دادگا بڕیاریدا.. پیاوێکی چینی ناچارکرا هەزاران دۆلار بداتە هاوسەری پێشووی بەهۆی کاری ماڵەوە

تەڵاقدان لە چین بەمشێوەیە دەبێت؛ ئەو کەسەی کاری ماڵەوە دەکات، دەتوانێت داوای قەرەبوو بکات
بەپێی یاسایەکی نوێ لە چین، لەمەودوا ئەو هاوسەرەی کاری ماڵەوە دەکات، دەتوانێت داوای قەرەبوو بکات
بەپێی یاسایەکی نوێ لە چین، لەمەودوا ئەو هاوسەرەی کاری ماڵەوە دەکات، دەتوانێت داوای قەرەبوو بکات

K24 - هەولێر

دادگایەکی تایبەت بە تەڵاقدان لە چین، فەرمانی بە پیاوێک کرد بڕی حەوت هەزار و 700 دۆلار بداتە هاوسەری پێشووی، بەهۆی ئەوەی ژنەکە لەماوەی پێنج ساڵی هاوسەریدا لەگەڵ ئەو پیاوە، کاری ماڵەوەی کردووە.

ئەو بڕیارەی دادگا لەکاتێکدایە، لە وڵاتی چین یاسای نوێ سەبارەت بە هاوسەرگیری دەرچووە. بڕیاردانیش لەبارەی پێبژاردن بە هاوسەری ئەو ژنە، مشتومڕێکی زۆری لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ویبۆ دروست کردووە، کە پلاتفۆڕمێکی هاوشێوەیە تویتەرە لە چین.

بەپێی داتاکانی دادگاکە، ژنەکە ناوی وانگ-ە و هاوسەرەکەی ناوی چێن-ە، هەردووکیان ساڵی 2010 یەکتریان ناسیوە، لە ساڵی 2015 هاوسەرگیرییان کردووە و لە 2018ـەشەوە بەجیا ژیاون، وانگ و چێن خاوەنی کوڕێکن کە لەگەڵ دایکی دەژی.

چێن، لە ساڵی 2020 داوای تەڵاقی کردووە لە دادگایەکی بیجین، ژنەکە نەیویستووە جیاببێتەوە، بەڵام دواتر داوای کردووە موڵک و ماڵ و ئەو پارەی هەیانبووە بەشی بکەن، چونکە گوتوویەتی لە کاری ماڵەوە و بەخێوکردنی کوڕەکەیان، چێن هاوکاری نەبووە، جگە لەوانەش چێنی تۆمەتبار کرد بەوەی ناپاکیی لەگەڵ کردووە.

لەگەڵ تەڵاقەکە، دادگا کوڕەکەی دا بە دایکی، هەروەها بڕیاری دا: هەموو مانگێک چێن بڕی 300 دۆلار بدات وەک خەرجیی بەخێوکردنی کوڕەکەی، جگە لەوەی بڕی حەوت هەزار و 700 دۆلاریشی پێبدات لەبەرامبەر ئەو کارانەی ئەو ژنە لەماوەی پێنج ساڵی هاوسەرگیرییاندا لە ماڵەوە کردوویەتی.

ژۆنگ وێن، پارێزەری تایبەت بە کەیسی تەڵاق لە هەرێمی سیچوانی چین، دەڵێ ئەو بڕیارەی دادگا بەپێی یاسایەکی نوێیە لە چین، کە لە 1ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە چووەتە بواری جێبەجێکردن.

بەگوتەی ئەو پارێزەرە، "بەندێک لەنێو یاساکەدا هەیە، کە دەڵێ ئەو لایەنەی کاری زیاتر دەکات بۆ بەخێوکردنی منداڵەکان و ئاگاداربوونی بەتەمەنەکان هەروەها یارمەتیی هاوسەرەکەی، دەتوانێت داوای قەرەبووکردنەوە بکات لەکاتی تەڵاقداندا، هەردوولا پێش تەڵاقەکە دەبێت لەسەر نرخێک رێکبکەون، ئەگەر نا، دادگا بڕیار دەدات".

ژۆنگ پێی وایە ئەو یاسایە سوودی کۆمەڵایەتی و یاسایی هەیە و دانپێدانانە بە گرنگیی کاری ماڵەوە چونکە "ئەوانەی ماڵ بەڕێوەدەبەن، لە هاوسەرگیریدا کارەکەیان بە کەم سەیر دەکرێت، لەکاتێکدا بەو هۆیەوە رەنگە توانای کارکردنیان لەدەرەوەش کەمببێتەوە".

 

هـ.ر.