سبەی ڤاكسینی كۆرۆنا دەگاتە ھەرێمی كوردستان
K24 – ھەولێر
وەزیری تەندروستی حكومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، سبەی شەو 5 ھەزار ڤاكسینی كۆرۆنا لە چینەوە دەگاتە ھەرێمی كوردستان.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی ئاشكرای كرد، سبەی دووشەممە كاروانی یەكەمی ڤاكسینی ( سینۆفارم)ی چینی دەگاتە ھەرێمی كوردستان و عێراق، كە بڕی ھەرێمی كوردستان لەو كاروانە 5 ھەزار ڤاكسینە.
گوتیشی: "لەگەڵ گەیشتنی ڤاكسینەكە پێویستی بە ھەندێك پشكنین ھەیە و دواتر بڕیار لە كاتی بەكارھێنانی دەدرێت".
وەزیری تەندروستی روونیكردەوە: "بەشێك لەو ڤاكسینانە لەسەر داوای كونسوڵی چین بۆ ئەو ھاووڵاتییە چینیانە بەكاردەھێنرێت كە لە ھەرێمی كوردستانن، نزیكەی چوار ھەزار دانەشی بۆ كارمەندانی تەندروستی بەكاردەھێندرێت و بەسەر بەڕێوەبەرایەتییە تەندروستییەكان دابەش دەكرێت، كە بۆ ھەر كەسێك دوو ژەم بەكاردەھێندرێت، واتە بەشی نزیكەی 2 ھەزار كەس دەكات".
راشیگەیاند: "ئێستا پڕكردنەوەی فۆڕم و ناونووسین لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی تەندروستی دەستیپێكردووە، بۆ ئەو كەسانەی لە قۆناغی یەكەم ڤاكسین بەكاردەھێنن".
د. سامان بەرزنجی، ئاماژەی بەوەشكرد: "پێشبینی دەكرێت سەرەتای مانگی داھاتوو كاروانێكی دیكەی ڤاكسین بگاتە ھەرێمی كوردستان و عێراق، جگە لەوەش حكومەتی ھەرێمی كوردستان و عێراق لە ھەوڵدان، بۆ ئەوەی ھەرچی زووە ڤاكسینی پێویست بگەیەندرێتە ھەرێمی كوردستان و عێراق".
جەختیشیكردەوە: "دەبێ ھاووڵاتییان دڵنیابن، بە جێگرەوەی ڤاكسین ئێستا تەنھا بەستنی ماسك و خۆپارێزییە".
سەبارەت بە تۆماركردنی حاڵەتەكانی كۆرۆنای گۆڕاو لە ھەرێمی كوردستان، وەزیری تەندروستی گوتی: "زۆربەی حاڵەتەكانی كۆرۆنا كە ئێستا تۆمار دەكرێن، كۆرۆنای گۆڕاون، دوێنێش لە دھۆك پشكنین كراوە ژمارەیەكی زۆری دیكەی تووشبووی كۆرۆنای گۆڕاو لەو پارێزگایە تۆمار كراون".