نهێنییه‌کانی پشتی نه‌شته‌رگه‌ریی جوانکاریی
وێڕای کۆمه‌ڵێک کێشه‌ی سیاسیی و ئابووریی، که به‌رۆکی ئێمه‌ی له باشووری کوردستاندا گرتووه، کۆمه‌ڵێک کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تییش بووه به ئه‌رکێکی قورس به‌سه‌ر شانمانه‌وه. یه‌کێک له‌وانه کێشه‌ی نه‌شته‌رگه‌ریی جوانکارییه. جوانکاریی له خۆیدا به‌شێکه له ژیانی هه‌موو بوونه‌وه‌ره‌کان، که به به‌رده‌وامیی سه‌رقاڵیی جوانکردنی خۆمانین، له مارمێلکه‌یه‌که‌وه بیگره هه‌تاوه‌کوو فیلێک. لێ هه‌موو ئه‌مانه پرۆسه‌یه‌کی سروشتیین.
هه‌نێک بوونه‌وه‌ر زمان به‌کارده‌هێنن بۆ خۆپاککردنه‌وه و خۆڕێکخستن، وه‌ک پشیله و سه‌گ، هه‌ندێک بوونه‌وه‌ر ده‌نووک، وه‌ك باڵنده‌کان، به‌شێکی گه‌وره‌ش ئاو به‌کارده‌هێنن، بۆ خۆخاوێنکردنه‌وه، له باڵنده‌کانه‌وه هه‌تاوه‌کوو مرۆڤ. خودی به‌راز که مرۆڤ پێیوایه ئاژه‌ڵێکی پیس و پۆخڵه، لێ به‌راز بۆ خۆپارێزیی خۆی له قوڕ و لیته هه‌ڵده‌کێشێت. پێستی به‌راز، پێستێکی ناسکه و به‌رگه‌ی تیشکی خۆر ناگرێت، هه‌ربۆیه بۆ خۆپارێزیی خۆیان له قوڕهه‌ڵده‌کێشن، ئه‌مه‌ش وه‌ک کرێمی دژ به خۆر به‌کاردێنن. خاڵێکی تر ئه‌وه‌یه، که به‌راز ئاره‌ق ناکاته‌وه، وه‌کوو سه‌گیش له ڕێگای لیکی ده‌مه‌وه، ئاوی زیاده‌ی له‌ش فڕێناده‌نه ده‌ره‌وه، به‌مشێوه‌یه له‌شی به‌رزار گه‌رم داده‌گه‌ڕێت، به‌تایبه‌ت له وه‌رزی به‌هار و هاوییندا. خاڵێکی تر، بریتییه له خۆپارێزیی دژ به پێوه‌دانی مێش و مێشوله و ئینسێکتی تر. هه‌موو ئه‌مانه به‌شێکن له سروشتی بوونه‌وه‌ره‌کان، لێ هیچ بوونه‌وه‌رێک به چه‌قۆ به‌رنابێته خۆی، مرۆڤ نه‌بێت. ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی، که مرۆڤ بوونه‌وه‌رێکی بیرکه‌ره‌وه‌یه و خاوه‌نی مێشکێکی جیاوازتره وه‌ک له بوونه‌وه‌ره‌کانی تری سه‌ر زه‌ویی.
