13 ساڵ به‌سه‌ر رووخانی به‌عسدا تێپه‌ڕی و هێشتا گومان له‌سه‌ر ئایینده‌ی عێراق هه‌یه‌

دوای 13 ساڵ رووخانی به‌عس چ شتێك له‌ عێراق گۆڕاوه‌
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/9ae4c6db-00a2-4d83-89a8-d4d25f42a73d/Ruxani%20%20Rjemi%20Baes.ism/manifest

K24 - هه‌ولێر:

لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆداو 9-4-2003 رژێمی بەعس رووخێندرا، بەشێك لە لایەنە سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستان پێیان وایە، ھێشتا ئەو دەستكەوتانە نەھاتوونەدی، كە گەلانی عێراق و كورد لە پێناویدا خەباتیان كرد و تێكۆشان، ئەوان نیگەرانن لەوەی تا ئێستاش كورد فەرامۆش كراوە.

9-4-2003 یه‌كێكه‌ له‌ ڕۆژه‌ مێژوویه‌كانی گه‌لانی عێراق، چونكه‌ له‌وبه‌رواره‌دا ڕژێمی دیكتاتۆری به‌عس له‌لایه‌ن هێزه‌كانی هاوپه‌یمامنانه‌وه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا و به‌ریتانیا ڕوخێندرا. دوای ئه‌و ڕووداوه‌ش پێكهاته‌كانی عێراق به‌ئومێده‌وه‌ چاوه‌ڕوانی داهاتوویه‌كی گه‌ش و سه‌قامگیریان بۆ وڵاته‌كه‌یان ده‌كرد، به‌ڵام به‌ڕای چاودێرانی سیاسی له‌و به‌رواره‌ به‌دواوه‌ مللملانێ سیاسی و مه‌زهه‌بی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ڕۆژ به‌ڕۆژ عێراقی به‌ره‌و په‌رته‌وازه‌ بوون و حوكمی تاكڕه‌وی بردووه‌.

 ئێستاش لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌دوای 13 ساڵ تێثه‌ڕبوون، به‌سه‌ر ڕووخانی حوكمی دیكتاتۆری له‌عێراقدا، هێشتا به‌نیگه‌رانییه‌وه ‌باسی به‌شداریكردنی كورد له‌ حوكمڕانی عێراقدا ده‌كه‌ن، پارتی دیموركراتی كوردستان پێیوایه‌ له‌عێراقی ئێستادا ئیراده‌یه‌ك بۆ به‌شداری پێكردنی كورد نییه‌، بۆیه‌  كوردیش ده‌بێت بیر له‌ ئاینده‌ی خۆی بكاته‌وه‌.

حزبی شیوعی كوردستان، وه‌ك دێرینترین حزبی سایسی له‌ باشووری كوردستان، له‌ساڵڕۆژی یادكردنه‌وه‌ی ڕووخانی ڕژێمی به‌عسدا ، له‌زاری وته‌بێژه‌كه‌یه‌وه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ عێراق له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ ده‌وڵه‌تیكی سه‌پێنراوه‌ به‌سه‌ر گه‌لانی ناوچه‌كه‌دا و ده‌بێت كورد ڕیفراندۆم بكات بۆ جیابوونه‌وه‌ی له‌ عێراق.

توركمانه‌كان، وه‌ك به‌شێك له پێكهاته‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان.ئه‌وانیش  له‌دووای 13 ساڵ تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر ڕووخانی ڕژێمه‌كه‌ی سه‌دامدا هێشتا نیگه‌رانن به‌‌ په‌راویز خستنیان له‌ سیسته‌می حوكمڕانی عێراقدا .

ڕووخانی ڕژێمی دیكتاتۆری عێراق وه‌ك ده‌روازه‌یه‌ك ته‌ماشا ده‌كرا له‌ناوچه‌كه‌دا بۆ كرانه‌وه‌ی عێراق به‌ڕووی دیموكراسی و گه‌شه‌سه‌ندن‌، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ حوكمی تاكڕه‌وی و ململانێ مه‌زهه‌بی و  سیاسیه‌كان عێراقی دوچاری پارچه‌ پارچه‌بوون بكات.