یانه‌ی زاخۆ شوێنگره‌وه‌ی ئه‌حمه‌د سه‌ڵاحی ده‌ستنیشان كرد
یانه‌ی زاخۆ به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی سامی به‌حتی بۆ خولی نایابی عێراق به راهێنه‌ری نوێی یانه‌كه‌ی له شوێنی ئه‌حمه‌د سه‌ڵاح ده‌ستنیشان كرد.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه، 25 شووباتی 2021، یانه‌ی زاخۆ له به‌یاننامه‌یه‌كی فه‌رمیدا رایگه‌یاند كه سامی به‌حت سبه‌ی هه‌ینی بۆ راهێنه‌رایه‌تیكردنی یانه‌ی زاخۆ ده‌گاته هه‌رێمی كوردستان و هه‌ر له هه‌مان رۆژ سه‌رپه‌رشتی یه‌كه‌مین یه‌كه‌ی مه‌شقی راهێنانه‌كانی یانه‌ی زاخۆ ده‌كات، ئه‌م راهێنه‌ره له یه‌كه‌مین تاقیكردنه‌وه‌ی وه‌كو راهێنه‌ری یانه‌ی زاخۆ له خولی نایابی عێراق رۆژی دووشه‌ممه‌ی داهاتوو رووبه‌ڕووی یانه‌ی هه‌ولێر ده‌بێته‌وه.
سامی به‌حت ته‌مه‌نی 50 ساڵه، پێشتر راوێژكاری هونه‌ری یانه‌ی شوڕته و هه‌ڵبژارده‌ی عێراق بووه بۆ ئاستی ئۆڵمپی و پێشكه‌وتووان و لاوان، هه‌روه‌ها له خولی ئیماراتی و قه‌ته‌ری راهێنه‌رایه‌تی كردووه و راهێنه‌ری یانه‌ی دیوانیه‌ش بووه، دوایینجار له نێوان 2017 تا 2019 راهێنه‌ری یانه‌ی شیمالی قه‌ته‌ری بووه.
ئه‌حمه‌د سه‌ڵاح له قۆناخی یه‌كه‌می خولی نایابی عێراق 30 خاڵی كۆكرده‌وه و یانه‌كه‌ی له پله‌ی شه‌شه‌می ریزبه‌ندی جێگیر كرد، دواتر داوای لێبوردنی له كارگێری یانه‌ی زاخۆ كرد و ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی راگه‌یاند، له یه‌كه‌مین یاری قۆناخی دووه‌م هه‌یسه‌م موتعه‌ب یاریده‌ده‌ری راهێنه‌ر سه‌رپه‌رشتی یانه‌ی زاخۆی به‌رامبه‌ر كه‌رخ كرد و یارییه‌كه‌ش به گۆڵێك بۆ هه‌رلایه‌كیان كۆتایی هات.