ئەنجومەنی وەزیران له رێگهی پارەی پەرەپێدانی پارێزگاكان گهشهی ئابووری زیاد دهكات

K24- ههولێر:
ھەفتەی رابردوو حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە گوژمەی (349) ملیار و (702) ملیۆن دینار بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانی بۆ ساڵی (2021) پەسەند کرد، کە لەو بڕە (114) ملیار و (350) ملیۆن دینار بۆ پارێزگای سلێمانی تەرخان کراوە، پارێزگار و ئەندامانی ئەنجومەن و مامۆستایانی زانکۆی سلێمانی بڕیارەکە بۆ گەشەپێدانی ژێرخانی ئابووری و زۆر كهرتی دیکەی سلێمانی بە گرنگ دەزانن.
لە گەرمەی ئەو قەیرانە ئابوورییەی، کە کابینەی نۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی گرتووهتەوە، خەمخۆرانە کابینەی نۆ بە مەبەستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر بە ھاووڵاتیان، بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانی پەسەند کرد، ئەو بڕەی تەرخانکراوە بۆ پارێزگاکان (349) ملیار و (702) ملیۆن دینارە، کە زیاتر لە (100) ملیاری بۆ پارێزگای سلێمانییە، ھەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی زانیاری وردی خستهڕوو و ئاماژهی بهوه كرد، ئەو بڕە پارەیەی تەرخان کراوە بۆ تەواوکردنی ئەو پڕۆژانەیە، کە لە ساڵی (2014) بەرەو خوار کراون و کارەکانیان کۆتایی نەھاتووە.
ئەو پڕۆژانەی کە بەو بڕە پارەیە جێبەجێدەکرێن، بۆ بوارەکانی شارەوانی و پەروەردە و ڕێگەوبان و کارەبا و تەندروستی و چەند كهرتێكی دیکەیە، زیاد ڕەزا، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاشکرای كرد، بودجەکە بە چاودێری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و بەھەماھەنگی پارێزگار خەرج دەکرێت.
تەرخان کردنی ئەو بڕە پارەیە لە بارودۆخی ئێستا وەکو کۆڵەکەیەکی گرنگ تەماشادەکرێت بۆ بنیاتنانی ژێرخانێکی ئابووری پتەو بۆ پارێزگای سلێمانی، بە رای "د. کامەران قادر"، پسپۆڕی ئابووری و مامۆستای زانکۆ، ئەو پڕۆژانەی کە جێبەجێدەکرێن دەتوانێت رێژەی بێکاری لە ناو گەنجان بە رێژەیەک کەم بکاتەوە.
ئەو كهرت و بوارانەی لەم راپۆرتانەدا بۆ ساڵی (2021) پەسەندکراون، دەتوانن بەشی زۆری داخوازی و پێداویستییە زۆر پێویستەکانی دامەزراوە دەوڵەتییەکان دابین بکەن، بۆ ئەوەی بتوانن خزمەتی زیاتری ھاووڵاتیان بکەن.
د.ی