لێ نه‌شته‌رگه‌ریی جوانکاریی چاره‌سه‌ری کێشه‌کانمان ناکات. چونکه له پشتی نه‌شته‌رگه‌ییه‌کانه‌وه کۆمه‌ڵێک کێشه‌ی ده‌روونیی هه‌یه، له‌وانه ترس، دێپرێسیۆن "خه‌مباریی"، تێکچوونی خۆراکخواردن، تێکچوونی خۆراکخواردنیش بریتییه له تێکچوونی هه‌ڵسوکه‌وت و مامه‌ڵه. ICD-10 که کورتکراوه‌ی پۆلێن‌کردنی نێونه‌ته‌وه‌یی شێواندنه‌کانه (شێواندنه ده‌روونییه‌کان، نه‌خۆشییه ده‌روونییه‌کان)، تیشک ده‌خاته سه‌ر شه‌ش جۆر له تێکچوونی خۆراکخواردن. که زۆتریین بڵاوبوونه‌وه‌یان بریتییه له ئه‌نۆرێکسیا نێرڤوزا (Anorexia nervosa)o و (Bulimia nervosa) بولیمیا نێرڤوزا. له هه‌بوونی ئه‌نۆرێکسیا نێرڤوزا مرۆڤ زۆر که‌م خواردن ده‌خوات، له ترسی ئه‌وه‌ی قه‌ڵه‌و نه‌بێت، یان که ده‌شخوات، خێرا خۆی ده‌ڕشێنێته‌وه له ترسی قه‌ڵه‌و بوون. له بولیمیا نێرڤوزا مرۆڤ به هیچ تێرنابێت، وه‌ک ئه‌وه‌ی مرۆڤ بییه‌وێت و ئاماده بێت گایه‌ک بخوات. له پشتی هه‌ر یه‌کێک له‌مانه‌شه‌وه ترس و خه‌مباریی بناغه و هۆکاری ئه‌م لێکه‌وتنه‌وانه‌ن.
نه‌شته‌رگه‌ریی مه‌مک دیارده‌یه‌کی به‌ربڵاوی ناو کچان و ژنانه به گشتیی له جیهاندا. له ده ساڵی ڕابووردیشدا بوو به به‌شێک له ژیانی کچان و ژنانی کورد له باشووردا. ئه‌م ژنانه له پێش نه‌شته‌رگه‌ر‌ییه‌کانیاندا خه‌مباربوون به هه‌ڵکه‌وته‌ی مه‌مکیان به‌وشێوه‌یه‌ی، که سروشت پێیداون. ئه‌مانه له‌دوای نه‌شته‌رگه‌ریی ئاسووده بوون، لێ به‌خته‌وه‌رنه‌بوون. چونکه که‌موکورتیی تریان له خۆیاندا ده‌دۆزییه‌وه. له‌وانه لێو، چرچی ده‌وری چاوه‌کان، لوت، قه‌ڵه‌ویی ...هتد. له ڕاستییدا ئه‌رکی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی و کۆمه‌ڵایه‌تییه، که هه‌ڵبستێت به پشکنینێک بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئامارێک له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی، که چه‌ندی دانیشتوانی هه‌رێم نه‌شته‌رگه‌ریی جوانکاریی ده‌که‌ن، چ جۆرێک ده‌که‌ن، چه‌ند پاره‌ی تێدا خه‌رجده‌که‌ن. چه‌ندی له ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌که‌ن ....هتد. هه‌تا له‌م ڕێگایه‌وه چاودێریی ئاماری نه‌شته‌رگه‌رییه‌کان بکه‌ین، ئامانجیش تێیدا چاودێریی ته‌ندروستیی هاووڵاتییانه چ ده‌روونیی و چ سۆماتیی (فیزیکیی).
کێشه‌ی ده‌روونیی ڕه‌گی سه‌ره‌کیی هه‌موو نه‌شته‌رگه‌رییه‌کانی جوانکارییه. ڕه‌گی به‌شێک له‌م کێشانه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ گه‌شه‌ی پێشینه‌ی منداڵیی و به‌شێکی تریش له قۆناغی هه‌رزه‌ییه‌وه، به‌هۆی کێشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه ده‌ستپێده‌کات. کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی ده‌ربڕینێکی ئاڵۆزه، ده‌ربڕیینێکی کۆمپلێکسه، چونکه له مێشکی زۆرینه‌ی ئێمه‌دا، وێنه‌یه‌کی حه‌یا و حورمه‌رت و سێکسوال دروستده‌کات. به‌ڵام ئه‌مه بیرکردنه‌وه‌یه‌کی هه‌ڵه‌یه، ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌ش له ڕێگای میدیای کوردییه‌وه به‌رهه‌مهاتووه و هاووڵاتییانیش فێری بوون. کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی تێزێکی گشتگیره، بۆ نموونه مۆب و په‌سه‌ندنه‌کردن له کۆمه‌ڵدا، ترس له په‌سه‌ندنه‌کردن له کۆمه‌ڵدا، پێنه‌دانی نرخ له کۆمه‌ڵدا ....هتد. به‌شێکن له کێشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان.
