ئینفۆگرافیك... رێككەوتنی شنگال جێبەجێ نەكراوە

7 گرووپی چەكدار لە شنگال جێگیر كراون
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر

لە 9ی مانگی ئۆكتۆبەری 2020 رێككەوتنی ئاسایی كردنەوەی دۆخی شنگال لەنێوان حكومەتی ھەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق واژۆ كرا، بەڵام دوای زیاتر لە چوار مانگ تائێستا ھیچ لە خاڵەكانی ئەو رێككەوتنە جێبەجێ نەكراون.

یەكێك لە خاڵە سەرەكییەكانی رێككەوتنەكە كشانەوەی گرووپە میلیشیاكانە لە شنگال، بەڵام لەبری پاككردنەوەی شنگال لەو گرووپانە، بەپێچەوانەوە ھێزەكانیان زیاتر كردووە.

 بەگوێرەی زانیارییەكان لە ماوەی 10 رۆژدا سێ لیوای حەشدی شەعبی ھێنراونەتە سنووری شنگال كە ژمارەی چەكدارەكانیان 15 ھەزار چەكدارە، یەكێك لە لیواكانی حەشد لەگەڵ ھێزەكانی یەپەشەی سەر بە پەكەكە لەسەر چیای شنگال جێگیر كراون. ھەردوو لیواكانی دیكە یەكێكیان لە رۆژھەڵات و ئەوی دیكەیان لە رۆژئاوای شنگال جێگیر كراون.

ھەربەپێی زانیارییەكان ئێستا 7 گرووپی چەكدار لە شنگال ھەن، كە ژمارەیان 20 ھەزار چەكدارە و شنگال بووەتە سەربازگە و خەڵكەكەشی ئاوارە بوونە و لە ناوچەكانی دیكە نیشتەجێبوونە.