منداڵێكی (4) ساڵه له‌به‌رده‌رگای ماڵه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته ژێر ئۆتۆمبێلێكه‌وه
K24 - هه‌ولێر:
منداڵێكی (4) ساڵه به‌ناوی "ره‌وه‌ز رێباز"، له‌گه‌ڕه‌كی مامۆستایانی شاری هه‌ولێر، له‌به‌رده‌رگای ماڵه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته ژێر ئۆتۆمبێل، كه‌سوكاری منداڵه‌كه رایانگه‌یاند، ته‌نیا قاچێكی شكاوه و ئێستا له ماڵه‌وه‌یه.
ئه‌رشه‌د خورشید، خاڵی منداڵه‌كه بۆ كوردستان24 گوتی: "ره‌وه‌ز" له‌به‌ر ده‌رگای ماڵی خۆیان ده‌یویست به راكردن بێته ماڵی داپیری، كه به‌رامبه‌ر ماڵی خۆیانه، ده‌كه‌وێته ژێر ئۆتۆمبێلێك و قاچێكی ده‌شكێت".
گوتیشی: "ژنه شوفێره‌كه، كه له منداڵه‌كه ده‌دات، تووشی سه‌رلێشێوان ده‌بێت و له‌جیاتی وه‌ستان، به‌سه‌ری ده‌كه‌وێت، كه بووه هۆی شكانی قاچێكی و كه‌مێكیش سه‌ری ئازاری پێگه‌یشتووه".
رووداوه‌كه دوێنێ شه‌ممه (27ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2021) روویداوه، له‌كاتی رووداوه‌كه كه‌سوكاری منداڵه به‌په‌له منداڵه‌كه‌یان له ژێر ئۆتۆمبێل ده‌هێننه ده‌ره‌وه، له‌و كاته‌دا منداڵێكی دیكه تووشی تاسان بووه و كاره‌ساته‌كه شۆكی كردووه، له هه‌ژمه‌تان به شێوه‌یه‌كی سه‌یر هه‌ڵده‌په‌ڕێت.
له گرته ڤیدیۆییه‌كه، كه له كامیرای چاودێری وه‌رگیراوه، ده‌ركه‌وتووه، هه‌رچه‌نده شوفێره‌كه خێرا لێناخوڕێت، به‌ڵام له‌وكاته‌ی له منداڵه‌كه ده‌دات، ناوه‌ستێت و چه‌ند مه‌ترێك منداڵه له‌گه‌ڵ خۆی ده‌بات، به قسه‌ی خاڵی منداڵه‌كه، ره‌نگه شوفێره‌كه تاسابێت، بۆیه ستۆپی نه‌كردبێت.
د.ی