به‌مشێوه‌یه تاک ژیانێک ده‌ژیی، که ژیانی خۆی نییه، داوایه‌کی له خۆی هه‌یه، که داوای خۆی نییه. تاک ئیگۆی هه‌ڵیده‌سوڕێنێت و "خود"ی ژێرده‌سته‌ی ئیگۆ ده‌کات. تاک به‌رده‌وام به‌بێ پشوو له بیرکردنه‌وه‌دایه، هێشتا برینه‌کانی نه‌شته‌رگه‌رییه‌کی چاکنه‌بوونه‌ته‌وه، بیر له نه‌شته‌رگه‌رییه‌کی تر ده‌کاته‌وه. کاتێک پرسیار له تاک ده‌کرێت، که ئاخۆ بۆچی ئه‌م کاره ده‌کات، وه‌ڵامێکی ناڕاست ده‌داته‌وه، که بریتییه له، چونکه له توانامدا هه‌یه بیکه‌م، چونکه پاره‌م هه‌یه، چونکه دڵنیام هه‌ر که‌س پاره‌ی هه‌بێت، ئه‌ویش وه‌ک من حه‌ز ده‌کات نه‌شته‌رگه‌ریی جوانکاریی بکات ....هتد. هه‌موو ئه‌مانه به‌رهه‌می ئیگۆن، که بۆ پارێزگارییکردن له کرده‌کانی وه‌ک ئار‌گومێنت به‌کاری ده‌هێنێت.
فیل سیمبوڵێکی گرنگیی ده‌روونناسییه، ئه‌ویش به‌هۆی وه‌بیرهاتنه‌وه‌ی به‌هێزیه‌وه، به‌هۆی کۆمه‌ڵایه‌تییبوونیه‌وه، به‌هۆی زیره‌کییه‌وه. لێ مرۆڤ فیل دیل ده‌کات، که دواجار ناوی ده‌نێین ماڵییبوون. ماڵییبوونی فیلێک و کۆترێک یان مریشکێک یان که‌وێک، که ئازاد له باخه‌که‌تدا دێت و ده‌چێت جیاوازه. چونکه فیلێک ئاژه‌ڵێکی گه‌وره‌یه و ده‌توانێت زیان بخاته‌وه. هیندییه‌کان فیل زۆر ماڵیی ده‌که‌ن، به‌ناو گووند و شاره‌کاندا ده‌یانگێڕن. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م فیله زیان نه‌خاته‌وه دارێکی گه‌وره‌ی ده‌ده‌نێ هه‌تا هه‌ڵیبگرێت. ئه‌و سواره‌شی، که فیله‌که به‌ڕێده‌کات، به‌بێ کێشه به‌ناو گووند و شاره‌کاندا ده‌ڕوات، به‌بێئه‌وه‌ی ترسی له‌وه هه‌بێت، که فیله‌که زیان بخاته‌وه.
ئه‌م دیمه‌نه چیمان پێده‌ڵێت؟ ئه‌م دیمه‌نه پێمانده‌ڵێت، که‌ی ده‌ستبه‌رداری بیرکردنه‌وه بوویت، ئه‌و کات که‌متریین زیان ده‌خه‌یته‌وه یان زیان ناخه‌یته‌وه. ئه‌گه‌ر مرۆڤ به‌رده‌وام بیر له مه‌مکی نه‌کاته‌وه، ئه‌وا نه‌شته‌رگه‌ریی ناکات، بیر له لێوی، چرچی ده‌مووچاو، قه‌ڵه‌ویی ....هتد. نه‌کاته‌وه نه‌شته‌رگه‌ریی ناکات. به‌مشێوه‌یه خود ئازاد ده‌بێت و ئیگۆش ده‌ستبه‌رداری ئه‌وه ده‌بێت، که خود دیلی خۆی بکات.
