مەسرور بارزانی زانیاری لەبارەی ئەنجامدەرانی هێرشەکەی هەولێر ئاشکرا دەکات

سەرۆکی حکومەت چەند زانیارییەک دەخاتەڕوو
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24- هەولێر:

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە مەراسیمی کردنەوەی قۆناغی یەکەمی شەقامی 150 مەتری لە هەولێر رایگەیاند، ئەنجامی زۆر باش لە هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی هێرشەکەی هەولێریان ئەنجامدا دەستکەوتوون.

راشیگەیاند، راستەوخۆ دوای هێرشەکە، پەیوەندیم بە سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە کرد و هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد و زوو ئەنجامی باشیان بەدەستهێنا.

مەسرور بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، نامەوێت لێرە شتەکان ئاشکرا بکەم چونکە هێشتا بە تەواوی لێکۆڵینەوەکان تەواو نەبوون، بەڵام بە هاووڵاتیانی خۆشەویست دەڵێین، زانیاری لەبارەی ئەنجامدەران و زۆر شتی دیکەش بە دەستکەوتوون و ئاشکرا دەکرێن.

سەرۆکی حکومەت لە مەراسیمەکە گووتی، هەموو ئەو هەوڵانەی دژی هەرێمی کوردستان هەبوون، سوپاس بۆ خودا شکستیان هێنا.

بەهۆی هێرشە مووشەکییەکەی هەولێر، دوو کەس گیانیان لەدەستدا و حەوت کەسیش برینداربوون. یەکێک لە کوژراوەکان بەڵێندەرێک بوو کاری لەگەڵ ئەمەریکییەکان دەکرد و ئەوی دیکەش هاووڵاتییەکی مەدەنی بوو.