بە گوێرەی داهاتی مانگانە باج لە کۆمپانیاکانی نەوت وەردەگیرێت
K24 - ههولێر:
لە چوارچێوەی ھەنگاوەكانی حكومەت بۆ چاكسازی، بەڕێوبەرایەتی گشتی باج سەرقاڵی رێکخستنەوەی باجی کۆمپانیاکانی نەوتە و قۆناغێکی باشیان لە رێکخستەوەی کاری ئەو کۆمپانیایانە بڕیوە.
بەڕێوبەری گشتی باجیش روونیكردهوه، لە رابردوودا بەشێک لە کۆمپانیاکان خۆیان لە باج دەدزیەوە، بەڵام ئێستا ھەر کۆمپانیاییەک باج نەدات، مۆڵەتی کارکردنی بۆ تازە ناکرێتەوە.
لە چوارچێوەی ههوڵهكانى حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ رێکخستنەوەی سیستەمی باج، سهرقاڵی رێکخستنەوەی باجی کۆمپانیاکانی نەوتە کە ئێستا دەستی پێکردووە و بەپێی داھاتی مانگانەیان باجیان لێوەر دەگيرێت.
کەمال وەرتی، بەڕێوبەری گشتی باج و خانوبەرەی میری لە وەزارەتی دارایی نایشارێتەوە، کە بەشێک لە کۆمپانیاکان خۆیان لە باج دەدزنەوە، بەڵام ھەر کۆمپانیایەک پێچەوانەی بڕیارەکانی حکومەت باج نەدات؛ ئەوا مۆڵەتی کارکردنی بۆ نوێ ناکرێتەوە.
کۆمپانیاکانی نەوت ساڵانێکی زۆرە لە ھەرێمی کوردستان کار دەکەن، بە بێ ئەوەی باج بە حکومەت بدەن، یان رێژەیەکی کەم باجیان دەدا، لە کاتێکدا پێشتر ساڵانە باجیان دەدا، ئێستاش بەپێی سیستەمی نوێى باج پێویستە مانگانە بەپێی داھاتیان باج بە حکومەت بدەن.
محهمهد ئیلخانی، بڕیاردەری لیژنەی دارايی پەرلەمانی کوردستان گوتی: "حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەنگاوێکی گرنگی ناوە، پێشتر ھیچ بنەمایەکی کۆکردنەوەی داھاتمان نەبوو، بهڵام ئێستا مانگانە داھاتی باج نزیک دەبێتەوە لە (100) ملیۆن دۆلار".
بەپێی ئەو تۆمارەى لە بەڕێوبەرایەتی باج و خانووبەرەی میری ھەیە، تا ئێستا (400) کۆمپانیای نەوت ناویان لەو بەڕێوبەرایەتییە تۆمار کراوە، بەشێکیان کار دەکەن و بەشێکیشیان لە کارکردن وەستاون، ئێستا بەڕێوبەراییەتییەکە دەستی کردووە بە ڕێکخستەوەی ئەو کۆمپایایانە لە چوارچێوەی بڕیارەکانی حکومەتدا .
لەماوەی رابردوودا حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ رێکخستەوەی باج و زیادکردنی سەرچاوەکانی داھات، (13) بڕیاری گرنگی دەرکرد، کە گرنگترینیان رێکخستنەوەی کۆمپانیاکان بوو، بەشێوەیهکی گشتی و پێداچوونەوە بە سیستەمی باجی کۆمپانیاکانی نەوت و بازرگانی و خانوبەرە و کۆمپانیاکانی خاڵە سنورییەکان، کە ئێستا بەشێک لە کارەکان بەردەوامە.
د.ی