فاکتۆرێکی تری نه‌شته‌رگه‌رییه‌کانی جوانکاریی بریتییه له هه‌بوونی که‌ڕاکته‌رێکی نارسیست. له ده ساڵی ڕابوورددا سۆسیال میدیا به گشتیی له جیهاندا کاریگه‌رییه‌کی زه‌به‌لاحی له‌سه‌ر کۆمه‌ڵ دانا. به‌ڵام ئه‌مه به ته‌نها به‌س نییه، که وه‌ک به‌ڵگه یان ئارگوومێنت به‌کاریبهێنین، چونکه که‌ڕاکته‌ری تاک ڕۆڵێکی گه‌وره له‌م پرۆسه‌یه‌دا ده‌بینێت. سۆسیال میدیا ته‌نها ڕێژه‌ی که‌ڕاکته‌ره شێواوه‌کان ئاشکرا ده‌کات. به‌و ئازادییه‌ی، که تاک له سۆسیال میدیادا هه‌ستی پێده‌کات، ئازادانه‌تر چ ده‌نووسێت، چ ده‌دوێت و چ بڵاویشده‌کاته‌وه. تاک پێویستی به په‌سه‌ندێتیی و پیاداهه‌ڵدان و ده‌ستخۆشیی لێکردنه. هه‌موو ئه‌مانه له ژیانی ڕۆژانه‌ی تاک یان بوونی که‌مه یان هه‌ر نییه. هه‌موو ئه‌مانه له گه‌شه‌ی پێشینه‌ی منداڵییدا یان بوونیان ده‌گمه‌ن بووه یان هه‌ر نه‌بووه. تاک له ته‌مه‌نێکدا، که ته‌مه‌نی ته‌نها یه‌ک ساڵه و به‌س، فێرده‌بێت هه‌رچی خۆشه‌ویستیی خۆی هه‌یه، که ده‌یدات به دایک و دایک له ئاگاییدا بێت یان له نائاگاییدا وه‌ریناگرێت، ده‌یگێڕێته‌وه بۆ خۆی. ساوا ته‌ماشای دایک ده‌کات و پێده‌که‌نێت و خۆشه‌ویستیی نیشانده‌دات، لێ دایک ته‌ماشای ساوا ناکات و سه‌رقاڵه به‌شتێکی تره‌وه. تاک لێره‌دا بناغه‌ی نارسیستی خۆی لێده‌دات و له‌گه‌ڵ گه‌شه‌کردنیدا نهۆم له‌دوای نهۆم له‌سه‌ر ئه‌م بناغه‌یه دروستده‌کات. ئیمڕۆش سۆسیال میدیا، به‌تایبه‌ت ئینسته‌گرام ڕۆڵێکی گه‌وره له ده‌رخستنی تاکه نارسیسته‌کاندا ده‌بینێت. تاکی نارسیستی ئه‌م سه‌ده‌یه، تاکێکی به‌رده‌وام له‌سه‌ر مێزی نه‌شته‌رگه‌ریی جوانکاریی که‌وتووه، به‌بێ تێربوون، به‌بێ ڕاوه‌ستان و به‌بێ به‌س بوون. ئه‌م تاکه تووشی گرفتێکی گه‌وره‌تر ده‌بێته‌وه کاتێک ته‌مه‌نی له چل ساڵیی نزیکده‌بێته‌وه، ترسێکی گه‌وره‌ی پیربوونی لێده‌نیشێت، ترسێک که ئارامبوونه‌وه‌ی گه‌لێک سه‌خت ده‌که‌وێت له‌سه‌ری. کاتێکیش ده‌گاته چل ساڵیی تووشی گرفتێکی تری نوێ ده‌بێت، که پێیده‌ڵێن قه‌یرانی ناوه‌ڕاستی ژیان (Midlife Crisis) . لێره‌دا تاک هه‌وڵده‌دات، که هه‌روه‌کوو گه‌نجه جوانه‌که‌ی جاران ده‌ربکه‌وێت، ئه‌مه‌ش نه‌شته‌رگه‌ریی له‌دوای نه‌شته‌رگه‌ریی به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت. تا ئه‌و سنوره‌ی، که ته‌ندروستیی تاک چیدی ڕێگا به هیچ نه‌شته‌رگه‌رییه‌کی تر نه‌دات.
ماوه‌ته‌وه له ده‌می بودداوه بڵێم، ڕابردووت هه‌رچه‌نده سه‌خت و ناخۆش بووبێت، تۆ هه‌میشه ده‌توانیت سه‌ره‌تایه‌کی نوێ ده‌ستپێبکه‌یت.
25.02.2021