عێراق بەرهەمهێنانی نەوت بۆ هەشت ملیۆن بەرمیلی رۆژانە بەرز ناکاتەوە

وەزیری نەوتی عێراق: لەو کێڵگانەی تێچووی بەرهەمهێنانی کەمە کاردەکەین
دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 - ھەولێر

وەزیری نەوتی عێراق ئاشکرای كرد، ئێستا پلانیان نییە ئاستی بەرهەمهێنان بۆ هەشت ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرزبکەنەوە، روونیشی دەکاتەوە، عێراق بەو ئاراستەیە کاردەکات وەبەرهێنان لەو کێڵگانەدا بكات، كه‌ تێچووی کارکردنیان بەرزە.

ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، عێراق کاردەکەن بۆ ئەوەی چاکسازی لە بەشێک لە گرێبەستی کۆمپانیا نەوتییە جیهانییەکان بکەن.

روونیشیكردەوە، بەهانەی ئەو بڕیارەش تەنیا نرخی نەوت نییە، بەڵکو کار بۆ هەمەچەشن کردنی سەرچاوەکان دەکات، بە تایبەت عێراق خاوەنی چه‌ندین رووبەری فراوانی کێڵگەی نەوتییە، کە تێچووی بەرهەمهێنان و جۆری نەوتەکانیان جیاوازە. لە هەمان کاتدا گۆڕانکاری خێرایە بۆ وزەی جێگرەوە و رۆشنبیری جیهان دوای ڤایرۆسی کۆرۆنا کە گوشاریان خستە سەر عێراق، بۆ ئەوەی جارێكی دیکە چاو بە سیاسەتی نەوتییەکەیدا بخشێنێتەوە.

وەزیری نەوتی عێراق راشیگەیاند، لە ماوەکانی رابردوودا کار بۆ ئەوە دەکرا ئاستی بەرهەمهێنان لەسەرجەم کێڵگەکان بەرزبکرێتەوە، وابیر دەکرایەوە کە هەمان داهاتی ئابووریان هەیە، بەڵام ئەوە سەلماندی، کە لە بڕیاردان وردبینی نەبووە، چونکە لە هەندێک کێڵگە تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت تەنیا پێنج دۆلارە، بەڵام لە هەندێک کێڵگەی دیکە ئەو بڕە لە سەرووی 20 تاوەکو 25 دۆلارە.

عەبدولجەبار ئاماژەی بەوەشدا، عێراق بە ئاراستەی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان بۆ 8 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە کاری دەکرد و بە گوێرەی گرێبەستەکانیش ئاستی بەرهەمهێنان بۆ 12 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرزدەبێتەوە، کە جیاوازی نێوانیان 4 ملیۆن بەرمیلە، بۆیە دەیانەوێت ئەو ئامانجە کەمبکەنەوە ئەویش لە رێگەی کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان لە بیرە گەورەکان و راگرتنی وەبەرهێنان لەو کێڵگە بچووکانەی کە تێچووی بەرهەمهێنان تێیاندا بەرزە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو بڕیارە ئاسان نییە و پێویستی بە چەندین مانگ توێژینەوە و بڕیاری ناوەندی هەیە، کە دەرهاویشتە ئەرێنییەکانی لەسەر داهاتووێکی درێژ دەبێت.