10 كیلۆمەتر، دەكرێتەوە. شەقامی 150 مەتری، بووەتە ھۆكاری بووژانەوەی پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون و بازرگانی لەو ناوچەیە و خواست لەسەر كڕین زیاد دەبێت، خاوەن كۆمپانیاكانی خانووبەرە ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، لەگەڵ كردنەوەی شەقامەكە، نرخی یەكەكانیش بەرزبوونەتەوە، وەبەرھێنەرانیش پلانیان ھەیە بۆ فراوانكردنی پڕۆژەكان و دروستكردنی پڕۆژەی زیاتر لەسەر شەقامی 150 مەتری.
لەسەر شەقامی 150 مەتری، بەشێكی زۆری پڕۆژەكان تەواوبوونە و تادێ لە رووی نیشتەجێبوونەوە قەرەباڵغتردەبن، لە رێگەی بەحركە بۆسەر رێگای شەقڵاوە، دەیان پڕۆژەی نیشتەجێبوون ھەن، گەورەترینشیان كە نزیكەی 1900 یەكەیە لە ماوەی ئەمساڵدا تەواو دەكرێت.
لەگەڵ كردنەوەی شەقامی بازنەیی خێرای 150 مەتری، نرخی یەكەكانی نیشتەجێبوون بەرێژەی جیاجیا بەرزبوونەتەوە، بەگوتەی خاوەن پڕۆژەكان، خانوو و شوقەكانی سەر شەقامی 150 مەتری خواستی كڕینان لەسەر لەزیادبووە و خەڵك و بازرگانانیش زیاتر روو لەو شوێنە دەكەن.
زەوییەكی زۆر بۆ وەبەرھێنان بەردەستە و دەرفەتیش رەخسێندراوە، بۆ ئەو وەبەرھێنەرانەی دەیانەوێت پڕۆژە ئەنجام بدەن، د. محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرھێنان، شەقامی 150 مەتری بە پڕۆژەیەكی ستراتیژی گرنگ ناودەبات و ئاشكرای دەكات، پلانیان ھەیە لە بەشی دووەم و سێییەمیش، مۆڵەتی پڕۆژەی جیا جیا بدەنە وەبەرھێنەران.