هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق دەخرێنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە

كاتی چالاكییەكان دیار دەكەن
ھێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق - ئەرشیف
ھێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق - ئەرشیف

K24 – ھەولێر

كەناڵێكی ئەمەریكی ئاشكرای دەكات، هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق دەخرێنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

بەگوێرەی هەواڵێکی کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمەریکی "هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق دەخرێنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە. بە تایبەت لە بنکەی ئاسمانی بەلەد، لە باکووری بەغدا، تەنیا لە کاتژمێر 6:30 ئێوارە بۆ 5ی بەیانی چالاکی پێویست ئەنجام دەدەن".

ئەمەش وەک هەنگاوێکی خۆپارێزییە، لە بەرامبەر ئەگەری ئەنجامدانی هەر هێرشێک لەلایەن میلیشیاکانەوە، بەتایبەت دوای بۆردوومانە ئاسمانییەکەی ئەمەریکا، بۆ سەر هەردوو گرووپی کەتائیب حزبوڵڵا و سەیدولشوهەدا، لە ناوچەیەکی سنووری سووریا-عێراق، کە کوژرانی 22 چەکداری لێکەوتەوە.

ئەو گورزەی ئەمەریكا لە گرووپە چەكدارەكان بە یەكەمین گورزی ئیدارەی جۆو بایدن ھەژمار دەكرێت، بەگوێرەی بۆچوونی شارەزاییان ھێرشێكی چاوەڕوان نەكراو بوو.