بۆچی عێراقییەکان مەیلی دیکتاتۆریەت دەکەن؟

Kurd24

ئەمە کێشەی تەنها گەلانی عیراق نییە، بەڵکو ناوچەکەمان بەگشتی نوستالیژیا  و مەیلیان بۆ رابردوو گەلێک زۆرە، هەربەهۆی ئەو مەیل و خۆشەویستییەیان بۆ رابردوو، ناتوانن لە نێوان دوو بژاردەی ئێستا و رابردوودا دەربچن، بەهیچ شێوەیەک رێگای سێیەم و بیرلە بژاردەی نوێ ناکەنەوە، بۆیە کەوتوونەتە ئەم دۆخە، ناتوانن بەرەو پێشەوە بچن.

لەم چەند رۆژەی رابردوودا، کەناڵی عەرەبییە بە ئامانجی سیاسی، زنجیرە چاوپێکەوتنێکی رەغدی کچی دیکتاتۆری لە ناوچوو، سەددام حسێنی بڵاو کردەوە، ئەم چاوپێکەوتنە بووە هۆی دنەدانی زیاتری ئەو نۆستۆلۆژیایەی عیراقییەکان بۆ رابردوو، ئارەزوو کردن و خۆزگە هەڵکێشان بۆ سەردەمی حوکمی ئەو دیکتاتۆرەی کە خرابی باروودۆخی سیاسی ئێستای عیراقیش بەشێکی زۆری پەیوەستە بە مانەوەی ئەو میراتە سیاسی و فکرییەی بەعسییەکان، هەموو ئەو زوڵم و زۆرییەی بەعسییەکان بەهۆی خرابی حوکمڕانییەتی ئێستا لەبیر دەکەن، مەیل و ئارەزووی حوکمڕانییەتی ئەو دکتاتۆرە دەکەن، هەرلەسەردەمی ئەو دیکتاتۆرە بوو، عێراقی دووچاری سێ جەنگی وێرانکەرکردووە، بەبێ ئەوەی یەک دەسکەوتی هەبێت، جەنگی یەکەمی لە گەڵ کورد هەڵگیرساند، بۆ لە ناوبردنیان، ئاو خاکی عێراقی بەخشییە ئێران، ئەنجام ئاو خاکی دۆڕاند و کوردیش لە ناو نەچوون، جەنگی دووەمی لە پێناوی گەڕانەوەی ئەو خاک و ئاوە لەگەڵ ئێران هەڵگیرساند،  ماوەی هەشت ساڵ رۆڵەکانی بەکوشتن دان، جگەلە زیانی ئابوری بەبێ هیچ دەسکەوتێک لەو جەنگەش دەرچوو، سێیەم جەنگیشی داگیرکردنی کوێت و دۆڕاندنی یەکجاری بوو، ئەمەو سەرباری نەبوونی هیچ ئازادییەک و لەسێدارەدانی هەزاران کەس تەنها لەسەر وشەیەک، کوشتنی ئەندامانی سەرکردایەتی حزبەکەی بە تاک و کۆ.

کەچی دوای ئەو هەموو وێرانییەی بە چاوی خۆیان بینیویانە، بیری ئەو سەردەمە دەکەن، ناتوانن لە نێوان ئێستاو رابردوودا بیرلە بژاردەیەکی نوێترو باشتر بکەنەوە، هەمیشە ئێستا لەگەڵ رابردوو بەراورد دەکەن، ناتوانن لە بازنەی ئەو دوو بژاردەیەدا دەربچن، راستە عێراقی نوێ دروست نەبووەو نوخبەیەکی فاسید بەڕێوەی دەبەن، حوکمی میلیشیاکانە و باروودۆخی ئەمنی و ئابووری خراپە.

ئەی بۆچی دەگەڕێنەوە بۆ ئەو رابردووە رەشە و قسەکانی ئەو کچە دەیانجوڵێنێت؟ ئایا هیچ رێگایەک بژاردەیەکی تر نییە ؟جگە لە ئێستاو رابردوو نەبێت؟ بۆچی چاو بۆ دۆخێکی باشتر و نوێ تر ناگێڕن، هێزێک ئەزموون کرابێ گەڕانەوەی بۆ چییە؟

ئەمە کێشەی گەلانی رۆژهەڵاتە بەگشتی ناتوانن چاویان لە داهاتوو بێت، ئەوەندەی بیر و ئارەزوویان لای رابردووە، نیو ئەوەندە چاویان لەسەر داهاتوو نییە، عێراقییەکان ئەگەر بیانەوێت لەم دۆخەی ئێستا دەربچن با چاو بۆ بیری نوێ وسیاسی و هێزی نوێ بگێڕن، پشت بە جیهانی ئازاد ببەستن، بەکەمتر لە دیموکراسی و ئازادی رازی نەبن، خۆیان لە دەمارگیری رزگار بکەن، ئەمە چارەسەرە، نەک گەڕانەوە بۆ رابردوویەکی رەشتر لە ئێستا.