کارتی بانکی بۆ مووچەخۆران دەکەوێتە کار
K24 - ھەولێر
لە مانگی داھاتوو كارتی بانكی لە ھەرێمی كوردستان دەكەوێتە كار، ئەمەش دەبێتە ئاسانكاری بۆ فەرمانبەر و ھاووڵاتییان و حكومەت.
لە 15/3/2021 سیستمی بە ئەلیكترۆنی كردنی كارتی بانكی، بۆ موچەخۆران و ھاووڵاتییان دەكەوێتەكار، ھاووڵاتییان ئەو سیستمە بە گونجاو دەزانن و لەو بڕوایەدان كار ئاسانی دەكات، بەڵام متمانەیان بە بانكەكان نییە. شارەزایەكی ئابووریش ئەو سیستمە بە قازانجی ھاووڵاتییان و حكومەت دەزانێت، بەڕێوبەری كارگێڕی بانكێكی ناوخۆیش دەڵێ "گەرەنتی تەواو بە مووچەخۆر و ھاووڵاتی دەدەین و متمانە دەگەڕێنینەوە".
پارەی زۆر و نەبوونی شوێنی متمانەپێكراو ھەموو كات كێشەی بۆ بازرگانان و ھاووڵاتیانیش دروست كردووە. بە دانانی سیستمی بانكی و دروستكردنی كارتی تایبەت، رەنگە بەشێك لە كێشەكانی وەك ونبوون و زۆرجار دزینی پارەش كەم بێتەوە.
ھێرش گەردی، بەڕێوبەری كارگێڕی بانك، بە كوردستان24ی گوت: "گەرەنتی بە خەڵك دەدەین، ئەو سیستمە متمانە لەنێوان ھەردوولا دەگەڕێنێتەوە، چونكە سیستمێكی پێشكەوتووە".
ھەر سەبارەت بە سیستمی بانكی د. سەڵاحەدین ئەحمەد، راوێژكاريكى پەرلەمان و شارەزا لە بواری سیاسەتی ئابووری رایگەیاند: "ئەگەر ئەو سیستمە ھەبێت، ھاووڵاتی پارە ھەڵناگرێت و لە ھەر شوێنێك بێت دەتوانێت بە كارتەكەی پارەكەی رادەكێشێ، ھەروەھا ئەو پارەیە بۆ دەوڵەت بەكاردەھێنرێت و سوودی دەبێت بۆ گەشەپێدانی دارایی و ئابووری، لە ھەمانكاتدا متمانە بۆ خەڵك دەگەڕێتەوە".