داهاتی باج لە عێراق گەیشتووەتە نزیكەی 4 ترلیۆن دینار

بەراورد بە ساڵی 2019 زیادیكردووە
دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 - ھەولێر

دەستەی گشتی باجی عێراق قەبارەی داهاتی بۆ تەواوی ساڵی 2020 بڵاوکردەوە و ئاشكرای كرد، گەیشتووەتە 3 ترلیۆن و 800 ملیار دینار و بەراورد بە ساڵی 2019 بە رێژەی 23% زیادیکردووە.

دەستەی گشتی باج لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای دەکات، سەرەڕای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و داخرانی گشتی کە کاریگەری لەسەر بازرگانی و بازاڕ هەبوو، نرخی نەوتی داڕماند، بەڵام توانیویانە داهاتێکی پێوانەیی لە ساڵی 2020 کۆبکەنەوە.

لە هەمانکاتدا پێشبینی دەکات، داهاتەکانیان زیاتر بێت دوای ئەوەی پێشنیازەکان بۆ زیادکردنی داهات پەسەندکراوە.

شاکر مەحمود، بەڕێوەبەری  دەستەی گشتی دەستەی باجەکان رایگەیاند، دوای بەرزبوونەوەی داهاتی باج، دەستەکەیان چەندین بژاردەی داڕشتووە و لەنێو پەڕاوی چاکسازی حکومەت جێگەیان کراوەتەوە، لەوانەش سەپاندنی باجی زیاتر لەسەر کاڵاکانی وەک توتن و خواردنەوە کحولییەکان و ئۆتۆمبێلی هاوردەکراو و چەندین کاڵای دیکە.